(بە خۆڕاگری و هاوبەشی ژنان قەیران و تیرۆر دەبەزێنین و بەرەو یەكسانی هەردوو ڕەگەز هەنگاومان بەردەوام دەبێت)
لە هەشتی ئاداردا، رۆژی جیهانی ئافرەتان سڵاو و پێزانین ئاراستەی دایك و خوشك و هاوسەر و كچانی سەربەرزی شەهیدان دەكەین.
سڵاو و حورمەت ئاراستەی پێشمەرگە ئافرەتەكان و خانەوادە خۆڕاگرەكانی پێشمەرگە قارەمانەكان و پۆلیس و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ دەكەین دەستی ماندووبوونی ئافرەتە كارمەندەكانی پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆ دەگوشین.
هاوكاری و پاڵپشتی بۆ ژنان و كچانی سەربەرزی ئێزیدی و كریستیان و توركمان و شەبەك و كاكەیی و گشت پێكهاتەكان و سەرجەم ئەو خانمانەی بوونە قوربانی تاوان و دەستدرێژییە دڕندانەكانی داعش و تیرۆر و توندڕەوی دووپات دەكەینەوە.
بەدەنگی بەرز بەهەموو جیهانی رادەگەیەنین ئێوە هێمای كەڕامەت و بەرخودان و خۆڕاگرین.
بە كچان و ژنانی ئاوارەو پەنابەر لە كوردستان دەڵێین ئێوە بەتەنها نین، نان و ئارامیتان لەگەڵدا بەش دەكەین.
سڵاو لەسەرجەم ژنان و كچانی خۆڕاگری كوردستان بە كارمەند و مامۆستا و گشت ئەوانەی لە دەرەوەی ماڵ كاردەكەن و گشت كابانەكانی ماڵ، كە هەمیشە هاوبەش بوون لەگەڵ پیاوان لە خەبات و تێكۆشان، چەندجارە بەشیش بوون لە قوربانی و نەهامەتییەكاندا.
جارێكی دی لە سەروبەندی یۆبیلی زیوینی راپەڕینی گەلەكەماندا دەیڵێینەوە كە لێهاتوویی و كارامەیی و خۆڕاگری ئافرەتانی كوردستان بە درێژایی مێژوو فاكتەری كاریگەر بوون لە بەرەوپێشچوونی رەوتی گەلەكەماندا.
سڵاو لە ئافرەتانی عێراق و هەموو جیهان سڵاو لە مرۆڤدۆستان و خەباتكاران لە پێناوی بەدەستهێنانی یەكسانی ژن و پیاو و دادپەروەریی كۆمەڵایەتیدا.
ئەمساڵ لە كاتێكدا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرقاڵی پلان داڕشتنە بۆ جێبەجێكردنی ئامانجەكانی پەرەسەندن 2015 -2030 ئێمەش لە هەرێمی كوردستان سەرەڕای گشت سەختی و ئاستەنگ و قەیرانەكان بەشدارین لەو پرۆسەیەدا.
ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان بە شەراكەت لەگەڵ هاوبەشەكانی لە دامەزراوەكانی دیكەی حكومەت و پەرلەمان و گشت لایەنە پەیوەندیدارەكان، سەرقاڵی داڕشتنی پلان و پرۆژەی گونجاوە بۆ جێبەجێكردنی بەتایبەتی ئامانجی پێنجەمی كە بریتییە لە "وەدیهێنانی یەكسانی نێوان هەردوو رەگەز و تواناسازی كچان و ئافرەتان".
دووبارە سڵاو لە گشت ئافرەتانی خۆڕاگری كوردستان و گشت جیهان .. پێكەوە ژن و پیاو پەیمان نوێ دەكەینەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و قەیرانەكان و هەنگاوی ئازایانە دەنێین بۆ وەدیهێنانی ئاشتی و ئارامی و هێنانەدی یەكسانی لە نێوان هەردوو رەگەزدا.
ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان