حکومەتی هەرێمی كوردستان
WED, 24 APR 2024 21:28 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

هۆڵەندا پەیامی پشتگیری و هاوكاریكردن دەداتە هەرێمی كوردستان

TUE, 9 AUG 2016 23:52 | KRG Cabinet

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 9-8-2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە بەڕێز مارك رۆتە سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا و شاندێكی دیپلۆماسی و سەربازیی یاوەری كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا كە پەیامی سەرەكیی هۆڵەندا پشتگیریكردنی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا و سوپاس و پێزانینی خۆی و وڵاتەكەیشی بۆ سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە بەرامبەر تیرۆردا نیشان دا و پەرەپێدانی مەشق و ڕاهێنان و دابینكردنی پێداویستی بۆ پێشمەرگە، دووپات كردەوە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێزیان هەوڵەكانی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لە بواری پێشوازیكردن و دابینكرنی شوێنی حەوانەوە و خزمەتگوزاریی پێویست بۆ ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر بەرز نرخاند، جەختی لەوەش كردەوە كە لەگەڵ وڵاتانی دیكەی ئەورووپا هەوڵ دەدەن لە لایەنی مرۆییەوە هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن. هیواشی خواست كە پەیوەندییەكانی نێوان هۆڵەندا و هەرێمی كوردستان زیاتر پەرەی پێبدرێت و هەموو بوارەكان بگرێتەوە بەتایبەتی بواری تەكنیكی كشتوكاڵی و لەمبارەیەشەوە كونسوڵخانەی هۆڵەندا لە هەولێر دەتوانێت ڕۆڵی خۆی ببینیێت.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و پشتگیری و هاوكارییە مرۆیی و سەربازییەكانی هۆڵەندای بۆ هەرێمی كوردستان كرد و ئاماژەی بەو گرفتانە دا كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە لەوانە شەڕی داعش و هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر و قەیرانی دارایی و ئاشكرای كرد كە لەمبارەیەوە وڵاتانی دۆست دەتوانن هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو گیروگرفتانە.

لە بەشێكی دیكەی قەسەكانیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ لە دەستی تیرۆرستانی داعش و بەشداری هێزی پێشمەرگە لەو ئۆپەراسیۆنەدا كرد و ئاماژەی بەوە دا كە چاوەڕوان دەكرێت بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنەوە ژمارەیەكی زۆرتری ئاوارە ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن و هاوكارییكردنیان لە تواناكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەدەرە، بۆیە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی وڵاتانی دۆست هاوكارییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان زیاتر بكەن. ئامادەییی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی بۆ زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان لەگەڵ هۆڵەندا لە هەموو بوارەكاندا دەربڕی بەتایبەتی لە بواری كشتوكاڵیدا.

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداش، چەندین بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕ كران و لەمبارەیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئامادەییی هەرێمی كوردستانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ نیشان دا.

تاوتوێكردنی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

دوای كۆبوونەوەكەش بەڕێز مارك تۆنە سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا و شاندی یاوەری لەلایەن بەرێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، بەڕێخران.