حکومەتی هەرێمی كوردستان
FRI, 19 APR 2024 08:25 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق هەوڵی تۆكمەكردنی زیاتری پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەدات

WED, 17 AUG 2016 18:35 | KRG Cabinet

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 17-8-2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز فرانز جۆزێف كریمپ باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا بەڕێز كریمپ خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان و دەستبەكاربوونی وەك باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق كە ماوەی دوو هەفتەیە دەستی بەكار كردووە، دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا كە هەرێمی كوردستان خاوەن ژینگەیەكی ئارامە و لەمبارەیەشەوە دەستخۆشی لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە كرد كە توانیویانە ئارامیی هەرێمی كوردستان بپارێزن و ڕووبەرووی تیرۆر ببنە و هەموو پیلانەكانیان تێكبشكێنن و پێشوازی لە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر بكەن و جێگەی حەوانەوە و خزمەتگوزاریی پێویستیان بۆ دابین بكەن.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی ئەڵمانیا لەسەر هاوكارییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان لە ڕووی سەربازی و مرۆییەوە بەردەوام دەبێت و ئامادەییی خۆیشی دەربڕی بۆ زیاتر بەرەوپێشەوەبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییە دێرین و دۆستایەتییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا و لە سەردانەكانی داهاتووشیدا هەوڵ دەدات لە هەموو بوارەكاندا پەیوەندییە دووقۆڵییەكان تۆكمەتر بكرێن.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ بەڕێز كریمپ خواست لە ئەركە نوێكەیدا و پاڵپشتی و پشتیوانیی حكوومەتی هەرێمیشی بۆ سەرخستنی كارەكانی دەربڕی. هەروەك سوپاسی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی هاوپەیمان بەتایبەتی ئەڵمانیا كرد كە لە ساتە سەختەكاندا هاوكار و پاڵپشتی هەرێمی كوردستان بوون و هاوكاریی سەربازی و مرۆییان پێشكەش بە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە و هیوای بەردەوامیی هاوكارییەكانی خواست.

بەڕێزیان باسی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و ئۆپەراسیۆنی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ لە دەستی تیرۆرستانی داعش و لێكەوتەكانی و باری ئابووریی ناوچەكە بەگشتی كرد و لەمبارەیەشەوە هەردوولا بیروبۆچوونیان ئاڵوگۆڕ كرد و هاوڕا بوون كە پێویستە چارەسەرێكی بەپەلە بۆ گشت كێشەكان بدۆزرێتەوە.