حکومەتی هەرێمی كوردستان
THU, 25 APR 2024 00:57 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

سەرۆك وەزیران پێشوازی لە باڵیۆزی كوێت لە عێراق دەكات

THU, 18 AUG 2016 17:54 | KRG Cabinet

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-8-2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز غەسان زەواوی، باڵیۆزی كوێت لە عێراق و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا بەڕێز باڵیۆزی كوێت مەبەستی سەردانی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان خستە ڕوو كە بۆ ماڵئاواییكردن و كۆتاییهاتنی كارەكەی وەك باڵیۆزی كوێت لە عێراق سەردانی هەرێمی كردووە و سوپاسی پاڵپشتی و پشتگیرییەكانی بەڕێز سەرۆك وەزیران و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد لە سەرخستنی كارەكانی باڵیۆزخانە و كونسوڵخانەی كوێت لە عێراق و هەرێمی كوردستان.

بەڕێزیان تۆكمەكردنی زیاتری پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كوێتی دووپات كردەوە و ئاماژەی بەوە دا كە كونسوڵخانەی وڵاتەكەیان لە هەولێر دەتوانێت لەم بوارەدا لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان ڕۆڵی خۆی ببینێت.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و هیوای سەركەوتنی لە پۆستی نوێدا بۆ خواست و داوای كرد لە هەوڵەكانی بۆ زیاتر تۆكمەكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كوێت لە هەموو بوارەكاندا بەردەوام بێت و لەمبارەیەشەوە ئامادەییی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ هەر ئاسانكارییەك نیشان دا.

تاوتوێكردنی ڕەوشی ناوچەكە و كوردستان و عێراق و شەڕی دژی تیرۆر و چەندا بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.