حکومەتی هەرێمی كوردستان
TUE, 23 APR 2024 17:36 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

هەرێمی كوردستان و هیندستان پەیوەندییەكانیان تۆكمەتر دەكەن

WED, 21 SEP 2016 16:37 | KRG Cabinet

نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 21-9-2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە بەڕێز دیپاك میگلانی، كونسوڵی گشتیی نوێی هیندستان لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا بەڕێز میگلانی خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی كە ماوەی مانگێكە لە هەرێمی كوردستان وەك كونسوڵی هیندستان دەستبەكار بووە و لەو ماوەیەشدا لەلایەن خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە پێشوازییەكی باشی لێ كراوە و هەموو ئاسانكارییەك بۆ كار و ئەركەكانی پێشكەش كراوە، لەمبارەیەشەوە سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد.

ئامادەییی وڵاتەكەیشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا و هاوكارییكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری بەڕێوەبردن و كردنەوەی خولی ڕاهێناندا بۆ كادیرانی حكوومەت نیشان دا، هەروەها باسی لە نەبەردی و چاونەترسیی پێشمەرگە كرد لە شەڕی دژی تیرۆر و پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیانی سڤیل بێ جیاوازیی ئاینی و نەتەوەیی و پێكەوەژیانی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستانیشی بەرز نرخاند.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و هیوای سەركەوتنی كار و ئەركەكانی بۆ كونسوڵی گشتیی هیندستان لە هەولێر خواست و هاوكاری و پاڵپشتیی حكوومەتی هەرێمی بۆ دووپات كردەوە، جەختی لەوەش كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت سوود لە ئەزموونی بەڕێوەبردنی هیندستان وەرگرێت لە ڕێگەی كردنەوەی خولی ڕاهێنان بۆ كادیر و كارمەندانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لەمبارەیەشەوە سوپاسی هیندستانی كرد كە ئامادەیی دەربڕیوە بۆ كردنەوەی ئەو خولانە.

هەروەها هیوای خواست كونسوڵخانەی هیندستان ڕۆڵێكی بەرچاو بۆ تۆكمەكردنی زیاتری پەیوەندییەكان لە هەموو بوارەكاندا بەتایبەتی هاندانی سەرمایەگوزارانی هیندی كە لە هەرێمی كوردستان سەرمایەگوزاری بكەن، بگێڕێت و دووپاتی كردەوە هەرێمی كوردستان خوازیاری ئەوەیە باشترین پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی جیهان و وڵاتانی دراوسێدا هەبێت بە شێوەیەك كە لە بەرژەوەندیی هەموولایەكدا بێت.

تاوتوێكردنی دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە و شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.