حکومەتی هەرێمی كوردستان
WED, 24 APR 2024 12:52 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران زنجیرەیەک کۆبونەوە لەقەزای كۆیە ئەنجام دەدات

WED, 21 SEP 2016 16:47 | KRG Cabinet

 

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند: سەرباری هەموو گرفت و تەگەرەکان، حكومەت بەردەوام دەبێت لە پلان و پڕۆسە چاكسازیەكان، و ئەركی ئێمە باشكردنی بژێوی خەڵكە.

ئەمڕۆ 21/9 قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بەیاوەری مامۆستا جەلال بریكاری وەزیری ناوخۆ و نەوزاد هادی پاڕێزگاری هەولێر، سەردانی قەزای كۆیەی كرد و لەلایەن بەپرسانی ئیداری قەزاكە پێشوازی گەرمیان لێ كرا.


لەو سەردانەدا جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران زنجیرەیەک کۆبونەوەی لەگەڵ قایمقامی كۆیە و بەڕێوبەری ناحیەکانی سنوری کۆیە و سەرۆكی دادگای كۆیە و بەڕێوبەرە گشتیەکان و ئەفسەرو پلەدارەكان ئەنجامدا.


قوباد تاڵەبانی وێڕای پیرۆزبایی دەستبەكاربونی قایمقامی قەزاكە سەركەوت رەسول، ستایشی كار وچالاكییەكانی كرد لە پێناو خزمەتكردنی خەڵكی دەڤەرەكە بەگشتی و ڕێگری کردن لە دیاردەی زیادەرەوی سەر زەوی وزار بەتایبەت ، هەروەها پشتگیری حكومەتی بۆ دووپاتكردووە لە جێبەجێكردنی ئەركەكەی.


لەبارەی کارو چالاکیەلانی حکومەتەوە ووتی "سەرباری هەموو گرفت و تەگەرەكانی بەردەم كارو وچالاكییەكانی حكومەت و دامودەزگاكانی، هەر بەردوام بوین و دەبین لە پێناو خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و دروشم و ئەركمان باش كردنی بژێوی خەڵكە".


دواتر بەڕێز جێگری سەرۆك وەزیران سەردانی بینای شارەوانی كۆیەی كرد و لەگەڵ بەڕێوبەر و بەرپرسانی شارەوانی كۆبویەوە، و بەووردی گوێبیستی لە داواكاری و گرفت و كارو چالاكییەكانیان بوو.


جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ووتیشی "هەموو كات دادگا پاڵنەرێكی باش و تەواوكەری بزوێنەری حكومەت بووە، و بەبێ دادگا و یاسا هیچ كات ناتوانرێت هاوسەنگی و دادپەروەری لەناو كۆمەڵگادا بەرپا بكرێت، بەتایبەت لەمكاتەدا كە رووبەرووی كۆمەڵێك قەیران بوین، بۆیە دەبێت زۆر وریایانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەین و به یاسا ڕێگر بین لەهەر لادانێك".


قوباد تاڵەبانی لەو كۆبونەوەیە ڕایگەیاند "لەنیگەرانیەكانی موچەخۆران تێدەگەین و مافی خۆیانە نیگەران بن بەرامبەر حكومەتەكەیان و نەدانی شایستە داراییەكانیان، بەڵام دڵنیایان دەکەینەوە کە پلانمان ئەوەیە دەرباز بین و ژیانی خەڵكی كوردستان ئاسایی بێتەوە لەرووی ئابورییەوە وسیاسیشەوە."


بەڵێنی ئەوەشی دا كە بە پێی توانا پێداویستی و گرفتەكانی دەڤەرەكە چارسەر دەكەن.


دواتر بەشداری کرد لە مەڕاسیمی تیروپشکی دابەش کردنی زەوی نیشتەجێبوون بەسەر  175 هاوڵاتی شاری كۆیە.


هەر لەو سەردانەیدا بۆ قەزای كۆیە، سەردانی كەمپی ئاوارەكانی كرد و لەنزیكەوە گوێبیستی داواكاری و كەمووكوڕییەكانی ئاوارەكانی ناو كەمپەكە بوو، ئەوانیش خۆشحاڵی خۆیان دەربری بۆ ئەو سەردانە.


دواتر سەردانی دوو پڕۆژەی خزمەتگوزاری كرد و ستایشی بەڵێندەرەكانی كرد لەبەر جێبەێكردنی پڕۆژەكان بەستانداردێكی باش. وتیشی "خۆشحاڵم سەرباری قەیرانی دارایی و هەموو گرفتەكان كە پڕۆژەو وخزمەتگوزارییەكان بەردەوام دەبن".