حکومەتی هەرێمی كوردستان
SAT, 20 APR 2024 11:52 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

نێچیرڤان بارزانی و دەمیرتاش، دیالۆگی نێوان لایەنە كوردستانییەكان دووپات دەكەنەوە

THU, 22 SEP 2016 17:02 | KRG Cabinet

نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 22-9-2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی پارتی دیموكراتی گەلان لە توركیا هەدەپە بە سەرۆكایەتیی بەڕێز سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی هەدەپە و ئەندامێتیی بەڕێزان عوسمان بایدەمیر و ژمارەیەك لە پەرلەمانتار و ڕاوێژكارانی هەدەپە، كرد.

لە سەرتای دیدارەكەدا بەڕێز دەمیرتاش باسی ئامانجی سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان و دیداریان لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد كە دەستپێشخەریەكە بۆ دەستپێكردنی دیالۆگێكی فراوانی نێوان لایەنە كوردستانییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكییەكان و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخ و پێشهاتەكانی ئێستای ناوچەكە و كاریگەرییەكانی لەسەر پرسی كورد لە بەشەكانی دیكەی كوردستان.

ئاماژەی بەوەش دا كە دیالۆگ و لێكگەیشتنی نێوان لایەنە كوردستانییەكان لە هەموو بەشەكانی كوردستان و كاری پێكەوەیی و ئامادەكاری بۆ چۆنییەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخی ناوچەكە، پێگەی كورد لە دەڤەرەكە بەهێزتر دەكات و مەترسیییەكانی سەر گەلی كورد كەمتر دەكاتەوە، جەختیشی لەوە كردەوە كە هەدەپە دەستپێشخەری دەستپێكردنی گفتوگۆ و دیالۆگێكی نێوان لایەنە كوردستانییەكان دەستپێكردووە و هیوای خواست كە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانیش پشتگیری لەو دەستپێشخەرییە بكات.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە گەرمی بەخێرهاتنی بەڕێز سەڵاحەدین دەمیرتاش و شاندی یاوەری كرد و پاڵپشتی و پشتگیریی خۆی بۆ دەستپێشحەریی پارتەكەیان دووپات كردەوە و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست، جەختی لەوەش كردەوە كە هەبوونی دیالۆگ لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا ناكۆكی و گرژییەكان كەمدەكاتەوە و بە پێویستییەكی ئەمڕۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان و دۆخی ئێستای ناوچەكە لەقەڵەم دا و پشتگیریی خۆی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ هەموو هەنگاوێكی لێكگەیشتن و دەستپێكردنی دیالۆگێكی ئەنجامدار لە نێوان لایەنەكان و دەربڕی و بە كارێكی ئەرێنی ناساند.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە هەوڵدان بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا كرا و لەمبارەیەوە بەڕێز سەڵاحەدین دەمیرتاش ڕۆڵی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا بەرز نرخاند و داوای كرد وەك هەمیشە لە هەوڵەكانی بەردەوام بێت بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و پشتگیریكردن لە چارەسەركردنی ئاشتیانەی پرسی كورد لەو وڵاتە.

لەمبارەیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە پرسی كورد لە توركیا تەنیا لە ڕێگەی ئاشتی و دیالۆگ و لێكگەیشتنەوە چارەسەر دەبێت و چەك ناتوانێت هیچ كێشەیەك چارەسەر بكات و خزمەت بە هیچ لایەنێك ناكات، هەروەها جەختی لەوەش كردەوە كە وەك هەمیشە پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی دەكەن.

تاوتوێكردنی پێشهاتەكانی ناوچەكە بەگشتی و شەڕی دژی داعش بەتایبەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، بەشێكی دیكەی دیدارەكە بوو.