حکومەتی هەرێمی كوردستان
TUE, 23 APR 2024 09:32 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

ئەڵمانیا لە پشتگیری و هاوكارییكردنی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت

FRI, 23 SEP 2016 11:01 | KRG Cabinet

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی 23-9-2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ خاتوو ئورسولا ڤۆن دیر لیان وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و شاندێكی دیپلۆماسی و سەربازیی یاوەری كۆبووەوە.

لە دیدارێكدا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا كە هەر جارێك سەردانی كوردستان دەكات هەست بە گۆڕانكارییەكی باش لە هەموو ڕووەكانەوە دەكات بەتایبەتی لە شەڕی دژی تیرۆردا كە پێشمەرگە توانیویەتی سەركەوتنی مەزن بەدەست بهێنێت و بەرگری لە خاك و پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان بكات و بەردەوامیی هاوكارییە سەربازیەكانی ئەڵمانیای بۆ پێشمەرگە دووپات كردەوە.

بەڕێزیان خۆشحاڵیی خۆی بەرامبەر بەو پەیوەندی و هەماهەنگییەی ئەم دواییانە لەنێوان هەولێر و بەغدادا دروستبووە دەربڕی، بەتایبەتی كە لێكگەیشتنێكی تایبەت لە نێوان هەردوولادا هەیە بۆ ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ و ناوچەكانی دیكە لەدەست تیرۆر و پاڵپشتیی هاوپەیمانانی بۆ ئەو هەماهەنگییە نیشان دا و هیوای خواست لە هەموو بوارەكاندا هەماهەنگی و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا زیاتر تۆكمە بكرێن.

سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵیەكانیش بەڕێزیان جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی لەسەر هاوكارییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت بەتایبەتی هاوكارییە مرۆییەكان بۆ ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر كە بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە كاتی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكانی ڕزگاركردنی شاری مووسڵدا ژمارەیەكی زۆرتری خەڵكی ناوچەكە ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن و لەمبارەیەشەوە ئەڵمانیا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵی جددیی خۆیان دەدەن هاوكاری بۆ ئەو ئاوارانە دابین بكرێت، چونكە ئەوان دەزانن هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی ژمارەیەك قەیران بووەتەوە و پێشوازی لە زیاتر لە ملیۆنێك و هەشتسەد هەزار ئاوارە و پەنابەری دەستی تیرۆر كردووە.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و حكوومەت و سوپای ئەڵمانیای كرد كە لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەكی بەرچاو هاوكاریی پێشمەرگەیان كردووە و ئەڵمانیاش بەشێكی گرنگی ئەو هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەیە كە لە دژی گرووپی تیرۆرستیی داعش دامەزراوە، هەروەها پەیوەندییە دێرین و دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا و ڕۆڵی وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتەی بەرز نرخاند كە لە سەختترین دۆخدا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و ئەمەش پاڵپشتییەكی گەورە بوو بۆ خەڵك و حكوومەتی هەرێم و پێشمەرگە.

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەڕێزیان ئاماژەی بەوە دا كە بەرلەئێستا هەوڵێكی زۆر درا هەماهەنگی هەبێت لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ داڕشتنی پلانێكی هاوبەش لە ڕووی سیاسی و ئابووری و سەربازییەوە و چەند هەفتەی ڕابردووش لێكگەیشتنێكی باش لەنێوان هەردوولادا دروستبوو و پلانێكی تۆكمە بە هاوكاری و پاڵپشتیی هاوپەیمانان بۆ ڕزگاركردنی شاری مووسڵ و ناوچەكانی دیكە لە دەستی تیرۆرستانی داعش داڕێژراوە و هیوای خواست لە داهاتوودا ئەو پلانە جێبەجێ بكرێت. بە پێویستیشی زانی حكوومەت و لایەنە سیاسییەكانی عێراق بیرۆكەی قۆناغی دوای ئازادكردنەوەی شاری مووسڵ گەڵاڵە بكەن و پلانێكی باش بۆ ئەو قۆناغە لە هەموو ڕوویەكەوە دابنێن.

تاوتوێكردنی ڕەوشی ناوچەكە بەگشتی و دوا پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆر و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.