حکومەتی هەرێمی كوردستان
THU, 25 APR 2024 16:01 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا دەكات

WED, 5 OCT 2016 17:43 | KRG Cabinet


پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 5-10-2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە خاتوو ستیفان ولیامز جێگری باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا خاتوو ولیامز خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان و پەرەسەندنە ئەرێنییەكانی گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی لە عێراق دەربڕی و سەردانەكانی ئەم دواییانەی بەڕێزان سەرۆك و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ و دانوستان لەسەر كێشە هەڵواسراوەكانی نیوان هەولێر و بەغدای، بەرز نرخاند، هەروەها پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و تۆكمەكردنى زیاتریان لە هەموو بوارەكاندا، دووپات كردەوە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێزیان ستایشی نەبەردیی پێشمەرگەی لە شكاندنی ئەفسانەی تیرۆر و بەرگریكرن لە هەموو پێكهاتەكانی كوردستان كرد و ڕۆڵی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لە هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر بە كاریگەر و مرۆڤانە له‌ قه‌ڵه‌م دا.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییەكانی ئەمەریكای كرد كە هەر لە سەرەتای شەڕ و هەڕەشەی تیرۆرستانی داعشەوە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، پێشكەشی هەرێمی كردووە و هیوای بەردەوامیی هاوكارییەكانی لەڕووی سەربازی و مرۆییەوە خواست. جەختیشی لەسەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكان بە ڕێگەی دیالۆگ و لێكگەیشتن، كردەوە.

هه‌روه‌ها لەبارەی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعشه‌وه‌‌، بەڕێزیان هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا و هاوپەیمانانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ڕزگاركردنەوەی شاری مووسڵ و دانانی پلانێكی هەمەلایەنە بۆ قۆناغی دوای ئازادكرنەكە و كاری هاوبەش و تێڕوانینی هاوبەش بۆ ئایندەی ناوچەكە له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌، دووپات كردەوە.

تاوتوێكردنی دوا پێشهاتە سیاسی و سەربازییەكانی ناوچەكە و ئاڵوگۆڕكردنی بیروبۆچوون لەسەر چەند بابەتێكی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.