حکومەتی هەرێمی كوردستان
THU, 25 APR 2024 12:11 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

سەرۆك وەزیران پێشوازی لە كونسولی نوێی فەرەنسا دەكات

SUN, 9 OCT 2016 16:27 | KRG Cabinet

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 9-10-2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز دۆمینیك ماس كونسوڵی نوێی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا بەڕێز ماس خۆشحاڵیی خۆی بە دیداری بەڕێز سەرۆك وەزیران و دەستبەكاربوونی وەك كونسوڵی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان دەربڕی و سوپاس و پێزانینی حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانیشی كرد كە پێشوازییەكی گەرمیان لێكردووە لەو ماوەیەی هاتۆتە هەرێمی كوردستان، هەروەها دووپاتی كردەوە كە هەوڵی جددی بەمەبەستی باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و پاریس بەتایبەتی لە بوارەكانی كەلتووری و ئابووری و بوارەكانی دیكەدا دەدات.

جەختی لەوەش كردەوە حكوومەتی فەرەنسا شانازی بە خەڵك و حكوومەت و پێشمەرگەوە دەكات كە توانیویانە بە شێوەیەكی دلێرانە و بوێرانە بەرگری لە مرۆڤایەتی و جیهانی ئازاد بكەن و ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر بحەوێننەوە و خزمەتگوزاریی پێویستیان بۆ دابین بكەن، ئامادەییی وڵاتەكەیشی لە بەردەوامیی هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ كونسوڵی نوێی فەرەنسا لە هەولێر خواست و پاڵپشتی و هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی بۆ سەرخستنی كارەكانی دووپات كردەوە، هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندییە دیرینەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و فەرەنسا كرد و هیوای بەهێزكردنی زیاتری پەیوەندییەكانی لە هەموو بوارەكاندا خواست، لەمبارەیەشەوە ئامادەییی حكوومەتی هەرێمی بۆ هەر ئاسانكاری و هاوكارییەك دەربڕی.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سوپاسی هاوكارییە مرۆیی و سەربازییەكانی فەرەنسای كرد بۆ هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆردا و هیوای بەردەوامیی هاوكارییەكانی خواست بەتایبەتی كە پێشبینی دەكرێت دوای ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ ژمارەیەكی زۆرتری ئاوارە ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن. جەختی لەوەش كردەوە كە فەرەنسا دەتوانێت لە ڕووی كلتووری و زانستی هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات و ئەزموونی خۆی لەم بوارانەدا پێشكەش بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكات.

هەر لە دیدارەكەدا چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار بە بە بارودۆخی دەڤەرەكەوە، تاوتوێكرا.