سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 11/10/2016 به سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و ئاماده‌بوونى به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان كۆبووه‌وه.
له سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى تیشكى خسته سه‌ر پرۆسه‌ى تۆماركردنى بایۆمه‌ترى بۆ مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان كه دوێنێ ده‌ستى پێكرد و به هه‌نگاوێكى دیكه‌ى گرنگى حكوومه‌تى بۆ چاكسازى و ڕێكوپێككردنى كاروباره كارگێڕیه‌كان و به‌تایبه‌تى كارگێڕى دارایى و نه‌هێشتنى مووچه‌ى نایاسایى له‌قه‌ڵه‌م دا، كه وه‌ك بانكێكى زانیاریى پێشكه‌وتووش به‌كار ده‌هێنرێت بۆ چاكسازییه‌كان له بوارى وه‌زیفه‌ى گشتیدا.
هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشى له فه‌رمانگه‌ى ته‌كنه‌لۆژیاى زانیارى له ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و ستافى نووسینگه‌ى به‌ڕێزیان كرد كه كارێكى زۆریان له‌گه‌ڵ پرۆژه‌كه‌دا كرد و ماندوو بوون.
له به‌شێكى دیكه‌ى قسه‌كانیدا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ده‌رباره‌ى گرێبه‌ستى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى جیهانیى دیلۆیت بۆ وردبینى له داهات و خه‌رجییه‌كانى نه‌وت وگاز، گوتى: ئه‌م گرێبه‌سته هه‌نگاوێكى دیكه‌ى زۆر گرنگه بۆ پرۆسه‌ى چاكسازى و شه‌فافیه‌ت و پته‌وكردنى متمانه له‌نێوان خه‌ڵك و حكوومه‌تدا، به‌لاى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیشه‌وه هه‌نگاوێكى گرنگى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه به‌و ئاراسته‌یه."
له‌باره‌ى پرسى ئازادكردنه‌وه‌ى مووسڵیشه‌وه، به‌ڕێزیان دووپاتى كرده‌وه كه ئاماده‌كارى بۆ پرۆسه‌ى ڕزگاركردنى مووسڵ له‌گه‌ڵ عیراق و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى كراوه و هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌كى باش له‌گه‌ڵ هه‌ردوولادا هه‌یه، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه ڕزگاركردنى مووسل له هه‌موو ڕوویه‌كانى سه‌ربازى، ئه‌منى، ئابوورى و بازرگانییه‌وه بۆ هه‌رێمى كوردستان گرنگه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز ڕابه‌ر سدیق بریكارى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى به‌وه‌كاله‌ت، پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى پرۆسه‌ى دابه‌شكردنى مووچه و دۆخى دارایى له هه‌رێمى كوردستان پیشكه‌ش كرد و دووپاتى كرده‌وه كه حكوومه‌ت له چوارچێوه‌ى پرۆسه‌ى چاكسازى و له هه‌موو بواره‌كاندا خه‌رجییه‌كانى كه‌م كردۆته‌وه و له هه‌وڵى به‌رده‌وامدان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى زیاترى خه‌رجییه‌كان و زیادكردنى داهاته‌كان.
له‌مباره‌یه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیش جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه ده‌بێت هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ هه‌نگاوه‌كانى چاكسازى و پرۆسه‌ى كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌كان بكرێت، هه‌روه‌ها ده‌بێت مافى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان پارێزراو بێت و بڕه مووچه پاشه‌كه‌وتكراوه‌كه‌یان نه‌فه‌وتێت.
پاشان به‌ڕێز سه‌فین دزه‌یى وته‌بێژى فه‌رمیى حكوومه‌ت و به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى میدیا و زانیارى، پرۆژه‌ى ڕێنمایى بۆ ئاسانكاریى جێبه‌جێكردنى یاساى مافى ده‌سكه‌وتنى زانیارى، ژماره 11ى ساڵى 2013 ؛ پێشكه‌ش كرد. به‌پێى ئه‌و ڕێنماییانه؛ یه‌كه‌ى زانیارى له گشت داموده‌زگاكانى هه‌رێمى كوردستان داده‌مه‌زرێت بۆ ئه‌وه‌ى زانیاریه‌كان به شێوه‌یه‌كى ڕاست و دروست له چوارچێوه‌ى چه‌ند ڕێكارێكى كارپێكراودا بگاته ده‌ست هاووڵاتیان. ئینجا دواى خستنه‌ڕوو‌ى چه‌ند سه‌رنج و تێبینییه‌ك له‌سه‌ر پرۆژه‌كه، به شێوه‌یه‌كى مه‌بده‌ئى په‌سه‌ند كرا.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز سه‌رۆكى دیوانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پێشنیازى چه‌ند وه‌زاره‌تێكى بۆ دامه‌زراندنى چه‌ند توێژێك پێشكه‌ش كرد و ژماره‌یه‌ك له وه‌زیره به‌ڕێزه‌كانیش داوایان كرد كه به‌پێى ئه‌و پێویستییانه‌ى له وه‌زاره‌ته‌كانیان هه‌یه، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ڕه‌زامه‌ندى له‌سه‌ر دامه‌زراندنى ژماره‌ى پێویست بدات. دواى گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕیارى دا ئه‌م بابه‌ته له كۆبوونه‌وه‌یه‌كى تایبه‌تى لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كاندا له‌سه‌ر بنه‌ماى لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى زانستیانه‌ى پیشتبه‌ستوو به داتا و زانیاریى دروست؛ بڕیارى لێ بدرێت.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه كه سیسته‌مى دامه‌زراندن له هه‌رێمى كوردستان به شێوه‌یه‌كى ته‌ندروست نه‌بووه، ئه‌م دۆخه‌ى ئێستا نه‌خوازراوه و به‌شێكى هۆكارى دۆخه‌كه‌ش ئه‌نجامى هه‌ڵه‌كانى پێشووى كارگێڕییه، بۆیه ده‌بێ به‌رپرسیاریه‌تى هه‌ڵبگرین و چاكسازى بكه‌ین تا ده‌گه‌ینه چاره‌سه‌ر.
لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران داواى له وه‌زاره‌ته‌كان كرد به زووترین كات، په‌یكه‌رى كارگێڕیى وه‌زاره‌ته‌كانیان له‌سه‌ر بنه‌ماى پێداویستیى ئێستاى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕێكبخرێته‌وه و پێداویستییه‌كانیان دیارى بكرێن.
ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران هه‌روه‌ها گفتوگۆى له‌سه‌ر پرۆژه‌ى چوارچێوه‌ى ستراتیژیى پاراستنى كۆمه‌ڵایه‌تى كرد كه به هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ بانكى نێوده‌وڵه‌تى و وه‌زاره‌ته‌كانى پلاندانان،كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى، ته‌ندروستى، داد، په‌روه‌رده، دارایى و ئابوورى و ئه‌نجومه‌نى باڵاى خانمان، ئاماده كراوه. له‌مباره‌یه‌شه‌وه هه‌ندێ داتا له‌سه‌ر ڕێژه‌ى بێكارى و چۆنیه‌تیى كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌م ڕێژه‌یه له هه‌رێمى كوردستان؛ خرانه ڕوو، ئینجا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ستراتیژه‌كه‌ى وه‌ك خۆى په‌سه‌ند كرد و وه‌زیره په‌یوه‌نداره‌كانى ڕاسپارد كه پلانى جێبه‌جێكردنى ستراتیژه‌كه ئاماده بكه‌ن.
لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ڕایگه‌یاند ئه‌م پڕۆژه‌یه له چوارچێوه‌ى پرۆسه‌ى چاكسازیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندایه و ستایشى پرۆژه‌كه و به‌ڕێزان وه‌زیرانى په‌یوه‌ندیدارى كرد.
له كۆتاییى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، وه‌زیره به‌ڕێزه‌كانى ڕاسپارد كه چاوخشاندنه‌وه به یاسا و ڕێنماییه كارپێكراوه‌كان له هه‌رێمى كوردستان بكرێت به شێوه‌یه‌كى بنه‌ڕه‌تى و پڕۆژه‌ى هه‌مواركردنه‌وه‌یان ئاماده بكرێت بۆ نه‌هێشتنى به‌ربه‌سته‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌ى چاكسازى و ڕێكخستنه‌وه‌ى بواره جیاجیاكانى خزمه‌تى گشتى.