سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ڕێز له قوربانیانی هێرشی تیرۆرستی 1 ی شوباتی ساڵی 2004 ده‌گرێت.
له په‌یامێکدا سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ڕایده‌گه‌یه‌نێت که "له 13مین ساڵیادی هێرشی تیرۆرستی یه‌کی شوبات له دژی باره‌گاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان له شاری هه‌ولێر، سه‌ری ڕێز بۆ گیانی شه‌هیدانی ئه‌م هێرشه تیرۆرستییه و گشت شه‌هیدانی کوردستان داده‌نوێنین. گه‌لی کوردستان به کرده‌وه سه‌لماندویه‌تی که هزر و بیری توندڕه‌وی به هه‌موو شێوه‌كانی ڕه‌ت ده‌کاته‌وه و له پێناو بنبڕکردنی تیرۆر خه‌بات ده‌کات."
سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌روه‌ها ڕایده‌گه‌ینێت که "ئه‌مڕۆ پێشمه‌رگه‌ی کوردستان بۆته سیمبوڵی به‌رخودانی له دژی تیرۆر له جیهاندا و پێویسته پشتگیری بۆ پێشمه‌رگه به‌رده‌وام بێت بۆ ڕێشه‌کێشکردنی گروپی تیرۆرستی به‌ناو ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و ئه‌و ئایدیۆلۆژییه‌ی که بۆته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی داعش و گڕوپه هاوشێوه‌کانی."
هه‌روه‌ها له مه‌راسیمێکدا که ڕۆژی چوارشه‌ممه له پارکی سامی عه‌بدولره‌حمان به‌ڕێوه چوو، به‌ڕێز نێچیرڤان ئه‌حمه‌د سه‌رۆکی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و به‌ڕێز سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی حکومه‌تی هه‌رێم به نوێنه‌رایه‌تی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران تاجی گوڵینه‌یان له مۆنیۆمێنتی شه‌هیدانی یه‌کی شوبات دانا.