دوای کۆبوونەوەى ئێوارهى ئهمڕۆ پێنجشهممه 2/2/2017ى نێوانیان، ههردوو بهڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و گێت مولەر وەزیری گەشەپێدان و ئابووریی ئەڵمانیا لێدوانى ڕۆژانهوانییان دا و وهڵامى چهند پرسیارێكى ڕۆژنامهوانییان دایهوه.
سهرهتا بەڕێز سەرۆک وەزیران وێڕای بەخێرهێنانی وەزیری گەشەپێدان و ئابووریی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان، گوتی: "ئێمە لە دیدارەکەدا بە شێوەیەکی گشتی سوپاسی ئەڵمانیا بەگشتی و بەتایبەتی جەنابی وەزیرمان کرد کە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک دەنگی هەرێمی کوردستانی گەیاندووەتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هەموو کۆنفرانسەکاندا. سوپاسی ئەو هاوکارییە مرۆییەشمان کرد کە تا ئێستا پێشکەش کراون، چ بۆ ئەو ئاوارانەی ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، چ بۆ مەسەلەی سەقامگیری لە ناوچەی مووسڵ و هاوکاریکردنی پێشمەرگە لەڕووی سەربازییەوە، هەروەها باسی چۆنیەتیی پەرەپێدانی ئەو هاوکارییانەمان لە داهاتوودا کرد."
سەبارەت بە درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی ڕاهێنەرانی سەربازیی ئەڵمانی لە هەرێمی کوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پەرلەمانی ئەڵمانیا و خاتوو کلۆدیا ڕۆس ـ ی جێگرى سهرۆكى پهرلهمانى ئهڵمانیاى کرد بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانیان لە کوردستان و عێراق و ئەوەی بە یارمەتییەکی زۆر گەورە دانا بۆ هەرێمی کوردستان. هەروەها گوتی؛ "سوپاسی (GIZ)مان کرد بۆ هەموو ئەو هاوکارییانەی لە هەرێمی کوردستان کردوویانە، کارێکی زۆر گەورەیە و جێی پێزانین و سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گەلی کوردستانە."
بهڕیز گێت مۆلەر، وەزیری گەشەپێدان و ئابووریی ئەڵمانیاش گوتی: "جەنابی سەرۆکی حکوومەت، ئێمە سوپاسی ئێوە و گەلی کوردستان دەکەین، لەکاتێکدا لە ڕەوشێکی وا ناخۆشدا ساڵی ڕابردوو یەک ملیۆن و هەشتسەد هەزار ئاوارەی دەستی داعش و پهنابهرانى سووریاتان لەخۆ گرتووە و ئەمەش کارێکی زۆر گەورەی مرۆییە و لەوانەیە بوونی ئەو ژمارەیە لە ئاوارە لە بەرامبەر پێنج ملیۆن خەڵکی ناوچەکە لە ئەڵمانیا تەسەور نەکرێت، بەڵام ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی پشتیوانیتان بکەین، یەکێتیی ئەورووپاش بە هەمان شێوە دەبێ یارمەتیی هەرێمی کوردستان بدات و هەریمی کوردستان لەوبارەیەوە تەنیا نییە."
سەبارەت به ڕەوشی ئاوارەکانی مووسڵیش ئاماژەی بەوە کرد کە "لەوانەیە سەدان هەزار ئاوارەی دیکەی موسڵ ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن، بۆیە لە کۆبوونەوەی چەند هەفتەی داهاتووی یەکێتیی ئەورووپا لە برووکسل، دەبێ یەکێتیی ئەورووپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتیی هەرێمی کوردستان بدەن بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانی ئاوارەکاندا، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێ ڕێخۆشکەر بن بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و هەماهەنگیی نێوانمان بەردەوام دەبێت لەو بارەیەوە."
ههروهها وەک دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، وەزیری گەشەپێدان و ئابووریی ئەڵمانیا گوتی: "لە دڵەوە زۆر سوپاستان دەکەین بۆ ئەوەی لێرە لایەنگری سەقامگیری و مرۆڤایەتین و لەدڵەوە کار دەکەن و خەڵکی وەردەگرن، بۆیە دەمانەوێ لە داهاتووشدا پشتیوانتان بین."
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەڵمانیا دەربارەی کۆچبەرانی بیانی لەو وڵاتە، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: "لەڕووی مرۆییهوه پێمان وایە کارێکی زۆر گرنگە ئهوهى ئەڵمانیا بۆ ئەو پەنابەر و خەڵکە لێقەوماوانە دەیکات کە ڕوو لە وڵاتەکەیان دەکەن، بەڵام ئەوەی گرنگە یارمەتیدانی هەرێمی کوردستانه بۆ ئەوەی ڕێگە بگیرێت لە چوونەدەرەوەی خەڵک و بوونیان بە پەنابەر لە وڵاتان."
بەڕێزیان هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵوێستی لەسەر ڕاپۆرتێكى ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ دەربارەی بوونی چهند حاڵهتێكى ئەشکەنجە گوتی: "جەنابی وەزیر ئەو بابەتەی لەگەڵ من باس کرد و منیش جهختم لەوە کردەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک پرەنسیپ دەیەوێ دڵنیا بێت کە هیچ ئەشکەنجە و كێشهیهك لەوبارەیەوە ڕوونەدات. من ڕهتى ئەوە ناکەمهوه، لەوانەیە هەندێ تاك حاڵەت ڕووی دابێت، من دڵنیاییم دا بە جەنابی وەزیر کە لەسەر ئەو حاڵەتانە ڕادەوەستین و بە هیچ شێوەیەک ئەوە سیاسەتی سیستماتیکی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵام دەبێ ئەوەشمان لەبیر بێت کە ئەولەوییەتی ئێمە مەسەلەی ئاسایشى ئەم وڵاتەیە، هەندێجار لهوانهیه حاڵەتی وا ڕووبدات، بەڵام جەنابی وەزیرم دڵنیا کردەوە کە بەرنامەیەکی سیستماتیک نییە و بە جددی لەسەری ڕادەوەستین بۆ چارەسەرکردنی، دواتریش لە ڕێی بهڕێز کونسوڵەوە، ئاگاداری بەڕێزیان دەکەینەوە."