ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 6-3-2017 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له به‌ڕێز كریستۆس ستایلیانیدس كۆمیسیاری یه‌كێتیی ئه‌ورووپا بۆ هاوكاریی مرۆیی و به‌ڕێوه‌بردنی قه‌یرانه‌كان و شاندێكی یاوه‌ری كرد.
له دیدارێكدا كه به‌ڕێزان قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و ژماره‌یه‌ك له وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوون، شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان به سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و سوپاسی خه‌ڵك و حكوومه‌ت و پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیان كرد بۆ پاراستنی هه‌موو پێكهاته‌كان له هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر و هاوخه‌میی خۆیان له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و قوربانیانی شه‌ڕی دژی تیرۆر نیشان دا، هه‌روه‌ها هه‌ماهه‌نگیی سه‌ربازیی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر به‌رز نرخاند و هیوایان خواست ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه له بواره‌كانی دیكه‌شدا ڕه‌نگ بداته‌وه.
سه‌باره‌ت به بارودۆخی ئاواره و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆریش كه ڕوویان له هه‌رێمی كوردستان كردووه، شاندی میوان جه‌ختیان له به‌رده‌وامیی هاوكاریی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا بۆ ئاواره و په‌نابه‌ران له هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه و له قۆناغی داهاتووشدا له بواری سه‌قامگیری و په‌روه‌ردی و ته‌ندروستیدا بۆ ناوچه ئازادكراوه‌كان هاوكار ده‌بن، هه‌روه‌ها هاوكاریی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن بۆ سووككردنی ئه‌و قه‌یرانانه‌ی ڕووبه‌ڕووی بووه‌ته‌وه.
لای خۆیه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه و تێبینییه‌كانی شاندی میوانی كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا به‌هۆی هاتنی ئاواره و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆره‌وه، ڕێژه‌ی دانیشتوانی هه‌رێم 35% زیادی كردووه. ئاشكراشی كرد ئه‌و بریندارانه‌ی سوپای عێراق كه له به‌ره‌كانی شه‌ڕ له مووسڵ بریندار ده‌بن، له نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌رییان بۆ ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش بۆته هۆكاری كه‌مبوونه‌وه‌ی داوده‌رمان له نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌رێمدا، به‌غدا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش له‌مباره‌یه‌وه هاوكارییه‌كانیان له ئاستی پێویستدا نه‌بووه، بۆیه پێویسته كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی جددیتر ئاوڕ له‌م پرسه بداته‌وه.
به پێویستیشی زانی هه‌رێمی كوردستان له‌و قه‌رازنه‌ی بانكی نێوده‌وڵه‌تی سوودمه‌ند بێت كه ده‌یداته عێراق بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانه‌كان ببێته‌وه. سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌لێر و به‌غداش، به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به‌وه دا كه هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه به ڕێگه‌ی گفتوگۆ و دیالۆگه‌وه سه‌رجه‌م كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام ئێستا به‌غدا زیاتر كار بۆ ئازادكرنه‌وه‌ی مووسڵ له تیرۆرستانی داعش ده‌كات.
تاوتوێ كردنی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به ڕه‌وشی ناوچه‌كه و ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا له‌سه‌ریان، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو.