حکومەتی هەرێمی كوردستان
THU, 25 APR 2024 06:50 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

نێچیرڤان بارزانی لە كێشە و پێداویستییە كارگێڕییەكانی پارێزگای دهۆك دەكۆڵێتەوە

MON, 13 MAR 2017 17:10 | KRG Cabinet

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 13-3-2017 بۆ بەدواداچوونی كاروباری كارگێڕی و كێشەكانی پارێزگا و دامودەزگاكانی سەر بە پارێزگای دهۆك، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە ژمارەیەك وەزیر و بەرپرسانی پەیوەندیدار پێكهاتبوو، لەگەڵ بەڕێز فەرهاد ئەترووشی و سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكانی پارێزگا و قەزا و ناحییەكانی سنووری پارێزگای دهۆك كۆبووەوە.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا بەڕێز سەرۆك وەزیران پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە بەڕێز عوسمان یونس جێگری پارێزگاری دهۆك كرد لە یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە كارەكانیدا. بەڕێز عوسمان یونسیش لە وتەیەكدا سوپاسی بەڕێز سەرۆك وەزیران و پارێزگار و دامودەزگا حكوومییەكانی پارێزگای دهۆكی كرد و ئەزموونی دەستبەكاربوون و بەڕێوەچوونی كارەكانی بە ئەزموونێكی سەركەوتووی پێكەوە كاركردن لە پارێزگاكە لەقەڵەم دا، هەروەها دووپاتی كردەوە كە ئەو زۆر بە ئاسوودەیی كارەكانی بە هاوكاریی دامودەزگاكانی حكوومەت بەڕێوە دەبات و ئەوان وەك یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان هەمیشە هەوڵ دەدەن نموونەی ئەو سەركەوتنە لە شوێنەكانی دیكەشدا ڕەچاو و جێبەجێ بكرێت.

بەڕێز سەرۆك وەزیران سوپاس و دەستخۆشی لە پارێزگار و دامودەزگاكانی سنووری پارێزگای دهۆك كرد كە لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا توانیویانە پێشوازی لە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەران لە كەمپەكانی پارێزگای دهۆك بكەن و وێڕای ئەو قەیرانانەی بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە لە بڕینی بودجە و شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت، بە هەموو توانایەك خزمەتگوزارییان پێشكەش بكەن، ئەمەشی بۆ دڵسۆزیی دامودەزگاكان بۆ كارەكانیان گەڕاندەوە، هەروەها سوپاسی خەڵكی دهۆكی كرد كە میوانپەروەرانە پێشوازیان لە ئاوارە و پەنابەران كردووە و گوتی "وڵاتێك خاوەنی میللەتێكی ئاوا بێت، سەردەكەوێت".

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوە دا كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەموو وەزارەتەكان بە یارمەتی و هاوكاریی بانكی نێودەوڵەتی دەستی پرۆسەیەكی چاكسازی كردووە و پرۆسەكە بە هەنگاوی جیاجیا لە وەزارەتەكان چۆتە پێش. دووپاتیشی كردەوە كە قەیرانەكان بە تەنیا هۆكاری دۆخی سەختی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان نین، كەموكوڕی لە سیستەمی كارگێڕی حكوومەتیشدا هەبووە و دڵنیاییی خۆیشی نیشان دا كە پرۆسەی چاكسازی ئەنجامی باشی دەبێت و بووەتە وانەیەك كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەخۆیدا بچێتەوە، هەروەها ئاماژەی بە چاكسازی لە سیستەمی كارگێڕی و كارگێڕی دارایی و بەتایبەتی بانك و بانكداری و تۆماركردنی بایۆمەتری و مەسەلەی شەفافیەت لە بواری نەوتدا كرد كە لەلایەن دوو كۆمپانیای نێودەوڵەتی باوەڕپێكراوەوە ووردبینی و چاودێری دەكرێت.

دەربارەی دۆخی سیاسییش، ئاشكرای كرد بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكان پرۆسەیەكی چارەسەری سیاسی دەستی پێكردووە و هیوای خواست ئەو پرۆسەیە بتوانێت كێشە و ناكۆكییە ناوخۆییەكان چارەسەر بكات. دەربارەی دۆخی شەنگال و بابەتی هەبوونی پەكەكە لەو ناوچەیە، سوپاسی خوشك و برایانی كوردانی ڕۆژئاوای كوردستانی كرد كە لە كاتی كارەساتی شەنگالدا هاوكاریی خوشك و برایانی ئێزدییان كرد و یارمەتییان دان، بەڵام دەربارەی هەبوونی هێزی چەكداری پەكەكە لە ناوچەكە جەختی لەوە كردەوە چۆن لەكاتی ڕزگاركردنی كۆبانێدا پێشمەرگە بەهانای كۆبانێوە چوون و دوای تەواوبوونی ئەركەكەیان گەڕانەوە هەرێمی كوردستان، هەمان چاوەڕوانی لە پەكەكە دەكەن كە بە هەمان شێوە مامەڵە بكات و ناوچەكە جێبهێڵێت بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێم بتوانێت پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە و گەڕاندنەوەی ژیان بۆ شەنگال و دەوروبەری دەستپێبكات. داواشی كرد كە پەكەكە ئاقڵانە لەمبارەیەوە هەڵسوكەوت بكات و جەختی كردەوە كە بە هیچ شێوەیەك مانەوە و خۆسەپاندنی بەزۆر مایەی قبووڵكردن نییە چونكە دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات.

دەربارەی پرۆسەی سیاسیی عیراقیش دووپاتی كردەوە كە داعش لە ئەنجامی سیاسەتێكی هەڵەی بەغداوە پەرەی سەند و بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی لە عیراقدا باش بەڕێوە بچێت دەبێت هیچ پێكهاتە و لایەنێكی عیراقی لە پرۆسەی سیاسیی عیراقدا پشتگوێ نەخرێت و هەمووان هەست بە بوون و هاوبەشی و بەشداریی ڕاستەقینەی خۆیان لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا بكەن.

دواتر لە ڕاپۆرتێكدا بەڕێز پارێزگار و سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكانی سنووری پارێزگای دهۆك كێشە و پێداویستییەكانی ناوچەكەیان لە هەموو سێكتەرەكان خستە ڕوو و لیستێكیان بە پێدوایستییەكانی ناوچەكە پێشكەش بە بەڕێز سەرۆك وەزیران و شاندی یاوەری كرد. لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیران بڕیاری دا لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی ئەو پێدوایستی و كێشانە پێكبێت و هەر لە ماوەی سەردانیدا بۆ پارێزگای دهۆك ئەو لیژنەیە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و دەزگاكانی دهۆكدا كۆببێتەوە و دوا بڕیار لەسەر چۆنیەتیی چارەسەركردنی كێشەكان و دابینكردنی پێداویستییەكانیان بەپێی تواناكانی حكوومەت بدات و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بەپێی ئەو تونایەی لەبەردەستیدان، داواكاری و پێداویستییەكانی سنووری پارێزگای دهۆك چارەسەر دەكات و دووباری دەستخۆشی لە كار و بەڕێوەبردنی خزمەتگوزاریی پڕۆژەكانی لە پارێزگار و دامودەزگاكانی پارێزگاكە كرد.