حکومەتی هەرێمی كوردستان
WED, 24 APR 2024 10:41 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

نێچیرڤان بارزانی له‌ پێداویستیی هێزه‌كانی ناوخۆی دهۆك ده‌كۆڵێته‌وه‌

MON, 13 MAR 2017 22:18 | KRG Cabinet

هەر لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ پارێزگای دهۆك، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 13-3-2017 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ هێزەكانی ناوخۆی سنووری پارێزگای دهۆك لە ئاسایش، پۆلیس، بەرگریی شارستانی و پاراستنی ژینگە كۆبووەوە.


لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا بەڕێز سەرۆك وەزیران ئاماژەی بە ڕۆڵی كاریگەری هێزەكانی ناوخۆ كرد لە پاراستنی ئارامیی هەرێمی كوردستان كە لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەكان ئەركی خۆیان لە دوورخستنەوەی هەرێمی كوردستان لە هەر هەوڵێكی تێكدەرانە بینیوە و گەواهیدەری ئەم كارە پیرۆزەشیان ئەوەیە كاتێك ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد، هیچ كارێكی نەخوازراوی وا دروست نەبوو شایەنی باس بێت، ئەمەش بە هەوڵ و كۆششی هێزەكانی ناوخۆ بوو كە جێگەی دەستخۆشی و ڕێزی هەموو لایەكە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەرێزیان ئاماژەی بە بارودۆخی سیاسیی ئێستای هەرێمی كوردستان و هەوڵەكانی ئاساییكردنەوەی ڕەوشەكە كرد بۆ ئەوەی بە هەموو لایەك بتوانرێت ڕەوشی سیاسیی هەرێمی كوردستان ئاسایی ببێتەوە. پوختەیەكیشی دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق و بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە و هێرش و هەڕەشەكانی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و هاتنی ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر بۆ هەرێم و دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت پێشكەش كرد كە ئەمانە هەموویان ژمارەیەك قەیرانیان بۆ هەرێمی كوردستان دروست كرد و بەهۆیانەوە حكوومەتی هەرێم بە ناچاری سیستمی پاشەكەوتی مووچەی پەیڕەو كرد كه‌ یه‌كێك له‌ سه‌خترین بڕیاره‌كان بوو.



ئاشكراشی كرد هەرچەندە قەیرانەكان كۆتاییان نەهاتووە، بەڵام ئەو نیشانانەی ئێستا بەدی دەكرێن، ئاماژە بەوە دەدەن كە بارودۆخە سەختەكە تێپەڕیوە و هەوڵەكانی حكوومەتیش بۆ ئەوەیە گوزەرانی خەڵك و مووچەخۆران باشتر بكات و لەمبارەیەشەوە سوپاسی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ خۆڕاگری و تێگەیشتیان لەو هەنگاوانەی حكوومەت.

ئاماژەی بەوەش دا كە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر ڕوویان لە پارێزگای دهۆك كردووە و سوپاسی خەڵك و دەزگا كارگێڕییه‌كانی پارێزگاكەی كرد بۆ ئەو پێشوازییە بێ وێنەیەی لە ئاوارە و پەنابەرانیان كردووە. هه‌روه‌ها ڕوونی كرده‌وه‌ كه‌ لەبەر ئەوەی دهۆك لە پارێزگای مووسڵ نزیكە و تیرۆرستانی داعشیش خه‌ریكه‌ یەكجاری لەو شارە وەدەر دەنرێن، بە پێویستی زانی جووڵەی بازرگانی لەگەڵ مووسڵ دەست پێبكەن و ئامادەكاریی بۆ ئەو مەبەستە بكەن، تاكو وەك لە ساڵانی پێش هاتنی تیرۆرستانی داعش بازرگانی لە نێوان دهۆك و مووسڵ گەشە بكاته‌وه‌، لەمبارەیه‌شەوە پاڵپشتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دووپات كردەوە.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا بەڕێزیان ئاماژەی بەوە دا كە لەمەودوا ژمارەیەكی یەكجار زۆری گەشتیاران ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، بۆیە بە پێویستی زانی هێزە ئەمنییەكان بە شێوەیەكی مەدەنی و شارستانییانە پێشوازی لە گەشتیاران بكەن و پلانی توندوتۆڵی ئەمنی بۆ كۆنترۆڵكردنی هەر حاڵەتێكی نەخوازراو دابڕێژن كە ئەمەش دەبێتە هاوكارێك بۆ پاراستنی سەلامەتیی گیانی گەشتیاران لەلایەك و گەشەكردنی زیاتری ئابووریی هەرێمی كوردستان لەلایەكی دیكه‌وه‌.

دواتر بەڕێز فەرهاد ئەترووشی پارێزگاری دهۆك بەناوی هێزەكانی ناوخۆی پارێزگای دهۆكەوە چەند تێبینی و ڕا و سەرنجی لەسەر كێشە و پێداویستییەكانی هێزەكانی ناوخۆ خستە ڕوو، لەمبارەیەوە بڕیار درا بەدواداچوون بۆ ئەو كێشە و پێداویستیانه‌ بكرێت و ئه‌وه‌ی له‌ توانی حكوومه‌تدا بێت، جێبه‌جێ بكرێت.