حکومەتی هەرێمی كوردستان
FRI, 19 APR 2024 19:45 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

سەرۆك وەزیران ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ئامێدی و دێرەلۆك دەكاتەوە

TUE, 14 MAR 2017 15:46 | KRG Cabinet


سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 14-3-2017 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، به‌ یاوه‌ریی ژمارەیەك لە وەزیران و بەرپرسانی حكوومەت و حزبی و هاووڵاتییانی ناوچەكە، زنجیره‌ پڕۆژەكانی ئاوی ئامێدی و جووتسایدی شێلادزێ ـ سیریێ و تونێلی ئامێدی كرده‌وه‌ كە پڕۆژەی ئاو بە كوژمەی زیاتر لە سێزدە ملیار دینار و ئەوانی دیكەش بە زیاتر لە 96 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی بە سەرپەرشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لەلایەن هەریەك لە كۆمپانیاكانی دارین، هومان، ستێر گرووپ و ئەریسۆنەوە جێبەجێ كراون.



لە ڕێوڕەسمەكەدا دوای پێشكەشكردنی چەند وتەیەك لەلایەن بەڕێزان وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری دهۆكەوە، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان له‌ وتەیەكدا، بێجگه‌ لە بەخێرهێنانی میوانان، خۆشحاڵیی خۆی بە كردنەوەی پڕۆژەكان لە ئامێدی و دێرەلۆك دەربڕی و گوتی "خۆشحاڵم كە جارێكی دیكە لە هۆڵی ڕۆشنبیریی دێرەلۆك لەگەڵتانم بۆ كردنەوەی چەند پڕۆژەیەك لە ناوچەكە كە بەر لە زیاتر لە دوو ساڵ هەر لێرە بەردی بناغەی پڕۆژەی بەنداوێكمان لە دێرەلۆك دانا كە لەسەر قەرزی وڵاتی ژاپۆن و لەلایەن كۆمپانیایەكی ئیتاڵییەوە جێبەجێ دەكرێت و هیوادارم خوای گەورە ئەو دەرفەتە بدات بۆ بەشداریكردن لە كردنەوەی ئەو پڕۆژە گرنگە كە گۆڕانكارییەكی زۆر گەورە لە ناوچەكەدا درووست دەكات. ئاگادارم هەندێك كێشەی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ هەیە، بەڵام هیوادارم خەڵكی ناوچەكە سەبریان هەبێت چونكە بێگومان ئەو كێشەیەش چارەسەر دەكەین و ڕێگە نادەین وەك خۆی بمێنێتەوە."


هەروەها گوتی "ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەوە ئێمە جارێكی دیكە لەو هۆڵەدا كۆبووینەوە بۆ كردنەوەی چەند پڕۆژەیەكی گرنگ هەروەك خاتوو نەورۆز مه‌ولوود وه‌زیری شاره‌وانی و گوشتوگوزار ئاماژەی پێكرد، لەوانە پڕۆژەی ئاو. بێگومان پرسی ئاو گرنگترین پرسە لە هەرێمی كورستان چونكە گەر لە خزمەتگوزاری باسی كارە لەپێشینەكان بكەین، خزمەتگوزاریی ئاو یەكەمیانە و ئینجا خزمەتگوزارییەكانی وەك كارەبا و ئەوانی دیكە بەداویدا دێن. بە كردنەوەی ئەم پڕۆژەیە ئاوی خواردنەوە بۆ نزیكەی 175000 هاووڵاتی ئەم دەڤەرە دابین دەكرێت و ئەمەش كارێكی زۆر گرنگە و بە باوەڕی من كێشەیەكی زۆر گەورەی وەكو ئاو بۆ ماوەی 35 ساڵ لەم ناوچەیە چارەسەر دەكات."



خۆشحاڵیی خۆیشی بە كردنەوەی ئەو جۆرە پڕۆژانە لە كوردستان دەربڕی و گوتی "خۆشحاڵین كە كردنەوەی ئەم جۆرە پڕۆژانە لە كوردستان دەبینین بەتایبەتی بۆ دەڤەرێك كە ناسنامه‌ی خەبات و شۆڕشگێڕی و ماندووبوونە و شەهیدی زۆری داوە بۆ كورد و كوردستان لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و هەموو ئەو شەڕانەی كە لەسەر كوردستان سه‌پێنراون و یەكێكە لەو شوێنانەی كوردستان كە لە خەبات و ماندبوون و قوربانیدان پشكی شێری بەردەكەوێت، بۆیە بۆ دەڤەرێكی  وەك ئامێدی و دێرەلۆك پڕۆژەیەكی گرنگە و جێی خۆشحاڵیی ئێمەیە و بە هەموو پێوەرێك شایستەی ئەوەیە پڕۆژەی زیاتر و باشتریان بۆ ئەنجام بدرێنت بێگومان ستراتیژییەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوە بووە كە پڕۆژەی زیاتر و باشتر بەجێ بگەیەنێت، بەڵام هەندێك جار كۆمەڵێك كێشە دروست دەبن، دەرفەت نادەن پڕۆژەی زیاتر ئەنجام بدەین و دەبنە هۆكاری وەستاندنی ئەو پڕۆژانەی كە هەن."


سەبارەت بەو قەیرانانەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە ئاماژەی بەوە دا كە "دوای ساڵی 2003 و بەو سیاسەتەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیڕەوی دەكرد باوەڕمان وابوو ژیانێكی نوێ بۆ گەلی كوردستان دەست پێدەكات و كێشە نامێنێ و سیاسەتی ئێمە دەبێتە سیاسەتی خۆشگوزەرانیی خەڵكی خۆمان چونكە میللەتی ئێمە ماندوو بووە و زەحمەتی كێشاوە و ئەو دەرفەتە دروست بووە كە گەلەكەمان پشوو بدات و هەوڵ بدەین پڕۆژەی خزمەتگوزارییان پێشكەش بكەن، ئەمە باوەڕمان بوو. ئێمە هیچ كاتێك لەو باوەڕەدا نەبووین لە سەرەتای ساڵی 2014 ڕووبەڕووی هەندێك قەیران دەبینەوە كە دەبێتە هۆكاری وەستانی ژمارەیەكی زۆری پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان، ئەگەر ئەو تێگەیشتنەی خەڵكی كوردستان نەبوایە لەگەڵ حكوومەت و سەرۆكایەتیی سیاسیی هەرێم، ئەم شتانە هیچیان نەدەمان چونكە بارێكی زۆر قورس و كێشەی زۆر گەورە بۆ هەرێم هاتنه‌ ئاراوه‌."

هەر لەوبارەیەوە گوتی "هیچ كاتێك لەو باوەڕەدا نەبووین ساڵی 2014 شتێكی وەكو داعش لێمان پەیدا دەبێت، ئێمە لەو باوەڕەدا بووین گەر كێشەیەكی ناوخۆ دروست ببێت هێزی پێشمەرگەمان هەیە و بەرگری دەكەن و ڕێگە نادەن كێشەكە گەورە ببێت، لەو باوەڕەدا بووین گەر هەڕەشەیەكی دەرەكیمان لەسەر بێت، حكوومەتی عیراق سوپای هەیە و بەرگری لە سنوورەكانی دەكات. ساڵی 2014 ڕووبەڕووی گەورەترین گرووپی تیرۆرستیی جیهان ببیتەوە، كارێكی ئاسان نییە، 1100 كیلۆمەتری سنوورمان لەگەڵ ئەو گروپە تیرۆریستییە هەبوو و شەڕەی بەسەر ئێمەدا سەپاند. بێجگە لەمە بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە شوباتی 2014 لەلایەن بەغداوە كاریگەرییەكی زۆر گەورەی لەسەر ئێمە هەبوو، ئەمە جیا لە هاتنی زیاتر لە ملیۆنێك و حەوتسەد ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر لە سووریا و دەڤەرە جیاجیاكانی عێراق كە باری هەرێمی كوردستانی زۆر زۆر قورس كرد، سەرەڕای هەموو ئەمانە دابەزینی نرخی نەوت كە لە سەد دۆلارەوە بۆ بیست دۆلار دابه‌زی."



دەربارەی وانەوەرگرتن لەم قەیرانانە بەڕێزیان گوتی "ئەم هەموو شتانەی كە بەسەرماندا هاتن، وانەیەكی زۆر گرنگی پێداین، لەوانە: پێویستە هەموو كاتێك هێزمان بۆ بەرگریكردن ئامادە بێت، چونكە پشتبەستنمان بە هەندێك لایەنی دیكە بەرەو هەڵدێری زۆر سەختمان دەباتەوە، هەروەك بینیمان. ئەو شتانەی لە شەنگال و دەڤەرەكانی دیكە بەسەرمان هات لە ئەنجامی ئەوە بوو كە ئێمە لەو باوەڕەدا نەبووین شتێكی وا دروست دەبێت، لەو باوەڕەدا نەبووین كە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس ڕووبەڕووی شتێكی دڕەندەتر دەبینەوە و ئەمانە هەموویان كێشەیەكی زۆر گەورەیان بۆ ئێمە دروست كرد. تا ئێستا و لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا تەنیا شتێك كە توانیومانە خۆڕاگر بین و نەكەوین، ئەو تێگەیشتنە بوو كە گەلی كوردستان لەگەڵ ئێمە هەیبوو و لەگەڵمان وەستان. مووچەیان بڕا، كەچی ئەوان تێگەیشتنیان بۆ بارودۆخەكە هەبوو. ئەو بڕیارەش ئاسان نەبوو، زۆر سەخت بوو كاتێك بڕیارمان دا مووچە پاشەكەوت بكەین، ناچاری بوو و پێویست بوو ئەم كارە بكەین، بەڵام تێگەیشتن و بیروباوەڕی میللەتەكەمان لەگەڵ سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان بووە هۆكار كە تا ئەمڕۆش ئەم كاروانە بەردەوام بێت."

لە بەردەوامیی وتەكەیدا گوتی "دوای سێ ساڵ لە سایەی خوێنی شەهیدانمان و ئەو قارەمانانەی ماندبوو بوون و ئەو پێشمەرگانەی كە لە سەنگەری پێشەوەی شەڕ بۆ بەرگریكرن لە كوردستان خوێنی خۆیان بەخشی كە 1700 شەهید و نزیكەی 10000 بریندارن، ئەم وڵاتەیان پاراست و ڕێگەیان نەدا خەونی دوژمنانمان و ئەو پیلانانەی بۆ كوردستانیان دانابوو، جێبەجێ بكرێن. لێرەوە ئێمە سەری ڕێز و نەوازش بۆ خوێنی ئەم هەموو شەهیدانە دادەنوێنین و ئەمڕۆ كە ئێمە لێرە بە ئازادی و بێ كێشە ئەم ڕێوڕه‌سمه‌ ئەنجام دەدەین لە سایەی خوێنی شەهیدان و ماندبوون و قارەمانیه‌تیی ئەو پێشمەرگانەیە كە لە پێشەوەی هێڵێ بەرگریكردن خەباتیان كردووە بۆ ئەوەی ئەم گەلە بتوانێت بە ئارامی لەژیان بەردەوام بێت. لێرەوە ڕێز و سڵاو بۆ هەر پێشمەرگەیەك دەنێرین هەر لە زاخۆ تا دەگاتە خانەقین و دەستخۆشییان لێدەكەین. بێگومان گەلی ئێمە ڕێزی ئەو ئازیزانە دەزانێت و دەزانن ئەوان چی دەكەن بۆ ئەوەی ئەو ئازادی و ئارامی و پێكەوەژیانە لە كوردستان بمێنێت."



لەبارەی مەبەستی تیرۆرستانی داعش بۆ هێرشكردنه‌ سەر كوردستانیش گوتی "مەبەستی سەرەكیی داعش لە هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان ئەوە بوو پێكەوەژیانی ئێمە تێكبدات، ئەمڕۆ ئەو تابلۆ جوانەی پێكەوەژیانی هەموو پێكهاتەكانی كوردستان لە مەسیحی و توركمان و ئێزدی و موسڵمان و شیعە و سوننی لەم ناوچەیەدا، لە هەموو جیهان جێگەی باسكردن و سەرفەرازیی گەلی ئێمەیە. دەبێت لەیادی نەكەین كاتێك نەیارانمان بڕیاریان دا بێن و گوند و شوێنەكانمان وێران بكەن، گوندی موسڵمان و مەسیحییەكان و دێر و مزگەوتیشی بەیەكەوە خاپوور كرد و ئێمە هەموومان تەنیا یەك تاوانمان هەبوو و هیچ جیاوازییەكمان نەبوو. پێویستە لە كوردستان و بەتایبەتی لەو دەڤەرەدا هەموو هەوڵێك بدەین هیچ كاریگەرییەك لەسەر ئەو پێكەوەژیانەی كوردستان، نەبێت."

دەربارەی هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر بۆ سنووری پارێزگای دهۆكیش بەڕێزیان ئاماژەی بەوە دا كە "بوونی نزیكەی حەوتسەد تا هەشتسەد هەزار ئاوارە لە سنووری پارێزگای دهۆك و ئەو بەرگەیەی كە خەڵكی ئەو دەڤەرە گرتوویەتی كە دەرگەی ماڵ و مزگەوت و كەنیسەكانیان بۆ ئاوارەكان كردەوە، جێگەی دڵخۆشی بوو. چەند مانگێك منداڵەكانیان لە خوێندن بێبه‌ش كرد، بەڵام ڕێگەیان نەدا ئاوارەكان لەسەر جادە بمێننەوە و دەرگای قوتابخانەكانیان بۆ كردنەوە، ئەمە هەموو ئەو شتانەن كە هیچ كات لەیاد ناكرێن، ئەمە ئەو شتەیە كە گەلی كوردستان لە جیهان پێی ناسراوە و وەك پێوەر پێی دەناسرێتەوە و پێویستیشە ئەم جۆرە كارانە بەردەوام بن. دوای سێ ساڵ ئێستا دەبینین تیرۆریستانی داعش شكست دەهێنن و پەنا بەخوا مووسڵیش لە ماوەیەكی نزیكدا ئازاد دەبێت."

ئاماژەی بەوەش دا كە ئازادكرنی مووسڵ دەرگایەكی دیكەی ئابووری بۆ خەڵكی ناوچەكە و كوردستان دەكاتەوە و گوتی "ئازادكرنی مووسڵ دەبێتە دەرفەتێك بۆ ئەوەی خەڵكی ئێمە دەست بە بازرگانی لەگەڵ ئەو شارە بكات و دەرگایەكی دیكەی ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی بكرێتەوە و ژیان دەست پێ بكاتەوە كە داعش بە هەموو شێوەیەك هەوڵی دەدا ژیان و پێكەوەژیان لە گەلی ئێمە وەرگرێت و لە سایەی خوێنی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان، دەبینین ئەوان ناتوانن بەم ئامانجەیان بگەن، بەڵام پێویستە هۆشیاریەكەمان بەردەوام بێت. كردنەوەی ئەم دوو سێ پڕۆژەیەی ئەمڕۆ لە ئامێدی و دێرەلۆك لەوانەیە شتێكی زۆر گەورە نەبێت، بەڵام نیشانەیەكی بەهێزیشە كە دانانی بەردی پڕۆژە و كردنەوەیان جارێكی دیكە دەگەڕێتەوە. من ناڵێم بارودۆخی ئێمە لە بواری ئابوورییەوە باشە، بەڵام هیوادارین كردنەوەی ئەو پڕۆژانە دەستپێكی ئەوە بێت كە بارودۆخمان لە بواری داراییدا ئه‌مساڵ بەرەو پێشەوە بچێت."

هەروەها سوپاسی مووچەخۆر و كارمەندانی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ خۆڕاگرییان و گوتی "دەمەوێت لێرە سوپاسییەكی تایبەتی هەموو مووچەخۆر و كارمەندانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەم بۆ تێگەیشتنیان لە بارودۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان. ئەگەر ئەو تێگەیشتنە نەبوایە، باوەڕتان هەبێت ئێمە بە هیچ شێوەیەك نەماندەتوانی لەسەر پێی خۆمان بوەستین. من دڵنیام میللەتێك ئەم ڕاده‌یه‌ی تێگەیشتن و باوەڕی هەبێت، بێگومان بە هەموو ئەو خەونانەی دەگات كە خەبات و خزمەتی بۆ كردووە. دەمەوێت دەستخۆشی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێزان پارێزگاری پێشوو و ئێستای دهۆك و بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی دهۆك بكەم بۆ ئەو كارەی كە كردوویانە بەمەبەستی بەئەنجامگەیاندنی ئەو پڕۆژەیە."



هەروەها سوپاسی كۆمپانیا جێبەجێكارەكانی پڕۆژەكانی كرد و گوتی "دەستخۆشی لە كۆمپانیای ستێر گرووپ و هاوبەشەكانیان دەكەم بۆ ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیە لە دێرەلۆك. جێگەی خۆیەتی سوپاسی كۆمپانیایەكی خۆماڵیش بكەم كە لە كوردستان و بەتایبەتی لەم دەڤەرە كاری زۆر گەورەی ئەنجام داوە، ئەویش كۆمپانیای دارینە كە نزیكەی 170 تا 180 ملیۆن دۆلاریان لەم ناوچەیە خه‌رج كردووە، بێ ئەوەی هیچ موستەحەقاتی خۆیان وەرگرن، هیچ پڕۆژەیەكیان لەو دەڤەرە نەوەستاندووە و نە لە كاتی شەڕی داعشدا پڕۆژەكەیان ڕاگرتووە و نە ئێستا و لە كار و پڕۆژەكانیشیان بەردەوامن. ئەم بەردەوامییەیان لەسەر بەئەنجامگەیاندنی پڕۆژەكانیان تەنیا و تەنیا یەك شت هۆكاری بووە، ئەویش ئەوەیە كە باوەڕیان هەیە حكوومەتەكەیان غەدریان لێ ناكات و ئەو كارەشیان كردووە بۆ ئەوەی سوودی بۆ ناوچەكە هەبێت و بۆ ئەوەیان نەبووە تەنیا قازانجێكیان دەستكەوێت. تا ئێمە خاوەنی ئەو جۆرە كۆمپانیا و بیروباوەڕە بین، پەنا بە خوا كوردستان بەرەو پێشەوە دەچێت و بارودۆخی كوردستان باشتر دەبێت. دەستخۆشییەكی تایبەت لە گرووپی كۆمپانیاكانی دارین دەكەم بۆ ئەو هەموو پڕۆژانەی لە سنووری پارێزگای دهۆك ئەنجامی دەدات. پێش ئێستا لە كۆبوونەوەدا بووین، بەڕێز پارێزگاری دهۆك و بەڕێوەبەری ڕێگەوبانەكانی دهۆك گەواهییان دا بۆ ئەو كارە باشانەی كە ئێوە ئەنجامتان داوە و پەنا بەخوا پڕۆژەی باشتر لەم دەڤەرە و هەموو دەڤەرەكانی دیكەی كوردستان ببینین."

لە كۆتاییی وتەكەیدا بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی "پیرۆزباییی كردنەوەی ئەم پڕۆژانە لە خەڵكی دەڤەری ئامێدی و دێرەلۆك دەكەم و هیوادارم جارێكی تر بە خۆشی، یەكتر ببینینەوە و جارێكی دیكە لەم هۆڵەدا كۆببینەوە بۆ كردنەوەی چەند پڕۆژەیەكی دیكەی خزمەتگوزاریی گرنگ بۆ ناوچەكە."