حکومەتی هەرێمی كوردستان
SAT, 20 APR 2024 05:57 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

پەیامی ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێمى کوردستان لە ساڵیادی شاڵاوی ئەنفالدا

FRI, 14 APR 2017 08:54 | KRG Cabinet

بیست و نۆ ساڵ به‌سه‌ر شاڵاوی بەدناوی ئەنفالدا تێده‌په‌ڕێت کە لەسەر دەستی ڕژێمی شۆفێنیستی بەعس دەرهەق بە گەل و خاکی کوردستان ئەنجام درا و بە پلانێکی نامرۆڤانە و دوور لە هەموو عورف و بەهایەکی ئەخلاقی، بەمەبەستی پاکتاوی نەژادی، لە زنجیرە هەڵمەتێکی سەربازیی دڕندانەدا، هاووڵاتیانى سڤیلى کوردستانیان کردە ئامانج و نزیکەی 182 هەزار کەسی بێتاوانیان شوێنبزر کرد و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی بیابیاندا کۆمەڵکوژیان کردن، وێڕای وێرانکردنی هەزاران گوند و بەسووتماککردنی بەشێکی بەرچاوی خاکی کوردستان و بەتاڵانبردنی سه‌روه‌ت و سامانى كوردستانییان.

له‌پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە یەکێک لە خەم و ئەرکە له‌پێشه‌كانى حکوومەتی هەرێمى كوردستان هەوڵدانی بەردەوامی بووە بۆ دۆزینەوە و گێڕانەوەی ڕوفاتی شەهیدانى ئه‌نفال و خزمەتکردنی کەسوکارە سەربەرزەکانیان کە لە ئاکامی ئەو کارەساتەدا دووچاری چەندین کێشە و گرفتی دەروونی و کۆمەڵایەتی بوون. هێشتا زۆری تر ماوە لەو پێناوەدا ئەنجام بدرێت و حکوومەتی کوردستان کە بەرهەمی خوێن و قوربانیی گەلى كوردستانه‌، خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی گەلی کوردستان بە یەکێک لە سەرەکیترین ئەرکەکانی خۆی دەزانێ و هەرچی لە توانادا بێت بۆ ئەو مەبەستە پیرۆزە، درێخی ناکات.

جێگەی داخە کە تا ئێستا حکوومەتی عیراقی دوای ڕژێمی بەعس دەرهەق بەم کارەساتە نەیتوانیوە لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بێت و نە لە ڕووی مادی و نە لە ڕووی مەعنەوییەوە قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوان نه‌كراوه‌ته‌وه‌.


ئەمڕۆ لە کاتێکدا یادی ئەم کارەساتە دەکەینەوە گەلەکەمان خۆڕاگرانە لەبەردەم شاڵاوێکی دیکەی ئه‌نفال و جینۆسایددا وەستاوە کە شاڵاوی ڕەشی داعشە و بە گه‌واهیى هەموو جیهان، به‌ قاره‌مانیه‌تیى پێشمه‌رگه‌، سەروەریەکی مێژووییی مەزن تۆمار دەکات. ئەگەرچی شاڵاوی ڕەشی تیرۆریستان بە هەمان مەبەستی پاکتاوی نەژادیی بەعسییان و لەژێر ناونیشانێکی دیكه‌دا شنگالی ئازیز و کوردانی ئێزدی و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئاینییه‌كانى دیكه‌ى كوردستانى كرده‌ ئامانج، بەڵام دواجار لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ڕۆڵەکانی شنگال و بە هاوکاریی هاوپەیمانان، جگە لە مەرگ و سەرشۆڕی هیچیتریان پێنەبڕا.

کوردستانیانی خۆشەویست،


پیلانی دوژمنکارانەی ناحەزان لە بەعس و داعش و هاوشێوەکانیان هەرچیەک و هەرچۆنێک بن، قاره‌مانیه‌تیى پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و خۆبه‌خشان، خۆڕاگری و یەکڕیزی و هاوسەنگەریی لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتە جیاجیاکانی کوردستان، پتەوترین قەڵا و قەڵغانی گەل و خاکەکەمانە. گەلی کوردستانیش چیدی تەنیا و لە دنیایەکی تەریکدا نیە و خاوەنی دۆست و هاوپەیمانی بەهێزە لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهانیش.


تەبایی و پێکەوەکارکردن و ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کوردستانی بە هاوبەشیی هەموو هێزە سیاسی و مەدەنی و توانا جیاکانی کۆمەڵگای کوردستان، بەهێزترین پشتیوان و پاڵهێزە بۆ ڕێگری لە هەر پیلان و ملهوڕییەکی ناحەزان بۆ سەر گەل و خاکی کوردستان.


وەک چۆن دواى داڕووخانی بەعسی ئەنفالچى‌، حکوومەتێکی یەکگرتووی بەهێز و تەبایی و یەکڕیزییەکی مێژووییی گه‌لى كوردستان، بووە سیمای ئەو قۆناغە پرشنگدارەمان، ئێستاش کە دەستپێکی قۆناغی دواى داعشە، ئەو بەرپرسیارێتیە لە ئەستۆی هەموو لایەن و پێکهاتەکانی کوردستاندایە کە لە چێکردنی زەمینەی تەبایی و یەکڕیزی و سیمایەکی ڕۆشن و مژدەبەخشدا له‌ قۆناغی دواى داعش بۆ گەل و نیشتیمانەکەمان، بەشدار بن.

دروود بۆ شه‌هیدانى شاڵاوی ئەنفالە به‌دناوه‌کان و ته‌واوى شەهیدانی کوردستان.
سه‌رفرازى و سه‌ركه‌وتنى یه‌كجارى بۆ گه‌لى كوردستان.

ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێمى کوردستان
   14/4/2017



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان