حکومەتی هەرێمی كوردستان
TUE, 16 APR 2024 16:22 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

ژمارەی ئاوارەكانی موسڵ لە ھەرێم بۆ 164 ھەزار كەس بەرز بووەتەوە

MON, 17 APR 2017 13:08 | KRG Cabinet

کەمپی حەسەن شام بۆ ئاوارەکانی موسل

ژمارەی ئاوارەكانی موسڵ لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شارەكە لە رۆژی 17 تشرینی یەكەمی 2016 تا ئێستا لە ھەرێمی كوردستان بۆ 164 ھەزار كەس بەرزبووەتەوە و لە كەمپەكانی‌ هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك نیشتەجێكراون.

هۆشەنگ محەمەد بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان لە لێدوانیكی بۆ ماڵپەری حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند "ھاتنی ئاوارەكان بەردەوامە ورۆژانە  نزیكەی‌ 10000 كەس لە بەشی رۆژئاوای موسڵ ئاوارە دەبن وژمارەیەكی زۆر لەو ئاوارانە خۆیان دەگەیەننە سەنگەرەكانی پێشمەرگە ولەوێشەوە بۆ ناوەندی پێشوازی و كەمپەكان دەگوازرێنەوە".

لە بارەی رەوشی رۆژھەڵاتی موسڵیش گوتی کە هەرچەندە ئەم بەشەی شارەكە بەتەواوەتی كۆنترۆلكراوەتەوە،‌ بەڵام هێشتا خەڵك هەن کە بەهۆی نەبوونی ئاسایش و خزمەتگوزاری روو لە هەرێمی كوردستان دەکەن.

باری كەمپەكانی ئاوارەكان

بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان لە بارەی دۆخی كەمپەكانی ئاوارەكان ئاماژەی بەوەدا کە "تەواوی ئەو كەمپانەی بۆ ئاوارەكانی موسڵ لە هەولێر دروستكراون پڕبوونە وئیتر ناتوانرێت پێشوازی لە هیچ ئاوارەیەكی دیكە بكرێت، تەنها ئەو شوێنانەی ئەو كەمپانە بەتاڵدەبن كە ئاوارەكان دەگەڕێنەوە وئاوارەی نوێ لە شوێنیان نیشتەجێ دەكرێن. لە پارێزگای دهۆك نزیكەی 8.200 هەزار خێوەتی بەتاڵ ماوەتەوە‌ بۆ پێشوازیكردن لە ئاوارەكانی موسڵ. بەڵام لەبەر سنوورداربوونی توانای دارایی ناتوانرێت پێشوازی لە شەپۆڵێكی دیكەی ئاوارەكان بكرێت".

لەلایەکی ترەوە، ھۆشەنگ محەمەد گوتی ئۆپەراسیۆنەكە "فشارێكی زۆری خستووەتە سەر گشت كەرتە خزمەتگوزارییەكان. بۆ نمونە، تا ئێستا زیاتر لە 35 هەزار برینداری مەدەنی وسەربازی لە نەخۆشخانەكانی فریاكەوتنی هەولێر ودهۆك چارەسەریان بۆ كراوە."

ژمارەی دانیشتوانی ژێر دەسەڵاتی تیرۆریستانی داعش

بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان هەروەها گوتی"نزیكەی 400 هەزار هاووڵاتی مەدەنی لە ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی داعشدا ماون وپێشبینی دەكرێت بەهۆی سەختی شەڕی كۆڵانەكان لە ناوشاری كۆنی موسڵ شەپۆڵێكی دیكەی ئاوارە روو لە هەرێمی كوردستان بكات."

ئاماژەی بەوەشدا کە هەرێمی كوردستان "توانای لە خۆگرتنی شەپۆڵی دیكەی ئاوارەی نەماوە، بەتایبەتی بەھۆی بوونی ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە ئاوارە وپەنابەر لە هەرێم وکەمبوونی شوێن لە كامپەكان وزۆری خەرجی دابینكردنی ئاسایش وپاراستن وخزمەتگوزارییەكان لەوانە شوێنی حەوانەوە، ئاو وخۆراك وتەندروستی وپەروەردە".

ئەو بەرپرسەی ھەرێم كە ھەمانگی نێوان ھەولێر وبەغدا ونەتەوە یەكگرتووەكان و ئاژانسەكانی نێودوەڵەتی بۆ پرسی ئاوارەكان دەكات، ئاماژەی بەوەدا "تا ئێستا هاوكارییەكی ئەوتۆ لەلایەن بەغدا وكۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێشكەش بە هەرێم نەكراوه. بۆ نموونە حكومەتی عێراق لە ساڵی 2016  لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنی موسڵ تەنها 43 ملیار دیناری بە هەرێمی داوە بۆ دروستكردنی چوار كەمپ لە هەولێر ودهۆك و961 ملیۆن دیناریش لە ساڵی 2017 بۆ بەڕێوەبردنی كەمپەكان".

ھەر لەم بارەوە هۆشەنگ محەمەد گوتی، "به ‌هاوكاری وهەماهەنگی هەموو لایەكی ناوخۆیی توانراوە بە شێوەیەكی گونجاو هاوكاری ئاوارەكان بكرێت وئاسایش وپاراستن وخزمەتگوزارییان بۆ دابین بكرێت. بەڵام بۆ بەردەامبوون لەسەر هاوكاریكردنی ئاوارەكان وپێشكەشكردنی خزمەتگوزاری، پێویستە بە شێوەیەكی راستەوخۆ هاوكاریی دارایی هەرێم بكرێت. چونكە بەهۆی خاپوربوونی ناوچەكانیان ووێرانبوونی ژێرخانی ناوچە ئازادكراوەكان ورەوشی ناڵەباری ئاسایش وناسەقامگیری، پێشبینی دەكرێت ئاوارەكان بۆ ماوەیەكی درێژتر بمێننەوە، بە ھۆیەوە باری سەرشانی هەرێم زۆر قورس دەبێت".

"بۆ زیادكردن وباشتركردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ ئاوارە وپەنابەران، هەرێم پێویستی بە پاڵپشتی دارایی هەیە. ئەو هاوكارییەی تا ئێستا لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە رێگای ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان ورێكخراوە نێودەوڵەتیەكان پێشكەش بە هەرێم كراوە تەنها نزیكەی 22 لەسەدی پێداویستییە مرۆییەكانی هەرێم دابین دەكات. ئەوەی دیكە كەوتووەتە سەر شانی حكومەتی هەرێم كە مانگانە بە 91 ملیۆن دۆلار مەزندە دەكرێت. جگە لە خەرجی بەڕێوەبردنی كەمپەكانی ئاوارەكانی موسڵ  و دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بۆیان، هەر ئاوارەیەك رۆژانە 3.7 دۆلاری پێویستە كە مانگانە دەكاتە زیاتر لە 18 ملیۆن دۆلار".

بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان بەم شێوەیە پێداویستییەكانی ئاوارەكان لە ھەرێم ریزبەند دەكات:  

• هاوكاریكردنی راستەوخۆی دارایی حكومەتی هەرێم بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی بودجەی مرۆیی
• دابینكردنی دەرمان و كەلوپەلی نەشتەرگەری پزیشكی
• خۆراك و خواردەمەنی
• جلو بەرگی هەموو تەمەنەكان
• ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنی پزیشكی
• پرۆژەی ئاوی نوێ و نۆژەنكردنەوەی وێستگە وبیرەكانی ئاو
• كردنەوەی بنكەی تەندروستی ونۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانە وبنكە تەندروستییەكان
• چارەسەركردنی كێشەی زبڵ وخاشاك لە كەمپەكان
• نۆژەنكرنەوە ودروستكردنی ژێرخانی كەمپەكان وگۆڕینی خێوەتەكانیان‌ كه ئێستا‌ پێویستیمان بە نزیكەی 22 هەزار خێوەتی نوێ هەیە.
• دروستكردنی قوتابخانە بۆ منداڵی ئاوارەكان
• دابینكردنی بودجەی پێویست بۆ  بەڕێوەبردنی قوتابخانەكان ودابینكردنی مامۆستا

گەڕانەوەی ئاوارەكان

ھۆشەنگ محەمەد لە بارەی گەڕانەوەی ئاوارەكان ئاماژەی بەوەدا "لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی موسڵ تەنھا نزیكەی 41 ھەزار كەس بۆ ناوچە رزگاركراوەكانیان لە موسل، گەڕاونەتەوە، كە دەكاتە نزیكەی 8500 خێزان. بەڵام بەهۆی تێكچوونی بارودۆخی ئەمنی و نەبوونی خزمەتگوزاریی سەرەتایی لە ناو شاری موسڵ وناوچە ئازادكراوەكان، پڕۆسەی گەڕانەوە زۆر كەمبووەتەوە، هەروەها مەترسی لە گرووپە چەكدارەكان ونەبوونی توانای ماددی ئاوارەكان پرۆسەكەی هێواشتر كردووە، لەم بارەوە حكومەتی بەغدا پێناچێت هیچ پلانێكی هەبێت وهیچ هاوكارییەكی دارایی پێشكەش بە ئاوارەكان ناكات، بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە. بەڵكو بە پێچەوانەوە پڕۆسەی گەڕانەوەیان سەخت كردووە كە پێویستییان بە رەزامەندیی چەندین لایەن هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەكانیان".

ھەوڵەكانی حكومەت بۆ ئارەزوومەندانە گەڕانەوەی ئاوارەكان

حكومەتی ھەرێم لە هەوڵی بەردەوام دایە بۆ هاندان و پێشكەشكردنی هەموو هاوكارییەك بۆ ئاوارەكان بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ئارەزوومەندانە بۆ‌ ناوچە ئازادكراوەكانیان بگەڕێنەوه، بەڵام نەبوونی پلانێكی تۆكمە وگشتگیر بۆسەقامگیری وئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان، پرۆسەی گەڕانەوەیان سەختتركردووە. هیچ هەماهەنگیش نێوان وەزارەتی ناوخۆ وبەغدا لەسەر پڕۆسەی گەرانەوە و سەقامگیری وئاوەدانكردنەوە نییە.
بۆ چارەسەركردنی ئەم پرسە وەزیری ناوخۆی هەرێم لە كۆبوونەوە هاوبەشەكان داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەشی باڵای نێوان هەرێم وبەغدا ونەتەوە یەكگرتووەكان كردووە بۆ داڕشتنی میكانیزم وستراتیجی وپلانێكی تۆكمەی هاوبەش بۆ پڕۆسەی سەقامگیری وئاوەدانكردنەوە وگەرانەوەی ئاوارەكان. بەڵام تا ئێستا نە بەغدا ونە نەتەوە یەكگرتووەكان بەدەنگ ئەو داوایە نەهاتوون.

ژمارەی ئاوارەكان

بە گوێرەی زانیارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان، نزیكەی 1.341.450 ئاوارەی ناوخۆ لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێكراون، لەو ڕێژەیەش بەشێكیان لە 38 كەمپ نیشتەجێكراون وئەوانەی دیكە، كە زۆرینەی ئاوارەكان پێكدێنن، لە ناو شارەكان دەژین.

هاوكات هەرێمی كوردستان میوانداریی زیاتر لە 97 لەسەدی پەنابەری سوری لە عێراق‌ كردووە. لەمانە‌ 228,567 پەنابەر‌ تۆماركراون ونزیكەی 25 هەزاری دیكەش خۆیان تۆمار نەكردووە. هەروەها، 61 لەسەدی پەنابەرانی سوریا لە نۆ كەمپ لە هەرٍ سێ پاریزگاكانی هەولێر، دهۆك و سلێمانی دەژین.