رۆژی دووشەممە 15 ئایاری 2017 قوباد تاڵەبانی جێگری سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان، لە هەولێر پێشوازی له برێت مهكگۆرگ نێردهی تایبهتی سهرۆكی ئهمهریكا بۆ شهڕی دژی داعش و شاندێكی یاوهری کرد كه له ههریهك له باڵیۆزی ئهمهریكا له عیراق و كونسوڵی ئەو وڵاتە له ههولێر پێكهاتبوو.
لە کۆبونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کرا و چۆنییەتی پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانە و بەتایبەتی لە بواری سەربازییەوە بۆ نەھێشتنی تیرۆر، ھەروەھا چاکسازییەکانی حکومەت و رەوشی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پرسی ڕیفراندۆم گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
جێگری سهرۆك وهزیران باسی لە بارودۆخی بەرەکانی شەڕی دژی تیرۆریسانی داعش و ئەو سەرکەوتنانەی هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لە پاکتاوکردنی ئەو ناوچانەی کە پێشتر داگیر کرابوون کرد و گووتی " لە رووی سەربازییەوە سەرکەوتنی باش بەدیهاتووە و بەشێکی زۆری ناوچە داگیرکراوەکان ئازاد کراونەتەوە، ئەوەی ماوەتەوە دوای کۆنترۆڵکردنەوەی هەموو ناوچەکان، چۆن لە رووی سیاسییەوە هاوسەنگی رابگیرێت بۆ پێشیگرتن بە دووبارە سەرھەڵدانی ئەو جۆرە گرووپانە".
جەختیشی کردەوە چارەسەری سیاسی و فکری هیچی کەمتر نییە لە چارەسەری سەربازی لەو شارانەی کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی تیرۆریستانی داعشدا بوون، بۆیە دەبێت ئامادەکاری بکرێت بۆ لەناوبردنی ئەو ئایدییا توندڕەوانە و نەهێشتنی گەشەکردنیان لەو ناوچانە و بڵاوکردنەوەی هوشیاریەکی کۆمەڵایەتی تەندروست.
وەفدی میوان لەبارەی ڕیفراندۆمەوە پرسیاریان لە جێگری سەرۆک وەزیران کرد، ئەویش پێی راگەیاندن: وەک هەموو گەلانی جیهان، گەلی کوردیش مافی خۆیەتی چارەنووسی خۆی دیاری بکات و ریفراندۆمێک ئەنجام بدات کە متمانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و جیهانیشی هەبێت، چونکە ئەم پرسە نیشتمانییە و دەبێت هاووڵاتییانی کوردستان یەکلای بکەنەوە".
دواتر قوباد تاڵەبانی سوپاسی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکای کرد بۆ هاوکاری کردنی حکومەتی هەرێم لە جێبەجێکردنی پلانەکانی چاکسازی و لەم بارەوە گووتی "خۆشبەختانە ئێستا هەموو ئەو پلانە گرنگانەی بۆ چاکسازی لە سیاسەتی بەرێوەبردنی کوردستان گەیشتونەتە قۆناغەکانی کۆتایی و هەنگاوی باشمان بڕیوە لەو رووەوە، لە ماوەیەکی نزیکیشدا هەموو دەرئەنجامە باشەکانی بەدی دەکرێن".
ئاماژەشی بە هاوکارییە سەبازییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانان کرد و ستایشی هەڵوێستیانی کرد و گووتی "تیرۆر مەترسییەکی گەورەییە و دەبێت هەموو وڵاتان درک بەو مەترسییە بکەن، بۆیە دەبێت هاوکار بن لە بنبڕکردنی و سوپاسی هەموو لایەک دەکەین کە هاوکارمان بوون و داوای بەردەوامییان لێ دەکەین تا ئەو کاتەی تەواو لەو مەترسییە رزگارمان دەبێت".
لای خۆیەوە برێت مهكگۆرگ نێردهی تایبهتی سهرۆكی ئهمهریكا بۆ شهڕی دژی داعش ستایشی هێزی پێشمەرگەی کرد بۆ ئەو سەرکەوتنە گرنگانەی لە بەرامبەر تیرۆریستانی داعش و لەم بارەوە گووتی " ئهمهریكا بەگرنگییەوە دەڕوانێتە ئەو سەرکەوتنانەی هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان و هەموو کات ئامادەیە هاوکار بێت بۆ ئەو پرسە".
جەختیشی کردەوە ئەمریکا پاڵپشتی گەلی کوردە و هەموو هەوڵێک دەخاتە گەڕ بۆ سەقامگیری ئەم ناوچەیە و ستایشی هەنگاوەکانی چاکسازیی حكوومەتی ھەرێمی کرد.