حکومەتی هەرێمی كوردستان
SAT, 20 APR 2024 05:10 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

قوباد تاڵەبانی: دەستمان کردوە بە شۆڕشێکی چاکسازی فراوان

TUE, 16 MAY 2017 19:55 | KRG Cabinet


ئەمڕۆ2017/5/16 قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە قەزای سۆران، وتەیەکی پێشکەشکرد لە مەڕاسیمی کۆتایی پڕۆژەی من کتێبم خۆشدەوێت کە بەشی گەنجانی نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران ئەنجامی دەدەن.


جێگری سەرۆک وەزیران لە وتارەکەیدا باسی لە چاکسازیەکانی حکومەت کرد و ئاماژەی بەوەدا کە چاکسازیەکان هەموو سێکتەرەکانی گرتۆتەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد حكومەت دەستی کردوە بە شۆڕشێکی چاکسازی فراوان.


سەبارەت بە گرنگی پڕۆژەی من کتێبم خۆشدەوێت دووپاتی كردەوە بەرنامەی من کتێبم خۆش دەوێت تەنها لە پێناوی ئاشنا کردنی قوتابی بە کتێب نیە، بەڵکو لە پێناوی هوشیارکردنەوەی قوتابی و خوێندکارانە.


داواشی لە  قوتابی و خوێنداکاران کرد کە بوێر بن لە ڕەخنە گرتن و  داوای لێكردن تەحەدای پرنسیپە چەسپێندراوەکان بکەن، ڕەخنەگر بن - ڕەخنەی بونیاتنەر نەک ڕوخێنەر، بە کوێری باوەڕ بە قسەکانی کەسانی سیاسی نەکەن، بەڵکو خۆیان رێگا بدۆزنەوە بۆ پشتراست کردنی قسەکانمان.


هەروەها قوباد تاڵەبانی داواشی لە وەزارەتی پەروەردە کرد کە پەرە بەم کارانە بدەن و بیکەن بە بەشێک لە بەرنامەی پەروەردەکردنی نەوەی نوێمان.

ئەمەش دەقی وتەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران:


ئامادەبوانی بەڕێز


بەخێربێن بۆ ئەم خولەی من کتێبم خۆش دەوێت.


ئێمە لە حکومەت، دەستمان کردوە بە شۆڕشێکی چاکسازی فراوان کە بریتیە لە چاکسازی و نوێکردنەوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە بەشێکی پێکدێت لە چاکسازی لە سیستەمی باج، نوێگەری لە سیستەمی بەڕێوبردنی گومرک، لە داڕشتنەوەی هەیکەلی وەزارەت و بە سیستەم کردنی پرۆسەی ئیدارەدانی دارایی هەڕێمەکەمان،  ولە هەمان کاتدا، بە سیستەمی میلاکاتی حکومەتەکەمانا دەچینەوە و بن دیوار و فرە مووچەی نایاسای ناهێڵین بە پەیرەو کردنی سیستەمی بایۆمێتری.


چاکسازی بەرچاو بەڕێوەیە لە کەرتەکانی کارەبا و گەڕاندنەوەی دادپەروەری لە سیستەمێکی سۆسیاڵی نوێ و سیستەمی خانەنشینی نوێ کە هەردووکیان بە هاوکاری تیمی پسپۆری بانکی جیهانی هەنگاوی گرنگمان بۆ ناوە،.


ئەمانە هەموویان هاوشانی هەنگاوەکانمانن لە چاکسازی لە سیستەمی پەروەردە، لە کەرتی خوێندنی باڵا و بە تایبەت شێوازی قەبووڵ لە زانکۆکانمان و بەستنەوەی زانکۆکانمان بە پێداویستیەکانی بازاڕ.


چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و کەرتی سەربازی، کە بە هاوکاری وڕاوێژکارانی وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئەمریکا لەم هەفتەیە لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندمان کرد، لە کاتێکدا کە هەوڵمان داوە ئەو لێڵی و گومانانە کەمبکەینەوە لەسەر کەرتی نەوت و گاز بە بانگهێشت کردنی گەورە کۆمپانیاکانی ووردبینی جیهان بۆ وردبینی کردن لە تەواوی پرۆسەی بەرهەمهێنان، گواستنەوەو فرۆشتنی نەوتی کوردستان و چۆنیەتی بەکارهێنانی داهاتەکەی، هەموو ئەمانە هەنگاوی گرنگ و جدی و بەرجەستەن لە پێناوی بەدیهینانی حوکمڕانیەکی دروست و تەندروست و حوکمڕانیەک کە لە پێناوی گەیاندنی خزمەتێکی باشترە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.


ئەم هەوڵانە گرنگن لە پێناوی بەرەو پێشبردنی حوکمڕانی لە کوردستان. بەڵام چاکسازی نابێت تەنها لە کەرتی گشتیدا بێت و بریتی بێت لە گۆڕینی سیستەم و رێنمای و پەیڕەو و هیتر.


دەبێت هەوڵ بدەین بۆ بەرەوپێشردنی کۆمەڵگامان لە کوردستان. ئەمەش بە هۆشیارتر کردنەوەی کۆمەڵگامان دەبێت. بە بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی خوێندەوار و هۆشیار و روئیا بین دەبێت.


بەرنامەی من کتێبم خۆش دەوێت هەنگاوێکی بچووکە لە پێناوی ئەم ئامانجە. بەرنامەی من کتێبم خۆش دەوێت تەنها لە پێناوی ئاشنا کردنی قوتابی بە کتێب نیە، بەڵکو لە پێناوی هوشیارکردنەوەی قوتابی و خوێندکارانە.


لە دونیای جیهانگیری و سەردەمی تەکنەلۆجیا، بە ئاسانی دەبیتە خاوەنی زانیاریەکی  بەسوود، لە زۆر شوێنا کتێب بایەخی جارانی نەماوە. بۆیە گرنگیدان بە کتێب رێگایەکە بەرەو ئامانجی گەشەپێدانی کۆمەڵگامان.


ئامانجی گەشەپێدانی نەوەیەکی نوێ کە مێشکیان کراوە بێت،  کە بوێر بن پرسیار بکەن، تەحەدای پرنسیپە چەسپێندراوەکانمان بکەن، رەخنەگر بن - رەخنەی بونیاتنەر نەک ڕوخێنەر، بە کوێری باوەڕ بە قسەکانی من و کەسانی تری سیاسی نەکەن، بەڵکو خۆیان رێگا بدۆزنەوە بۆ پشتراست کردنی قسەکانمان، کتێب و خۆشەویستی بۆ کتێب، خۆشەویستی بۆ خوێندنەوەو بۆ فێربون، بۆ پرسیار کردن و هۆشیاربونی کۆمەڵگامان لە رووی فکر و تواناوە دەوڵەمەند دەکات.


کۆمەڵگایەکی بیرمەند و هۆشیار ستوونێکی بەهێزی وەڵاتێکی پێشکەوتوو و بەهێزە. بۆیە لێرەوە دەستخۆشی لە هەموو بەشداربووانی ئەم بەرنامەیە دەکەم.لە خوێندکار و قوتابیەکان، لە دایک و باوکیان ، لە قوتابخانەکان و مامۆستاکان، کە ڕۆڵیان هەبووە لەگەشەپێدانی هۆشیاری نەوەی نوێمان.


ڕاستە ئەمڕۆ براوەی کێبڕکێەکە ڕائەگەیێنین، بەڵام حەز ئەکەم هەمووتان خۆتان بە براوە بزانن. هیوادرام بتوانن بەردەوام بن لە پشتیوانیتان بۆ ئەم هەنگاوەو هەنگاوە هاوشێوەکانی.


سوپاسی پارێزگاری هەولێر دەکەم، سوپاسی برای بەرێزم کاک د. پشتیوان، وەزیری پەروەردە دەکەم. سوپاسی قایمقام و بەرێوەبەری پەروەردەکانی سۆران و مێرگەسور و چۆمان و رواندز دەکەم بۆ پشتیوانی ماندوبوونیان، سوپاسی لیژنەی هەڵسەنگاندن دەکەم بۆ بەخشینی شارەزایی و پسپۆڕیان، سوپاسی ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئاشتی بەردەوام و ڕێکخراوی سۆز و ڕێکخراوی کچانی کتێب دەکەم بۆ هاوکاریان کە خۆبەخشانە کتێبیان کۆکردوەتەوە بۆ ئەم بەرنامەیە، دەستخۆشی لە بەشی گەنجانی نوسینگەکەمان دەکەم.


لە کۆتایدا داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەکەم پەرە بەم کارانە بدەن و بیکەن بە بەشێک لە بەرنامەی پەروەردەکردنی نەوەی نوێمان .دەستی هەموو لایەک خۆش بێت، هەر شاد و سەربەرز و سەرکوتوو بن.