ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 6/6/2017 به سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و به ئاماده‌بوونى به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه تایبه‌ت بوو به سه‌ردانى هه‌فته‌ى ڕابردووى شاندى باڵاى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ڕووسیا و به‌شداریكردنى له كۆڕبه‌ندى جیهانیى ئابووریى سانت پیته‌رسبورگ و دیدار و چاوپێكه‌وتنه‌كانى به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و شاندى یاوه‌رى له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان سه‌رۆك و وه‌زیرى ده‌ره‌وه و وه‌زیرى وزه‌ى ڕووسیا و هه‌ردوو كۆمپانیاى ڕۆسنه‌فت و گازپرۆم و چه‌ند لایه‌نێكى دیكه‌ش، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى پوخته‌یه‌كى پێشكه‌ش كرد.
له‌مباره‌یه‌وه به‌ڕێزیان گوتى: ئێمه وه‌ک شاندی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بۆ ساڵی دووه‌م له‌سه‌ر بانگهێشتى فه‌رمیى حكوومه‌تى ڕووسیا به‌شداریمان له کۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهانى له شاری سانت پیته‌رسبورگ له ڕووسیا كرد که ڕێبه‌رانی وڵاتانی جیهان و خاوه‌نکار و شاره‌زایانی ئابووری و وزه و بواره‌كانى دیكه به‌شداری تێدا ده‌که‌ن و پێشتر جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران به‌شدارییان تێدا كردووه.
هه‌روه‌ها گوتى: ئه‌م کۆڕبه‌نده ده‌رفه‌تێکه بۆ ناسین و ئاشنابوون به که‌سانی خاوه‌ن بڕیاری سیاسی و ئابووریی سه‌رانسه‌ری جیهان، له په‌راوێزی کۆڕبه‌نده‌که‌شدا چه‌ندین دیدار و کۆبوونه‌وه ئه‌نجام ده‌درێن. له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا چاومان به سه‌رۆکی ڕووسیا به‌ڕێزان ڤلادیمیر پوتین سه‌رۆكى ڕووسیا و سێرگێی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه و ئه‌لکسانده‌ر نۆڤاک وه‌زیری وزه و ژماره‌یه‌ک دیبلۆماتكار و که‌سایه‌تیی بیانی و ڕه‌وه‌ندی کوردی له ڕووسیا كه‌وت.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا له ڕووی سیاسیه‌وه له کۆبوونه‌وه‌کاناندا باسیان له‌و کێشه و ئاسته‌نگانه کردووه که ڕووبه‌ڕووی هه‌رێمی کوردستان بوونه‌ته‌وه، به تایبه‌تیش شه‌ڕی داعش و ئه‌و گرفتانه‌ی به‌هۆی ئه‌و شه‌ڕه‌وه سه‌ریان هه‌ڵداوه.
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى ڕوونى كرده‌وه حکوومه‌تی هه‌رێم و گه‌لی کوردستان به گرنگییه‌وه ده‌ڕواننه په‌یوه‌ندیی سیاسی و ئابووری و کولتووری له‌گه‌ڵ ڕووسیا که په‌یوه‌ندی مێژوویین، بۆیه هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌یه زیاتر گه‌شه به‌م په‌یوه‌ندیانه بدات تا گشت بواره‌کان بگرێته‌وه، چونكه ڕووسیا هێزێکی سیاسی و ئابووریی جیهانییه و هه‌بوونی په‌یوه‌ندیی پته‌و له‌گه‌ڵ ئه‌م وڵاته‌دا له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردوولادایه، به‌تایبه‌تى له کاتێکدا هه‌رێمی کوردستان ڕووبه‌ڕووی کێشه‌ی دارایی ده‌بێته‌وه، په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیی ئابووری له‌گه‌ڵ وڵاتان ده‌توانێت له چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م کێشه‌یه‌دا ڕۆڵى هه‌بێت.
ده‌رباره‌ى ئه‌و ڕێككه‌وتنه سه‌ره‌تاییه‌ش كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى ڕۆسنه‌فت ئیمزاى كردووه، به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند: به‌پێى ئه‌م ڕێككه‌وتنه سه‌ره‌تاییه كه نزیكه‌ى سێ بۆ چوار مانگى گفتوگۆى پێویسته تا ببێته ڕێككه‌وتنى كۆتایى، كۆمپانیاى ڕۆسنه‌فتى ڕووسى كه له سه‌دا په‌نجاى هى حكوومه‌تى ڕووسیایه، وه‌به‌رهێنان له بوارى وزه‌دا له هه‌رێمى كوردستان ده‌كات و به‌پێى یاساكانى هه‌رێمى كوردستان، حكوومه‌ت ده‌سه‌ڵاتى ئیمزاكردنى ئه‌م ڕێككه‌وتنانه‌ى هه‌یه. دووپاتیشى كرده‌وه كه ئه‌م جۆره ڕێككه‌وتنانه له ڕووى ئابوورى و سیاسییه‌وه بۆ هه‌رێمى كوردستان سوودى ده‌بێت، دواى ئه‌و سێ ساڵه سه‌خته‌ى ڕابردووش متمانه به بازاڕى كوردستان دروست ده‌كاته‌وه.
له‌باره‌ى خاڵه‌كانى ڕێككه‌وتنه‌شه‌وه كه سێ خاڵى سه‌ره‌كین گوتى: یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه كۆمپانیاى ڕۆسنه‌فتى ڕووسى له كۆى ئه‌و بیست و دوو بلۆكه نه‌وتییه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له كۆنفرانسى پارساڵى له‌نده‌ندا ڕایگه‌یاند، له پێنج بلۆكدا وه‌به‌رهێنان ده‌كات. دووه‌میان كۆمپانیاكه بۆریى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان په‌ره پێ ده‌دات تاكو بتوانێت تواناى ناردنى نه‌وت له حه‌وتسه‌د هه‌زار به‌رمیله‌وه بۆ زیاتر به‌زر بكاته‌وه، خاڵى سێیه‌میشى ئه‌وه‌یه كه خۆى نه‌وته‌كه ده‌كڕێت و بۆ پاڵاتگه‌كانى له ئه‌ڵمانیا ده‌گوازێته‌وه.
هه‌ر له‌باره‌ى سه‌ردانه‌كه‌وه به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، تیشكى خسته سه‌ر دیداره سیاسییه‌كانى ئه‌و سه‌ردانه و جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه ڕێككه‌وتنه‌كه كارێكى باشه و له به‌رژوه‌ندیى ئابوورى و سیاسیى هه‌رێمى كوردستاندایه. هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه كه په‌رله‌مانى كوردستان خۆى به‌پێى یاسا ده‌سه‌ڵاتى به ئه‌نجومه‌نى هه‌رێمیى نه‌وت و گاز داوه ئه‌م جۆره ڕێككه‌وتنانه ئیمزا بكات و دوایین بڕیار له‌باره‌ى په‌سه‌نكردنیانه‌وه بدات.
دواتر له‌سه‌ر داواى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌ڕێز سكرتێرى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ڕ‌اپۆرتێكى یاسایى سه‌باره‌ت به ده‌سه‌ڵاته‌كانى ئه‌نجومه‌نى هه‌رێمى بۆ كاروبارى نه‌وت و گاز خسته ڕوو له به‌ر ڕۆشناییى یاساى نه‌وت و گازى هه‌رێمى كوردستان ژماره 22 ساڵى 2007، به تایبه‌تیش مادده‌ى پێنجه‌م له یاساكه كه ده‌سه‌ڵاتى ڕه‌زامه‌ندى بۆ گرێبه‌سته‌كانى تایبه‌ت به پرۆسه‌كانى نه‌وت و گاز و گرێبه‌ستى هاوبه‌شى له به‌رهه‌مهێنانى به (ئه‌نجومه‌نى هه‌رێمى بۆ كاروبارى نه‌وت وگاز) به‌خشیوه، سه‌ره‌ڕاى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌نجومه‌نى هه‌رێمى بۆ دانانى پرنسیپه گشتییه‌كانى سیاسه‌تى نه‌وت و پلانى به‌دواداگه‌ڕان و په‌ره‌پێدانى كێڵگه‌كانى نه‌وت و گاز. له هه‌مان كاتدا مادده‌ى شه‌شه‌مى یاساكه ده‌سه‌ڵاتى به وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌كان داوه بۆ گفتوگۆكردن و ئه‌نجامدانى ڕێكه‌وتنامه‌كان و جێبه‌جێكردنى هه‌موو مۆڵه‌ته‌كان و گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان.
هه‌روه‌ها گوتى: ئه‌و ڕێككه‌وتنه سه‌ره‌تاییه‌ى بۆ پێنج بلۆكى نه‌وتى له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى ڕۆسنه‌فت له په‌راوێزى كۆڕبه‌ندى ئابووریى له سان پیته‌رسبورگ ئه‌نجام دراوه ته‌نها ڕێكه‌وتنامه‌ى سه‌ره‌تایین و له داهاتوودا گرێبه‌ستى كۆتاییى ئه‌و پڕۆژانه له‌به‌ر ڕۆشناییى یاساى نه‌وت و گاز له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى هه‌رێمى بۆ كاروبارى نه‌وت و گازه‌وه په‌سه‌ند ده‌كرێت.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك له وه‌زیره به‌ڕێزه‌كان چه‌ندین سه‌ره‌نج و تێبینییان ده‌رباره‌ى سه‌ردانه‌كه و ئه‌نجام و لێكه‌وته‌كانى خسته ڕوو.