حکومەتی هەرێمی كوردستان
SAT, 20 APR 2024 13:05 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

قوباد تاڵەبانی: مافی خۆمانە چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین

MON, 12 JUN 2017 17:59 | KRG Cabinet

 

ئەمڕۆ 2017/6/12 قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە بڕۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، لەگەڵ كریستوس ستیلیاندیز کۆمسیاری باڵای یەکێتیی ئەوروپا بۆ کاروباری هاوکاریی مرۆیی و قەیرانەکان، کۆبویەوە.

لە کۆبونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران بەووردی باسی لە ڕەوشی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و شەڕی دژ بە تیرۆریستان و چاکسازیەکانی حکومەتی هەرێم و هەنگاوەکانی دەرباز بوون لە قەیرانەکان، کرد.

قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە پرسی ڕیفراندۆم کە بڕیار وایە لە2017/9/25 لە کوردستان ئەنجام بدرێت ئاماژەی بۆ ئەوە كرد ، وەک هەموو گەلانی جیهان ئێمەی گەلی کورد مافی خۆمانە چارەنوسی خۆمان دیاری بکەین بێ ئەوەی مافی هیچ کەس و لایەنێک پێشێل بکەین.

دووپاتیشی كردەوە ، مێژوو ئەو شایەدیەمان بۆ دەدات کە گەلی کورد گەلێکی ئاشتیخوازە و هەرگیز هەوڵی نەداوە مافی کەس پێشێل بکرێت، ئێمە تەنها بەرگریمان لە مافەکانی خۆمان کردوە.

سەبارەت بە شەڕی دژ بە تیرۆریستان قوباد تاڵەبانی ئەوەی خستەڕوو زۆربەی ئەو ناوچانەی داعش داگیری کردبوون ئێستا کۆنتڕۆڵ کراونەتەوە ولەماوەیەکی کورتی دیكەدا بەتەواوەتی بنبر دەکرێن، ئەوەی دەمێنێتەوە بیر و پاشماوەکانیانە کە دەبێت ئەوەش بە سیاسەتێکی حەکیمانە پلانی بۆ دانرێت و بنبڕ بکرێت چونکە لەناوبردنی بیری توندڕەوی هیچی کەم نیە لە شەڕی چەکداری. هەروەها باسی لە قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگە کرد کە توانی شکست با داعش بێنێت.

جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە پێویستە حکومەتی عێراق سیاسەتی خۆی بەرامبەر خەڵکی ئەو ناوچانە بگۆڕێت بۆ ئەوەی سیاسەتی فەڕامۆشکردن نەمێنێت و هەموو لایەک بەشداری ڕاستەقینە بن لە ناوەندەکانی بڕیار.

دواتر بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر ئەو هەنگاوانەی حکومەتی هەرێم بەڕووی چاکسازی بۆ بنیاتنانی حوکمڕانیەکی تەندروست و دەرباز بوون لە قەیرانەکان و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد  زۆربەی سێکتەرەکانی حکومەت پێویستیان بە چاکسازی بووە، بۆیە حكومەت دەستی بە چاکسازیەکی فراوان کردووە  کە زۆربەی کەرتەکانی گرتۆتەوە و ئێستا جكومەت قۆناغی زۆر باشی بڕیوە و بەم نزیکانە دەرئەنجامەکانی دەبینرێن و ڕەنگدانەوەیان دەبێت لەسەر خەڵکی کوردستان.

لە کۆتاییدا ستایشی هاوکاری و هەماهەنگی یەکێتیی ئەوروپا کرد لەگەڵ هەرێمی کوردستان و داوای لێکردن بەردەوام بن بۆ ئەوەی بتوانرێت باشتر خزمەتی ئاوارەکانی نیشتەجێی کوردستان بکەن تا ئەو کاتەی بەتەواوەتی هەموو خاکی عێراق لە تیرۆرستان پاک بکرێتەوە.

لای خۆیەوە کۆمسیاری باڵای یەکێتیی ئەوروپا بۆ کاروباری هاوکاریی مرۆیی و قەیرانەکان ستایشی حکومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستانی کرد لە گرتنە ئەستۆی ئیدارە دانی ژیانی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە، دڵنیاییشیدا لەوەی کە هەوڵەکانیان لەبەرچاو دەگیرێن و پاڵپشتیان دەبن هەموو کات.

هەروەها ستایشی هێزی پێشمەرگەی کرد کە ناوچەیەکی فراوانی لە داعش پاککردۆتەوە کە ئەمەش مایەی پێزانینە لای هەموو جیهان.