حکومەتی هەرێمی كوردستان
THU, 25 APR 2024 07:28 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

نێچیرڤان بارزانی و كونسوڵی كوێت په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كان دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌

MON, 11 SEP 2017 16:46 | KRG Cabinet

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 11/9/2017 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز د. عومه‌ر ئه‌لكه‌نده‌ری كونسوڵی گشتیی ده‌وڵه‌تی كوێت له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز ئه‌لكه‌نده‌ری خۆشحاڵیی خۆی به‌و دیداره‌ ده‌ربڕی و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و كوێتی دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌و هاوكارییه‌ مرۆییانه‌ دا كه‌ له‌ ڕێگه‌ی ڕێكخراوه‌ مرۆییه‌كانی كوێته‌وه‌ بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر له‌ كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دابین ده‌كرێت و له‌مباریه‌وه‌ سوپاسی داموده‌زگا و ڕێكخراوه‌ خێرخوازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی كرد كه‌ هاوكارییه‌كی باشیان ده‌كه‌ن له‌ گه‌یاندنی ئه‌و كۆمه‌كانه‌‌ و به‌رده‌وامیی هاوكارییه‌كانیشی دووپات كرده‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ سه‌رمایه‌دارانی كوێتی هان ده‌ده‌ن سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن تا له‌ نزیكه‌وه‌ ئاشنای هه‌رێمی كوردستان ببن و له‌ داهاتوودا سه‌رمایه‌گوزاری تێدا بكه‌ن.

لای خۆیه‌وه‌ به‌رێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و ده‌وڵه‌ت و ئه‌میر و خه‌ڵكی كوێتی كرد بۆ ئه‌و هاوكارییانه‌‌ی كه‌ گه‌یاندوویانه‌ته‌ ئاواره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان و بۆته‌ هۆی سووككردنی هه‌ندێك له‌و بارگرانییه‌ی‌ كه‌وتۆته‌ سه‌ر شانی حكوومه‌تی هه‌رێم.

جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان خویازیاره‌ باشترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی كوێت هه‌بێت و پێشوازی له‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌دارانی كوێت له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌رمایه‌گوزاری بكه‌ن و له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌موو ئاسانكارییه‌كیان پێشكه‌ش ده‌كرێت.

له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ دا باس له‌ بارودۆخی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و پرسی ڕیفراندۆم و داهاتووی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ل عیراق كرا و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه‌ خوازیاره‌ كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق له‌ ڕێگه‌ی گفتوگۆ و لێكگه‌یشتنه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكات.