حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له په‌یامێكدا ته‌قینه‌وه‌ی دوێنێی ڕێستورانتێكی شاری ناسرییه‌ی ئیدانه‌كرد و هاوخه‌میی خۆی بۆ خانه‌واده‌ی قوربانیانی ئه‌و كرداره تیرۆرستییه ڕاگه‌یاند، ئه‌مه ده‌قی په‌یامه‌كه‌یه.
به توندی ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشه تیرۆرستییه ده‌كه‌ین كه دوێنی ڕێستۆرانتێكی له شاری ناسڕییه‌ی باشووری عێراق كرده ئامانج و تیایدا ژماره‌یه‌ك له هاووڵاتیان گیانیان له‌ده‌ستدا و برینداربوون.
وێڕای پرسه و سه‌ره‌خۆشیمان بۆ خانه‌واده و كه‌سوكاری قوربانیان و هیوای زوو چاكبوونه‌وه بۆ برینداران، هه‌موو پشتگیرییه‌ك بۆ خانه‌واده‌ی قوربانیان و لێقه‌وماوان و هاووڵاتیانی ناسڕییه دووپات ده‌كه‌ینه‌وه.
هه‌روه‌ها ڕایده‌گه‌یه‌نین كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و لایه‌نه عیراقییه‌كان و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و پشتگیریكردنی ئه‌و به‌ره‌یه، ئێستا و له داهاتووشدا هه‌ماهه‌نگ و هاوكار ده‌بێت.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
15/9/2017