حکومەتی هەرێمی كوردستان
FRI, 19 APR 2024 00:29 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان: داخستنى فڕۆكه‌خانه‌كانى هه‌رێم، پێشێلكردنى ده‌ستوور و سزادانى به‌كۆمه‌ڵى خه‌ڵكى كوردستانه‌

FRI, 29 SEP 2017 22:43 | KRG Cabinet

ده‌رباره‌ى جێبه‌جێكردنى بڕیارى داخستنى فڕۆكه‌خانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عیراقه‌وه‌، به‌ڕێز سه‌فین دزه‌یى وته‌بێژى فه‌رمیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ڕاگه‌یانراوێكدا وه‌ڵامى نووسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ده‌داته‌وه‌، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

ده‌رباره‌ى به‌یاننامه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، ڕایده‌گه‌یه‌نین كه‌:

1- جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كه‌ سزادانێكی بەكۆمەڵ و ئابلووقەدانێكی بەكۆمەڵی خەڵكی كوردستان و پێداگیرییه‌ لەسەر ئەو پێشێلكارییە یاسایی و مرۆییەى بەرامبەر گەلی كوردستان دەیكات بە بیانووی سەپاندنی دەسەڵاتی فیدرالیی عێراق، لە كاتێكدا فڕۆكەخانه‌كانى هه‌رێم له‌ دروستكردنیانەوە تا ئێستا به‌پێى دەستوور و یاسا كارپێكراوه‌كانى عێراق كاریان كردووه‌ و چه‌ندین ده‌ستخۆشى و سوپاسنامه‌یان له‌ ده‌سه‌ڵاتى فڕۆكه‌وانیى مه‌ده‌نیى عیراق وه‌رگرتووه‌ و شانازییان پێوه‌ كردووه‌، به‌رده‌وامیش تیمه‌كانى حكوومه‌تى عێراق بۆ چاودێرى سه‌ردانى هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌رێمى كوردستانیان كردووه‌.

2-  ئەم بڕیارە دەبێته‌ ڕێگر لە چوونی بەردەوامی نه‌خۆش و پێشمەرگە بریندارەكانی شەڕی داعش بۆ چارەسەری بۆ دەرەوە و هەندێكیان پێویستییان بە چاودێریی پزیشكیی بەردەوامە، چەندین ڕێكخراوی مرۆییش كە یارمەتیی ئێزدییانى قوربانیی دەستی داعش و ئاوارەیان دەدا، ناچار بوون كوردستان جێ بهێڵن، سەدان خێزانی هەرێمی كوردستان و عێراقیش لە كورد و مەسیحی و عەرەبی سوننە كە په‌ڕاگه‌نده‌ى وڵاتان بوون، ناتوانن سەردانی یەكتر بكەن و به‌یه‌ك بگه‌نه‌وه‌.

3- بەو بڕیارە ڕێگە لە كاری هەزاران هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان دەگرێت كە بازرگانی لەگەڵ دەرەوە دەكەن و مافێكی بنچینەییی مەدەنی و مرۆییی خەڵكی كوردستان پێشل دەكات له‌ جووڵه‌ و هاتوچۆ و گه‌شتكردنێكى ئاسان و ئاسایی، مافێك كه‌ یاسا و ده‌ستوورى عێراق و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ڕێككەوتننامەی نێودەوڵەتیی شیكاگۆ بۆ فڕۆكەوانیی نێودەوڵەتی و جاڕنامەی جیهانی بۆ مافەكانی مرۆڤ و ڕێككەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافی مەدەنی و سیاسى، بۆ هەموو كەسێكیان زامن كردووه‌.

4- ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوامان لە حكوومەتی عێراق كرد كە لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالیی عێراق دابنیشن و هەر لێكنەگەیشتنێك هەبێت چارەسەری بكەن، بەڵام بەداخەوە حكوومەتی عێراق گفتوگۆ و دانیشتنی ڕەت كردووەتەوە، چونكه‌ هیچ كێشه‌ و لێكنه‌گه‌یشتنێكى وا له‌ئارادا نییه‌ و بڕیاره‌كه‌ ته‌واو بڕیارێكى سیاسییه‌.

5- ئێمە دووباره‌ داوا لە حكوومەتی عێراق و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان دەكەین ئەو سزادانە بەكۆمەڵە و ئەو بڕیارە سیاسییە نادەستوورییە ڕابگیرێت و حكوومه‌تى عیراق ئەوەش نەخاتە پاڵ سزادانە داراییە چوار ساڵییەكەی ڕابردووی بەرامبەر بە گەلی كوردستان كە لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا توانی گەورەترین بەرگری بەرامبەر هێرشی داعش ئەنجام بدات و تێكیبشكێنێت و هەرێمی كوردستان لەو شەڕه‌دا گەورەترین یارمەتی پێشكه‌ش به‌ خه‌ڵك و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌كانى عێراق و سووریا كرد كه‌ نزیكه‌ى دوو ملیۆنیان وه‌ك په‌نابه‌ر و ئاواره‌ ڕوویان له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد، پێشمه‌رگه‌ى كوردستانیش ئه‌وپه‌ڕى هاوكاریى سوپای عێراقی كرد.

سه‌فین دزه‌یى
وته‌بێژى فه‌رمى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان
29/9/2017

 



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان