حکومەتی هەرێمی كوردستان
WED, 22 NOV 2017 19:44 Erbil, GMT +3

نێچیرڤان بارزانی و كۆبیش دیالۆگی جددی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌

TUE, 7 NOV 2017 11:24 | KRG Cabinet

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 7/11/2017 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز یان كۆبیش نێرده‌ی تایبه‌تیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا باس له‌ دوا پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ و عیراق و هه‌رێمی كوردستان كرا و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك هه‌وڵی كۆتاییهێنان به‌و گرژییانه‌ بده‌ن كه‌ به‌م دواییه‌ له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان دروست بوون، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ دیالۆگێكی جدددی له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كۆی كێشه‌كان ده‌ست پێ بكرێت، له‌مباریه‌شه‌وه‌ ڕۆڵی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ زه‌مینه‌سازی بۆ دروستكردنی گفتوگۆ و دیالۆگ، به‌ پێویست زانرا.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ تاكه‌ ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان گفتوگۆ و دیالۆگه‌ و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش پێشتر و ئێستاش ئاماده‌ییی خۆی بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ و دیالۆگێكی جددی‌ به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ل به‌غدا، ده‌ربڕیوه‌‌.

تاوتوێكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ دۆخی ناوچه‌كه‌وه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.