حکومەتی هەرێمی كوردستان
TUE, 23 APR 2024 19:01 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

حكوومه‌تى هه‌رێم جه‌خت له‌ دیالۆگ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ عیراق ده‌كاته‌وه‌

MON, 13 NOV 2017 17:28 | KRG Cabinet


پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 13/11/2017، به‌ سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، كۆبوونه‌وه‌ى ئاساییى خۆى ئه‌نجام دا.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ كه‌سوكارى قوربانیانى بوومه‌له‌رزه‌كه‌ى شه‌وى ڕابردوو له‌ سنوورى هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان و ناوچه‌كانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ئیسلامیى ئێران كرد و هیواى زووچاكبوونه‌وه‌ى بۆ برینداران خواست، تیمێكى به‌په‌له‌یشى دروست كرد بۆ به‌هاناوه‌چوونى لێقه‌وماوان، سوپاسى داموده‌زگاكانى حكوومه‌تى له‌ ناوچه‌كه‌ كرد بۆ به‌هاناوه‌چوونى لێقه‌وماوان، هه‌روه‌ها سوپاسى سه‌رۆكایه‌تیى كۆمارى توركیا و ده‌زگاى به‌هاناوه‌چوونى ئافادى توركى كرد كه‌ هاوكارى و تیمێكى فریاگوزارییان بۆ هاوكاریى لێقه‌وماوان ناردووه‌، داواى كرد حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵیش وه‌ك پێویست به‌پیر لێقه‌ومانه‌وه‌ بێت.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ خوازیاره‌ هه‌موو كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵ له‌ ڕێگه‌ى دیالۆگێكى جددییه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكات، نیگه‌رانیى خۆیشى نیشان دا كه‌ حكوومه‌تى فیدراڵ وێڕاى ئه‌وه‌ى باس له‌ پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستووره‌ ده‌كات، به‌ڵام له كرداردا وا نییه‌ و هه‌نگاوى ناده‌ستوورى به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێم ده‌گرێته‌ به‌ر، وه‌ك پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى عێراقى فیدراڵ بۆ ساڵى 2018 و كه‌مكرده‌وه‌نه‌ى بودجه‌ى هه‌رێم،  به‌كارهێنانى ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ى هه‌رێمى كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كى فیدراڵى هه‌ڵده‌وشێنێته‌وه‌ و چه‌ندین بڕیار و ڕێكارى دیكه‌ى ناده‌ستوورى به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمى كوردستان.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران جه‌ختى له پێویستى و گرنگیى یه‌كڕیزیى ناوخۆیى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ بۆ تێبه‌ڕاندنى دۆخى ئه‌مڕۆى سیاسى و ئابوورى، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ سه‌ردانى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت.