حکومەتی هەرێمی كوردستان
FRI, 19 APR 2024 19:26 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

باڵیۆزی نوێی به‌ریتانیا پشتگیریی وڵاته‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات ده‌كاته‌وه

SUN, 19 NOV 2017 17:59 | KRG Cabinet

باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عیراق، وێڕای گه‌یاندنی پرسه و سه‌ره‌خۆشیی شاژنی شانشینی یه‌كگرتوو ئه‌لیزابێتی دووه‌م بۆ قوربانیانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردووی هه‌رێمی كوردستان و ئاماده‌ییی به‌ریتانیا بۆ ناردنی هاوكاریی مرۆیی، پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپات كردەووە و ڕایگەیاند بەریتانیا خوزیارە پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكوومەتێكی بەهێزی هەرێمی كوردستان لهڕووی سیاسی، ئابووری و ئاسایشەوە هه‌بێت، هه‌روه‌ها هیوای به‌رده‌وامی بۆ پەیوەندییە باشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عیراق خواست.

به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونییه‌وه وه‌ك باڵیۆزی نوێی وڵاته‌كه‌ی له عێراق، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 19/11/2017 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به ئاماده‌بوونی به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، پێشوازی له به‌ڕێز جۆن ویڵكس باڵیۆزی نوێی به‌ریتانیا له عیراق كرد. له دیدارێكدا به‌ڕێز ویڵكس خۆشحاڵیی خۆی به سه‌ردان و پێشكه‌وتنه به‌رده‌وامه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه ویستوویه‌تی لە سەرەتای دەستبەكاربوونی، سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و لەگەڵ حكوومه‌ت و سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە.

به‌ڕێزیان ده‌ستخۆشی لە هه‌ڵوێستی حكوومەتی هه‌رێمی كوردستان كرد، كه به‌رامبه‌ر به ڕووداو و گرژییەكانی ئەم دواییە له‌گه‌ڵ به‌غدا هەوڵی داوە گرژییەكان كەم بكرێنەوە و كەشێكی ئارام بۆ گفتوگۆ دروست بكرێت. دووپاتیشی كردەوه وڵاتەكەی بۆ هەر هاوكاری و هەماهەنگییەك له‌پێناو دەستپێكردنی دیالۆگێكی جددیی هەولێر و بەغدا و چارەسەركردنی كێشەكانیان ئاماده‌یه. سه‌باره‌ت به ڕێكخراوی داعشی تیرۆرستیش، ئاشكرای كرد داعش لە ڕووی سەربازییەوە شكستی هێناوە، بەڵام هزری داعش هێشتا هەر ماوە، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یشی ده‌بێ زیاتر لە جاران لە هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا په‌ره‌یان پێ بدرێت.

لای خۆیەوە وێڕای پیرۆزبایی، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ به‌ڕێز باڵیۆزی نوێی به‌ریتانیا له عیراق خواست و هاوكاریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ كار و چالاكییه‌كانی و پته‌وكردنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بەریتانیای دووپات كرده‌وه‌. سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداش ئاماژەی بەوە كرد حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە خوازیاری گفتوگۆیەكی جددی دوور لە توندوتیژی بووە، بە پێویستیشی زانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕۆڵی خۆی لە ڕه‌خساندنی زەمینەی دیالۆگ لەنێوان هه‌ردوولادا، بگێڕێت.