حکومەتی هەرێمی كوردستان
SAT, 20 APR 2024 13:53 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

سه‌رۆكایه‌تیى حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كۆده‌بێته‌وه‌

TUE, 28 NOV 2017 17:53 | KRG Cabinet


هه‌ریه‌كه‌ له‌ پارتى دیموكراتى كوردستان، حیزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان و حیزبى شیووعیى كوردستان، پشتگیریى خۆیان بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ تێپه‌ڕاندنى دۆخى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ ڕێگه‌ى دیالۆگه‌وه‌، ده‌ربڕى و گرنگیى ته‌بایى و یه‌كڕیزیى ناوخۆییان بۆ تێپه‌ڕاندنى دۆخه‌كه‌ دووپات كرده‌وه‌.



ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 28/11/2017 له‌ پیرمام به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیران و قوباد تاڵه‌بانى جێگرى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و شاندێكى حكوومى، له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بى سیاسیى پارتى دیموكراتى كوردستان كۆبوونه‌وه‌. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان و چۆنیه‌تیى تێپه‌ڕاندن و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا تاوتوێ كران. پارتى دیموكراتى كوردستان، وێراى جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ ته‌بایى و یه‌كڕیزیى لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان، هه‌موو پشتگیرییه‌كی خۆى بۆ هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌پێناو تێپه‌ڕاندنى دۆخه‌كه‌ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور، دووپات كرده‌وه‌.



پاشان له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ حیزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا هه‌ردوولا داكۆكییان له‌ یه‌كڕیزى و ته‌باییى لایه‌نه ‌سیاسییه‌كان كرده‌وه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى دۆخى ئێستا و دۆزینه‌وه‌ى ڕێگه‌چاره‌ى ده‌ستوورى بۆ كێشه‌ و ناكۆییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵى عێراق. حیزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان سه‌ردانى شاندى باڵاى حكوومه‌تى بۆ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ هه‌نگاوێكى گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا، پشتگیریى خۆیشى بۆ هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌پێناو دروستكردنى یه‌كڕیزى ده‌ربڕى.



دواجار هه‌ر له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ حیزبى شیووعیى كوردستان كۆبوونه‌وه‌ و تیایدا وێڕاى تاوتوێكردنى دۆخه‌كه‌ و دوایین پێشهاته‌ سیاسى و دیپلۆماسییه‌كان، جه‌خت له‌ یه‌كێتى و یه‌كڕیزیى كوردستانییان كرایه‌وه. حیزبى شیووعیى كوردستان له‌گه‌ڵ پشتگیرى بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌م دۆخه‌ى ئێستادا، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م قۆناغه‌ش هه‌رچه‌ند سه‌خته‌، به‌ڵام خه‌ڵكى كوردستان قۆناغ و دۆخى له‌مه‌ سه‌ختتریشى به‌ یه‌كڕیزى و ته‌بایى تێپه‌ڕاندووه‌ و ئه‌مه‌ش تێده‌په‌ڕێنێت.