له میانی به‌شداریكردنی له كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهاندا له داڤۆس، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 25/1/2018 به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری له پانێڵێكی ڕۆژی دووه‌می كۆڕبه‌نده‌كه‌دا كرد كه تایبه‌ت بوو به ڕه‌وشی عێراق و سووریا و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی له‌م دوو وڵاته له ده‌ستی گرووپی تیرۆرستیی داعش ڕزگار كراون و هه‌ریه‌ك له به‌ڕێزان سه‌رۆكی بانكی جیهانی و جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی لوبنان و به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای كرێسن پترۆلیۆم و چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی دیكه تیایدا به‌شدار بوون.
به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى له وته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه كرد ئه‌و ناوچانه‌ی له ده‌ستی داعش ڕزگار كراون ته‌نیا پێویستییان به ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی خانوو و باڵه‌خانه‌كان نییه، به‌ڵكو له ڕووی ئاشته‌واییی كۆمه‌ڵایه‌تی و دروستكردنه‌وه‌ی متمانه و پێكه‌وه‌ژیانی نێوان پێكهاته جیاوازه‌كانیشه‌وه، پێویستى به كارێكى زۆر هه‌یه كه هاتنی داعش له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیانه‌وه كاریگه‌رییه‌كی زۆر خراپی له‌سه‌ر پێكهاته‌كانی ئه‌و ناوچانه هه‌بوو.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا به‌ڕێزیان تیشكی خسته سه‌ر كار و چالاكییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه له ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا پێشوازی له ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆری ئاواره و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆرستانی داعش كردووه و خزمه‌تگوزاریی پێویستی پێشكه‌ش كردوون، ئه‌مه‌ش بارگرانییه‌كی زۆری بۆ خزمه‌نگوزاریی گشتی له هه‌رێمی كوردستان دروست كردووه. هه‌روه‌ها هیوای خواست له پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی له تیرۆرستانی داعش ڕزگار كراون، هه‌رێمی كوردستانیش له‌به‌رچاو بگیرێت.
به‌ڕێزیان جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه هێشتا هۆكار و فاكته‌ره‌كان و هزری داعش له ناوچه‌كه‌دا ماوه و به پێویستی زانی له ڕووی فكره‌وه داعش بنه‌بڕ بكرێت و ئه‌و هۆكارانه‌ی كه بوونه‌ته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی، نه‌هێڵرێن و چاره‌سه‌ر بكرێن.