دواى چه‌ند دیدار و كۆبوونه‌وه‌یه‌كى له كۆڕبه‌ندی ئابووری جیهاندا له داڤۆس، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 25/1/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ڕۆژنامه‌وانان دوا.
سه‌ره‌تا له وه‌ڵامی پرسیارێكدا به‌ڕێزیان گوتی "كۆمه‌ڵێك كۆبوونه‌وه‌مان هه‌بوو له په‌راوێزی كۆنفرانسی داڤۆس و كۆبوونه‌وه‌یه‌كی كورتمان له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادی و دوای ئه‌وه ئه‌مڕۆش كۆبوونه‌وه‌مان هه‌بووه له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا. له‌م كۆبوونه‌وانه‌دا كه دوو كۆبوونه‌وه‌ی گرنگ بوون باسی ئه‌و كارانه‌مان كرد كه تا ئێستا ئه‌نجام دراون، باسی ئه‌و لیژنانهمان كرد كه له‌نێوان هه‌ردوولادا دامه‌زراوه كه باسی پرسی فڕۆكه‌خانه‌كان، مووچه و خاڵه سنوورییه‌كان كراوه. هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیارمان دا كۆبوونه‌وه‌ی دیكه به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر پرسی نه‌وت ئه‌نجام بده‌ین كه دوێنێ شه‌و ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه له‌نێوان هه‌ردوولادا ئه‌نجام درا و له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێككه‌وتووین هه‌فته‌ی داهاتوو كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه له نێوانماندا ئه‌نجام بدرێت تاكو بگه‌ینه هه‌ندێك چاره‌سه‌ر. بێگومان ناتوانرێت پێشبینیی ئه‌وه بكرێت هه‌موو كێشه‌كان به یه‌كجار چاره‌سه‌ر بكرێن، چونكه كێشه‌كان گه‌وره‌ن، به‌ڵام ئێمه پێمانوایه هه‌ر له ئێستاوه تا ده‌گاته كاتی هه‌ڵبژاردن، ده‌كرێت هه‌ندێك پرسی گرنگ وه‌ك كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان و مووچه چاره‌سه‌ر بكرێن".
سه‌باره‌ت به پرۆگرامی شاندی باڵای هه‌رێمی كوردستان له داڤۆس بۆ سبه‌ی ڕۆژی هه‌ینی 26-1-2018 و ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كانیان، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد "سبه‌ینێش پرۆگرامه‌كه‌مان به‌رده‌وام ده‌بێت و هه‌ندێك كۆبوونه‌وه‌مان هه‌یه. هه‌روه‌ك ئاگادارن ڕۆژانه ئه‌و كۆبوونهوانهمان هه‌یه و جارێ نازانین له‌گه‌ڵ كێ كۆده‌بینه‌وه. به شێوه‌یه‌كی گشتی كۆبوونه‌وه‌كانمان زۆر باش بوون و ده‌توانم وا هه‌ڵیسه‌نگێنم كه كۆبوونه‌وه‌ی باشمان هه‌بووه. ئه‌م كۆنفرانسه ده‌رفه‌تێكه بتوانین له‌گه‌ڵ لایه‌نی دیكه و ئه‌ورووپییه‌كان و ئه‌وانه‌ی به‌شدارن تیایدا دیدار و كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌نجام بده‌ین، چاوه‌ڕێ ناكرێت شتێكی گرنگ لێ دروست ببێت، به‌ڵام هه‌وڵێكه بتوانیت بیانبینیت و ڕا و سه‌رنجی خۆتی پێڕابگهیهنی".
سه‌باره‌ت به به‌یاننامه‌یه‌كی نووسینگه‌ی به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ گوایه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ڕێككه‌وتوون به‌رهه‌می نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ڕاده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ بكرێت، به‌رێزیان گوتی "ئه‌مه ته‌واو دووره له ڕاستی و ئه‌و شتانه‌مان له‌گه‌ڵیان هه‌ر باس نه‌كردووه و گله‌ییشمان له‌وان كرد كه نه‌ده‌بوایه ئه‌و به‌یاننامه‌یه ده‌ربكه‌ن، چونكه به ڕاستی ئێمه ئه‌و شتانه‌مان باس نه‌كردووه، زۆر به‌داخه‌وه كه به‌و شێوه‌یه بڵاویان كردۆته‌وه. هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان زۆر ڕوونه، هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێت ئه‌و كێشانه‌ی كه هه‌یه به چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزرێته‌وه و هه‌میشه ئه‌وه‌مان گوتووه و ئێستاش دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه و له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیش هه‌ر به‌و شێوه‌یه قسه‌مان كردووه".
ده‌رباره‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ڕایگه‌یاند "كۆبوونه‌وه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا گرنگ بوو و ئێمه باسی كۆبوونه‌وه‌ی خۆمان له به‌غدا و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی تا ئێستا له‌گه‌ڵ به‌غدا هاویشتوومانه و ئه‌میش گوتی كه ئه‌مه ده‌رفه‌تێكى باشه تاكو دواتر ئێمه‌ش ئه‌م شتانه له‌گه‌ڵ به‌غدا باس بكه‌ین و هیوای هه‌بوو ئێمه پێكه‌وه بتوانین بگه‌ینه ئه‌نجامێك".
سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری كۆبوونه‌وه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی یان به‌ڕێزیان له‌گه‌ڵ دۆناڵد ترامپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، به‌ڕێزیان گوتی "من ئاگادار نیم به‌ڕێز عه‌بادی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ترامپ هه‌بێت. ئێمه هیچ به‌رنامه‌یه‌كی كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ترامپ نییه".
له وه‌ڵامی دوا پرسیاریشدا ده‌رباره‌ی گه‌یشتنه ئه‌نجام له‌گه‌ڵ به‌غدا له هه‌فته‌ی داهاتوودا، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ئاشكرای كرد "هیوادارین بگه‌ینه ئه‌نجام و هیچ ده‌رفه‌تێكیش له‌ده‌ست ناده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین بگه‌ینه ئه‌نجام به شێوه‌یه‌ك كه له به‌رژوه‌ندیى گه‌لی كوردستان و گه‌لی عێراقدا بێت".