هه‌ر له چوارچێوه‌ی دووه‌م ڕۆژی كۆڕبه‌ندی ئابووری جیهاندا له داڤۆس، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 25/1/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز خێرا بۆرژوا، سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی فلانده‌رزی به‌لجیکا كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و هه‌رێمى فلانده‌رزی به‌لجیكا تاوتوێ كرا و هه‌ردوولا خواستی خۆیان بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان دووپات كرده‌وه به‌تایبه‌تی له‌و بوارانه‌دا كه بۆ هه‌ردوولا گرنگن و تیشك خرایه سه‌ر ئه‌و بوارانه‌ی كه هه‌رێمی كوردستان ده‌توانیت له پسپۆڕی و شاره‌زاییی هه‌رێمی فلانده‌رز سوودمه‌ند بێت به‌تایبه‌تی له بواری ئابووری و وه‌به‌رهێناندا.
دوایین پێشهاته‌كانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوو كه تیایدا تیشك خرایه سه‌ر پرۆسه‌ی دیالۆگ و هه‌وڵه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان. له‌مباره‌یه‌وه كاری لیژنه هاوبه‌شه‌كانی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ به ئه‌رێنی هه‌ڵسه‌نگێنرا و هه‌ردوولا هیوایان خواست كه بگه‌نه ئه‌نجامێكی جددی و چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوی كێشه‌كان.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی فلانده‌رزی به‌لجیكا باسی سه‌ردانی خۆی بۆ هه‌رێمی كوردستان و سه‌ردانی شانده‌كانی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌رێمی فلانده‌رز كرد و ستایشی ڕۆڵی پێشمه‌رگه‌ی له شه‌ڕی دژی تیرۆردا كرد. هه‌روه‌ها هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ حه‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و ژماره زۆره‌ی ئاواره و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆرى به‌رز نرخاند و جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌ورووپا و له‌سه‌ر ئاستی فیدراڵی به‌لجیكاش، هه‌وڵ ده‌ده‌ن هاوكاریی ئاواره و په‌نابه‌ران له هه‌رێمی كوردستان بكرێت.
لای خۆیه‌وه به‌رێز نێچیرڤان بارزانی سوپاسی سه‌رۆك وه‌زیران و حكوومه‌تی هه‌رێمى فلانده‌رزی كرد بۆ پشتگیری‌یان له هه‌رێمی كوردستان له كاته سه‌خته‌كاندا و ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانی بۆ به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه به‌تایبه‌تی له بواره‌كانی ئابووری و وه‌به‌رهێنان و ئاسانكاری بۆ كۆمپانیاكانی هه‌رێمی فلانده‌رز تا وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، دووپات كرده‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شاندى یاوه‌ڕى به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ڕێزان قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، د. فوئاد حسێن سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان ئاماده بوون.