حکومەتی هەرێمی كوردستان
THU, 26 APR 2018 12:45 Erbil, GMT +3

نێچیرڤان بارزانی و سه‌رۆكی شاندی ژاپۆن له‌ داڤۆس كۆبوونه‌وه‌

FRI, 26 JAN 2018 19:40 | KRG Cabinet

وێڕاى به‌شداریكردنى له‌ پانێلى به‌ڕێز دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا له‌ سێیه‌م ڕۆژی كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهاندا له‌ داڤۆس كه‌ تیایدا سیاسه‌تى ئه‌مه‌ریكا و دیدگاى خۆى و ئیداره‌كه‌ى سه‌باره‌ت به‌ ئابوورى و كار و وه‌به‌رهێنان و په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ جیهان خسته‌ ڕوو، ئه‌مڕۆ هه‌ینی 26/1/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز کێنتۆرا سۆنوورا ڕاوێژکاری سه‌رۆک وه‌زیرانی ژاپۆن ـ سه‌رۆکی شاندی ژاپۆن بۆ كۆڕبه‌ندی داڤۆس، كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێزان قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم ئاماده‌ بوون، هه‌ردوولا خۆشحاڵیی خۆیان به‌و دیداره‌ ده‌ربڕی و باسیان له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ژاپۆن و په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كان كرد. هه‌روه‌ها ڕه‌وشی ئاواره‌ و په‌نابه‌رانیان له‌ هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كرد و له‌مباره‌یه‌وه‌ ڕۆڵی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ پێشوازیكردن و حه‌واندنه‌وه‌ی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری بۆیان به‌رز نرخێنرا.

به‌ڕێز سۆنوورا پشتگیریی وڵاته‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ چوارچیوه‌ی پرۆگرامه‌كانیان بۆ عێراق و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا به‌تایبه‌تی له‌و بوارانه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان بتوانێت سوود له‌ پسپۆڕی و شاره‌زایی ژاپۆن وه‌رگرێت، دووپات كرده‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی گه‌ل و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ پشتیوانی و هاوكارییه‌كانی گه‌ل و حكوومه‌تی ژاپۆرن ده‌ربڕی و پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و دیالۆگی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا پێشكه‌ش كرد و پابه‌ندیی هه‌رێمی كوردستانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌پێی ده‌ستووری عێراق نیشان دا و هیوای خواست كۆبوونه‌وه‌كان‌ ئه‌نجامی باشی لێ بكه‌وێته‌وه‌.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسی كۆنفرانسی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق كرا كه‌ بڕیاره‌ له‌ كوێت ئه‌نجام بدرێت و له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران به‌ گرنگی زانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا بكات و پشكی خۆی له‌ پڕۆژه‌كان بۆ دابین بكرێت.

تاوتێكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به‌ ناوچه‌كه‌وه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.