ئێستا کاتییەتى، چالاکوانانى لادێ و شار پێکەوە، ژیانى ئافرەتان بەرەو ئایندەیەکى گەش بگۆڕن.
مانگى ئادار مانگى فیداکارى و ڕاپەڕینەکانە. هاوکات ڕۆژى جیهانیی ئافرەتان بۆ ژنانى کوردستان تایبەتمەندییەکى زۆرى هەیە، چونکە لەلایەک مانگى یادەوەرییە خەمناک و ناخۆشەکانه، لەلایەک مانگى ڕاپەرین و رزگارى گەلى کوردستانە لە دەستى دکتاتۆرییەت، لە لایەکى تر یادێکى مەزنى جیهانى دەکاتەوە کە تایبەتە بەو تیکۆشان و فیداکاریی و خەباتە مەدەنییەى بە درێژایی قۆناغەکانى مێژوو لە پێناو دەستەبەرکردنى مافە سیاسى، مەدەنى، یاسایی، ئابورى و کۆمەلایەتییەکانى، خەباتى بۆ کردووە. بۆیە ئەم یادە بەرهەمى خەبات و ڕەنجى سەدان ساڵى ژنانى ڕزگاریخوازى گشت پێکهاتە و نەتەوەکانى دونیایە لە پێناوى نەهێشتنى هەموو جۆر و شێوازەکانى جیاکارى و چەوساندنەوە. بۆیە ژنانى جیهان بەگشتى و ژنانى کوردستان بەتایبەتى، شایانى ڕێز و خۆشەویستین لە پاى هەموو هەوڵ و خەبات و تێکۆشان و فیداکارییەکانیان.
بۆیە دەڵێین: ئێستا کاتییەتى ژنان و پیاوان پێکەوە کار بۆ بەرەوپێشبردنى کۆمەڵگە بکەن لەسەر بنەماى نەهێشتنى جیاکارییەکان و بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژییەکان بێ جیاوازیی ڕەگەزى، هەنگاوەکان بۆ خاڵیکردنەوەى کوردستان بێت لە تەواوى کردار و پەرچەکردارە ناپەسەندەکانى کۆمەڵگە بە هەموو شێوازەکانییەوە.
جەژنتان پیرۆزبێت ژنانى تێکۆشەر و فیداکارى کوردستان. سەرى ڕێز و نەوازش دادەنەوێنین بۆ شەهیدان، خانەوادەى سەربەرزى شەهیدان، ژنانى قوربانى دەستى ڕژێمەکان و گروپە تیرۆریستەکانى داعش و هاوشێوەکانى و قوربانیانى دەستى توندوو تیژییەکان.
سەربەخۆیی و ئازادى بۆ ئافرەتانى کوردستان.
کوردستان لە هەموو کات زیاتر پێویستى بە دەستى کارى ژنانى گوند و شارەکانە لە پێناو دەربازبون لەو قەیران و ئاستەنگانەى ڕووبەڕووى کوردستان بونەتەوە. کەواتە کاتییەتى: زەمینەسازى بۆ ڕەخساندنى دەرفەتەکان بچێتە قۆناغى کردارییەوە و ئەو هێز و توانا خەوێنراوەى ژنانى گوند و شار ببوژێنرێتەوە و کوردستان لە تواناکانیان سودمەندبیت و ببنە بەشێک لە چارەسەر و هێز و تواناکانیان نیشانى کۆمەڵگە بدەن تا متمانەى زیاترى خۆیان و هاوپیشە و خێزان و دامەزراوەکانیش مسۆگەر بکەن.
بۆیە ئافرەتان چاویان بڕیوەتە داهاتوو تا لە پڕۆسەى پەرەپێدان و پێشخستنى کوردستان ڕۆڵى سەرەکییان هەبێت هەروەک چۆن لە سەرخستى شۆڕش و ڕاپەڕینەکان ڕۆڵى گرنگیان هەبووە، هەرواش باوەرمان وایە بەشدارى ڕاستەقینەى ژنان لە پرۆسەکانى پەرەپێدان و بەشداریی زیاترى ئافرەتان لە تەکنەلۆژیاى زانیارییەکاندا، گارانتى سەرکەوتن و پێشخستنى کوردستان زیاتر دەکات.
بە کارى پێکەوەیی ژنان و پیاوانى چالاک و هۆشیار، دەتوانیین کوردستان پێشبخەین. بۆیە پێویستە ئافرەتانى گوند و شار دەرفەتى کارگێڕیی زیاتر و زەمینەسازى بۆ ڕەخساندنى ژینگەیەکى کارى تەندروست بۆیان بڕەخسێنریت لە بازاڕەکانى هەرێم تا بتوانێت ڕۆڵى کارا ببینێت لە زیادکردنى بەرهەم و بەرهەمە ناوخۆییەکان گەشەى پێبدات بەتایبەت بۆ هەر ژنێک پێگەیەک وکارێکى شایستە دەستەبەر بکرێت، کەواتە بۆ ئەوەى ئەم ئامانجانە بەدى بهێنین ژنان پێویستیان بە پاراستنى کۆمەڵایەتی و هەنگاونانە بەرەو ئاسۆیەکى ڕونتر کە داهاتووى لە کوردستانێکى گەشەسەندوودا دەبینێتەوە.
کارکردن بۆ ئەم پەیامانە بەرپرسیارێتییەکى هەمەلایەنەیە هەم لەڕووى بابەتى و هەم لەڕووى کردارییەوە کە ئێستا لە هەموو کات زیاتر کاتیهتی. لە هەمان کاتدا مافى ئافرەتانى ئاوارە و پەنابەر لە کارکردن و بەگەڕخستنى تواناکانیان یەکێکە لەو ڕێگایانەى کە مافە شایستەکانى ژنانى ئاوارە و پەنابەر بەدیدەهێنیت و لە هەمانکاتدا دەیگوازێتەوە بۆ ژینگەیەکى جیاواز لەوەى تێیدا دەژى، بەمەش گیانى متمانەبەخۆبوون و هاوبەشیی ڕاستەقینە لە ئەرک و مافەکانیان بۆ دەستەبەر دەکات. کاریگەریی ئەرێنى لە ڕووى دەروونى و کۆمەڵایەتى دروستدەکات بەمەش پارێزگارى کۆمەڵایەتى و سەقامگیریی ئاشتى کۆمەڵایەتى بەدى دەهێنرێت.
کەواتە با پێکەوە ئەم بەرپرسیارێتیە لە ئەستۆ بگرین و کوردستان بگوازینەوە بۆ قۆناغێکى گەشەسەندوتر.
سەرکەوتوو بێت ئیرادەى ژنانى خۆڕاگر و فیداکار
پێکەوە مافە زەوتکراوەکانمان بە دەست دێنینەوە و بە ئاشتى و ئازادى ژیانمان رێکدەخەینەوە بەرەو کوردستانیکى گەشەسەندوتر.
ئەنجومەنى باڵاى کاروبارى خانمان
حکوومەتی هەرێمی کوردستان
هەولێر - 8ى مارسی 2018