حکومەتی هەرێمی كوردستان
TUE, 23 OCT 2018 17:18 Erbil, GMT +3

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕیفۆرمى خوێندنى تەکنیکى لە زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانى کوردستان راگەیاند

WED, 29 AUG 2018 17:25 | KRG Cabinet

د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ململانێی هەرە گەورەی سەدەی بیست و یەک بریتی دەبێت لە شەڕی دەستەبەرکردنی دەرفەتی کار، ئێمەش وەکو دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لەبەردەم ئەرک و ئۆباڵی مێژوویدا دەبین، خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین بەرامبەر نەوەکانمان.


ئەم وتانەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانەى مەراسیمى ڕاگەیاندنى (ڕیفۆرمى خوێندنى تەکنیکى لەزانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانى کوردستان)دا هات، کە ئەمڕۆ چوارشەممە ٢9-٨-٢٠١٨ بەئامادەبوونى سەرۆکى یەکێتى زانکۆکانى عەرەب و سەرۆک زانکۆ حکومى و تایبەتەکان و ڕاوێژکارانى وەزارەت و بەڕێوەبەرانى گشتى لە هۆتێل ڕۆتانا لەشارى هەولێر بەڕێوەچوو.


لەدەستپێکى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى لە دیبەیتە گەرمەکانى چوار ساڵى ڕابردووى وەزارەتەکەمان بووە، لەسەرەتاى دەستبەکاربوونیشمان تا ئێستا بەهاوکارى زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان و هاوکارە نێودەوڵەتییەکان زۆر بەوردى هەڵسەنگاندنى بابەتیانەمان بۆ پڕۆسە و سیستمى خوێندنى تەکنیکى ئەنجامداوە، و گفتوگۆى وردمان دەربارەى هێڵەگشتییەکانى گۆڕانکارى لەخوێندنى تەکنیکى کردووە، وتیشى: لەم پڕۆژەیەشدا ژمارەیەک دامودەزگا و ڕێکخراوى جیهانى تێڕوانین و سەرنجى خۆیان پێشکەش کردووین، لە ئاکامدا بڕیارمان دا لیژنەیەکی بالا بۆ دیراسەکردن و بریاردان لەسەر ریفۆرمی خوێندنی تەکنیکی پێک بهێنین.


لەبارەى پڕۆژەکەش د. یوسف گۆران ئەوەى ڕاگەیاند: ئەم پرۆژەیە هەمەلایەنەو زۆربەی بوارەکانی خوێندن لە زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان دەگرێتەوە، بەتایبەت رێکخستنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن و گونجاندنی لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کارو گەشەکردنی ئابووری کوردستان، هەروەها گرنگیدان بەو کارامەییانەی کە دەرفەتی کارکردن بۆ کادیرانی ناوەندی و تەکنیکی دەرەخسێنێت. ئەوەشى ڕوون کردەوە کە لەهەمان کاتدا بەپێی ئەم بەرنامەیە لەمەودوا سیستەمی خوێندن لە سەرجەم زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان لەرووی پرۆگرام و یەکەکانی خوێندن و ئاکامەکانی پرۆسەی خوێندن و فێرکردن و راهێنان بە تەواوەتی پەیڕەوی سیستمی بۆڵۆنیا دەکات و بابەتەکانی فاوندەیشن و زمانی ئینگلیزی و سۆفت سکڵ دەبێتە خەسڵەتی نوێی خوێندنی تەکنیکی لەزانکۆکانمان.


لەبارەى بڕوانامەى زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکانیش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: ئاستەکانی پێدانی بڕوانامەی پیشەیی گۆرانکاری بنەڕەتییان بەسەردا دێت، بەجۆرێک ئەم سیستەمە بتوانێت کادیری ناوەندی و تەکنیکی خۆماڵی بۆ بازاڕی کار ئامادە بکات، لەهەمان کاتدا ڕێچکەی تەواوکردنی خوێندنی بەکالۆریۆس و خوێندنی باڵاش بۆ بوارە تەکنیکیەکان دەڕەخسێنێت.


لەبەشێکى دیکەى وتەکەیدا د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: دەبێت ئەو راستییەمان لە پێش چاو بێت کە وڵاتەکەمان لە ئێستا پێویستی زۆری بە کادیری تەکنیکی و ناوەندی هەیە، زۆر بواری تەکنیکی هەیە کە لە بازاڕی کاری هەرێمەکەماندا پشت بە دەستی کاری بیانی دەبەستێت ، بۆیە ئەرکی زانکۆکانی پۆلیتەکنیکیەکە کە بتوانن بە وردی ئەو بوارانەمان بۆ پڕ بکەنەوە دەستی کاری خۆماڵی بۆ هەموو بوارەکانی کارامەیی تەکنیکی ئامادە بکەن.


لەو چوارچێوەیەشدا ئەوەى ئاشکراکرد کە: هەموو شارەزایانی ئابوری لەسەر ئەو ڕاستیە کۆکن کە ١٠ ساڵی ئایندە گۆڕانکاری گەورە بەسەر پێداویستیەکانی بازاڕی کارو کارپەیداکردندا دێت بەهۆی کاریگەریەکانی شۆرشی پیشەسازی چوارهەم و ئاوێتەبوونی تەکنەلۆجیای فیزیکی و دیجیتاڵی و بایلۆجییەوە گۆرانکاری گەورە بەسەر پیشە و سروشتی کارو کارامەییەکانی بازاڕی کاردا دێت، بۆ ئەوەش وتى: پێشبینی دەکرێ تا ساڵی ٢٠٢٥ لە سەدا پەنجای پیشەکانی ئێستا نەمێنن و پیشەو کارامەیی دیکە جێگەیان بگرێتەوە.


سەبارەى بە ڕیفۆرمى پڕۆسەى خوێندنى تەکنیکیش لە هەرێمى کوردستان، د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: پرۆسەی ریفۆرمی خوێندنی تەکنیکی پرۆسەیەکی داینامیکیە، بەردەوام توێژینەوەو داهێنان و نوێبوونەوەی دەوێت، نابیت تەنها لێرەدا بوەستین, بەڵکو دەبیت چاوکراوەو بەئاگابین بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوومان دەست و پێ سپی نەبێت، بتوانێت بە ئاسانی لە بازاڕی کاری ناوەخۆی و نێودەوڵەتی هەولێ بە دەستهێنانی هەلی کار بدات.

 



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان