حکومەتی هەرێمی كوردستان
FRI, 19 APR 2024 20:35 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

نێچیرڤان بارزانی و خاتوو ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلاین كۆبوونه‌وه‌

MON, 17 SEP 2018 15:07 | KRG Cabinet

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 17/9/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ خاتوو ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلاین وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا  و شاندێكی باڵای حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا كرد كه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری سه‌ر به‌ پارته‌ جیاوازه‌كان له‌ لیژنه‌ی به‌رگریی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا پێكهاتبوون.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ به‌ڕێزان وه‌زیر و به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوون، خاتوو دێرلاین و به‌ڕێزان په‌رله‌مانتارانی یاوه‌ری، چاونه‌ترسی و بوێریی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیان له‌ شه‌ڕی دژی داعش و پاراستنی خاك و پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان و قوربانیدانیان له‌م پێناوه‌دا به‌رز نرخاند، هه‌روه‌ها مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ هه‌رێمی كوردستان خسته‌ ڕوو كه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ خواست و پێداویستییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شاندی میوان باسیان له‌ ڕه‌وشی ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و جه‌ختیان له‌ به‌رده‌وامیی هاوكارییه‌كانیان بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران كرده‌وه‌ و ڕایانگه‌یاند كه‌ مه‌به‌ستیانه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ بزانن له‌مه‌ودوا هاوكارییه‌كان چۆن و چی بن و پرۆگرامی داهاتووی په‌نابه‌ران چی ده‌بێت؟

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و هاوكارییه‌ سه‌ربازی و مرۆییه‌كانی هاوپه‌یمانان و ئه‌ڵمانیای كرد له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا به‌تایبه‌تی ‌كاتی هێرش و مه‌ترسییه‌كانی داعش بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌ قۆناغێكی نوێی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش بنه‌بڕكردنی هزری توندڕه‌وی داعشه‌. به‌ڕێزیان هیوای خواست په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا بڕیار له‌ درێژكردنه‌وه‌ی مانه‌وه‌ی هێزه‌ مه‌شقكاره‌كانیان و به‌رده‌وامیی هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانیان بۆ‌ هه‌رێمی كوردستان بدات، چونكه‌ هێشتا مه‌ترسیی داعش ماوه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا به‌ڕێزیان سوپاسی ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسای كرد كه‌ ساڵی ڕابردوو پشتگیرییان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد له‌و دۆخه‌ دژواره‌ی ڕووبه‌ڕوو ببوویه‌وه‌، دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌خوازێت به‌ هێزه‌وه‌ له‌ به‌غدا بێت و سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌دا جێگیر بێت و مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان به‌پێی ده‌ستووری عێراق دابین بكرێن.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی له‌ باسی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانیشدا، ئاماژه‌ی به‌ بوونی بانگه‌شه‌یه‌كی هێمنانه‌ی هه‌ڵبژاردن‌ كرد‌ كه‌ كۆتایی ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت و دواتریش پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكوومه‌ت ده‌ستپێده‌كات. به‌ڕێزیان هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌ به‌رده‌وامیی پرۆسه‌ی چاكسازی كرده‌وه‌.



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان