جهنابى جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
بهڕێز د. بەشیر خەلیل توفیق حەداد
سڵاو و ڕێز،
بە بۆنەی هەڵبژاردنتان و لەئەستۆگرتنی ئەرکی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە خولی چوارەمدا، بە خۆشحاڵییەوە گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەکەین، هیوای سەرکەوتن بۆ خۆتان و ئەنجومەنی نوێنەران لە کارەکانیدا دەخوازین، ههروهها هیواى سهركهوتن بۆ ڕۆڵی پێشەنگانەی پهرلهمان لە پتەوکردنی متمانە و تەبایی لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا دهخوازین به لێکگەیشتن و کاری پێکەوەییی نوێنەرەکانیان لە فراکسیۆنەکاندا بە جیاوازیی لایەنگیرییانەوە، بۆ دەستەبەرکردنی بنەماکانی هاوبەشیی ڕاستەقینە و هاوسەنگی و سازانی سیاسی لە سایەی دەستووری عێراقدا کە ماف و خواستەکانی هەموو پێکهاتەکانی عێراق مسۆگەر بکات.
هیوادارین ئەنجومەنی نوێنەرانی هەڵبژێردراو، لە سایەی ئەندامێتینان لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنەکەدا، ڕۆڵی خۆی لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ لە چوارچێوەی دەستووردا بگێڕێت، لەپێناو گەیشتن بە متمانەی دوولایەنە و تێگەیشتنی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، بە ئامانجی جێگیرکردنی دادپەروەری و چەسپاندنی پایەکانی دیموکراسی و فرەلایەنی و دەستەبەرکردنی سەقامگیریی سیاسی لە عێراق و خێر و خۆشی بۆ گەلەکەی لە ژیانی سەربەرزانە و خۆشگوزەرانی و گەشەسەندوو بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی.
بە گەشبینییەکی زۆرەوە لە ڕۆڵی ئێوە دەڕوانین و هیوای سەرکەوتنتان دەخوازین.
لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزدا.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان
22/9/2018