حکومەتی هەرێمی كوردستان
TUE, 23 OCT 2018 00:15 Erbil, GMT +3

نێچیرڤان بارزانی قوتابییه یه‌كه‌مه‌كانی ده‌رچووی پۆلی دوازده‌ خه‌ڵات ده‌كات

SAT, 29 SEP 2018 15:51 | KRG Cabinet

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 29/9/2018 به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێزان د. به‌شیر حه‌داد جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراقی فیدرال و ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیر و به‌رپرسانی حكوومه‌ت و مامۆستا و كه‌سوكاری قوتابیان و خاوه‌نكار و سه‌رمایه‌داران، له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا قوتابییه‌ یه‌كه‌مه‌كانی ده‌رچووی پۆلی دوازه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان خه‌ڵاتكران.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا دوای پێشكه‌شكردنی چه‌ند وته‌یه‌ك له‌لایه‌ن ڕێكخه‌رانی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌وه‌، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و تیایدا جیا له‌ به‌خێرهێنانی به‌رێزان د. به‌شیر حه‌داد جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و كونسوڵ و نوێنه‌رانی وڵاتانی بیانی له‌ هه‌ولێر و هه‌موو ئاماده‌بووان و پیرۆزباییكردن له‌ قوتابیان و مامۆستایان و كه‌سوكاریان، قوتابییه‌ ده‌رچووه‌كانی یه‌كه‌می به‌ مایه‌ی شانازی بۆ گه‌لی كوردستان به‌گشتی وه‌سف كرد، چونكه‌ سه‌لماندیان كه‌ ڕەوتی پەروەردە و خوێندن سەرەڕای ھەموو کەموکورتییەک دەتوانێ دەسکەوتی گەورە بەدی بھێنێ، هه‌روه‌ها لێهاتوویی و زیره‌كیی ئه‌وانیشی بۆ خۆیان، مامۆستاکانیان، ھەڵومەرج، دەوروبەر و دۆخى سیاسی گه‌ڕانده‌وه‌ و هیوای خواست ئاینده‌شیان وەک ئـێستا گەش بێت و ببن بە نموونە بۆ ڕۆڵەکانی کوردستان كه‌ ڕوو لە خوێندن و زانست بکەن.

به‌ڕێزیان ئاشكراشی كرد كه‌ خوێندن تەنیا بۆ وەرگرتنی زانست و داھاتووی شه‌خسیى نییە، بەڵکو بۆ دروستکردنی وڵات و بۆ بنیاتنانى کۆمەڵگەیەکی بەھێزە بۆ بەگژداچوونەوەی ناحەزان. له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێزیان دوو نموونه‌ی بیر ئاماده‌بووان هێنایه‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌میان شاعیری گه‌وره‌ى کورد فایه‌ق بێكه‌س (75) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ شیعرى "سه‌ده‌ى بیسته‌مه‌"دا‌ گوتوویه‌تی:
ده‌رمانى ده‌ردى ئێمه‌ خوێندنه‌،
ڕه‌وشتى پاك و خزمه‌تكردنه
دووه‌میشیان په‌رتووكی نووسەری ئـەمه‌ریکی (ولیەم ئـیگلتن) بە ناونیشانی (کۆماری مەھاباد) كه‌ تیایدا دەڵێ: لە شۆڕشی ئـەیلوولدا ھەر کاتێک کە قوتابییەک دەھات بۆ ڕیزەکانی پێشمەرگایەتی، بارزانی بانگی دەکرد و دەیناردەوە بۆ سەر خوێندنەکەی، پێی دەوت (بڕۆ جارێ خوێندنەکەت تەواو کە، لەبەرئـەوەی ئـێمە زیاتر پێویستیمان بە زانست و خوێندنە وەک خەباتی چەکداری). ئه‌م دوو نموونه‌یه‌ی به‌ بەڵگەی گرنگیدانی گه‌لی كوردستان به‌ خوێندن لە سەردەمێکی زۆر زووەوە ناساند كه‌ بناغەن بۆ داھاتووی گەلێکی هۆشیار و ژیانێکی پێشکەوتووی سەردەمییانە.

به‌ڕێزیان دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌ڕای دۆخی ساڵانی ڕابردوو و كاریگه‌ریى خراپى قه‌یرانه‌كان، حكوومه‌تی هه‌رێم ھیچ ڕۆژێک لە ڕۆژان سستی و خاوی لە پشتیوانیی زانست و خوێندەواریدا نه‌كرد و زۆریی ژمارەی قوتابخانە و مامۆستا، پەیمانگە و زانكۆ لە ھەرێم به‌ به‌ڵگه‌ هێنایه‌وه‌ و سه‌لماندوویانه‌ ڕایگه‌یاند حكوومه‌ت كه‌ ڕۆڵێكی ڕێبەرانە و سەرکردانه‌ى هه‌بووه‌ و گه‌لى كوردستان سه‌لماندى تەنیا پیاوی شاخ و خەباتی پێشمەرگایەتی نەبوون و ده‌یانه‌وێ بە خوێندن و زانست و وشیاری، پێشبڕکێ لەگەڵ دەوروبەردا ببه‌نه‌وه‌ و ئـەوانەی توانجیان لە كورد دەدا كه‌ ناتوانن خۆیان بەڕێوە ببەن، ئـێستا خۆیان دواکەوتن و ناتوانن بە تۆزی کاروانی کوردستان بگەن. ئاشكراشی كرد كه‌ وه‌ك ئه‌و قوتابیانه‌ سەری کوردستان و دایکی شەھیدان بەرزتر ده‌كه‌نه‌وه‌‌ تاكو كوردستان ده‌بێت بە شاگوڵی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لە تاقیکردنەوەی سیاسەتدا سەرکەوتووی یەکەم بێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد ئـەگەر شەڕی داعش نەبوایە کە خەنجەرێکی نامەردی بوو له‌ گەلی کوردستان و سەرکەوتنەکانی حکوومەتی ھەرێمى كوردستان درا و زیاتر له‌ هه‌موو شوێنێك گورزی به‌ر هه‌رێمی كوردستان كه‌وتووه و له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌شیدا هه‌رێمی كوردستان قه‌ڵغان و نووكی نیزه‌ بووه‌، ئـێستا هه‌رێمی كوردستان لە قۆناغێکی دیكه‌دا ھەنگاوی دەنا و له‌ داهاتووشدا دەرده‌کەوێت کێ بوون ئـەوانەی داعشیان ناردە سەر كوردستان. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه‌ ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ویستوویانه‌ ژیانێكی شایانى مرۆڤ دروست بكه‌ن، گەلی کوردستان گورزى نامەردیی زۆرتریشی بینیوە.

به‌ڕێزیان ڕووی له‌ قوتابییه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان كرد و ڕایگه‌یاند كه‌ هه‌رێمی كوردستان ھێشتا لە سەرەتای ڕێگەی پێشکەوتندایە و پێویستییەکی زۆری بە کادیری لێھاتووی ژیر ھەیە کە بتوانن بە پلەی یەکەم سیستەمی ئـابووری لەم ھەرێمەدا بگۆڕن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌رێم چاوی له‌ وانه‌، چونكه‌ بێ ھەبوونی سیستەمێکی پێشکەوتووی سەردەمییانە لە سەرجەم بوارەکانی ژیان به‌تایبه‌ت بواری په‌روه‌رده‌ و فێركردن، ناتوانرێت بە کاروانی جیهان و گەلانى پێشكه‌وتوو بگه‌ن. به‌ڕێزیان ئاشكراشی كرد كه‌ سه‌ره‌ڕای قه‌یران و دۆخى سه‌ختى چه‌ند ساڵى ڕابردوو، به‌ڵام هه‌موو ئاماره‌كان و هه‌ڵسه‌نگاندنى لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ره‌وپێشچوونى پرۆسه‌ى خوێندن و په‌روه‌رده‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان نیشان ده‌ده‌ن.

به‌ڕێزیان جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام بووه‌ له‌ په‌یڕه‌وكردنى ستاندارده‌ جیهانییه‌كان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى خوێندن، یه‌كسانیى هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز له‌ قوتابخانه‌كان، بیناكردنى قوتابخانه‌، سوودوه‌رگرتن له‌ ته‌كنه‌لۆژیا، كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕێژه‌ى نه‌خوێنده‌وارى و كه‌میى ڕێژه‌ى وازهێنان له‌ خوێندن و له‌‌ داهاتووشدا په‌روه‌رده‌ له‌ ڕیزبه‌ندى یه‌كه‌مى ئه‌وله‌وییه‌تى كارى حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت و به‌ پێویستی زانی وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ زۆر به‌ جددى كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكات له‌ پرۆگرامى خوێندنی پۆلى یه‌كه‌مى باخچه‌ى ساوایان و سه‌ره‌تایی تا قۆناغه‌كانى دواتر، گرنگییه‌كى زۆر گه‌وره‌ به‌ كولتوورى پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى و یه‌كترقبووڵكردنى ئایینى و ئیتنى و پێكه‌وه‌هه‌ڵكردنى جیاوازییه‌كان بدات و بواره‌كانی دیكه‌ش بگرێته‌وه‌ و ڕۆڵی مامۆستایانى ئایینى و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و میدیا له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ زه‌روور و پێویست زانی.

له‌ كۆتاییی وته‌كه‌یدا به‌ڕێزیان سوپاسی ئه‌و مامۆستایانه‌ی كرد كه‌ له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا ئاماده‌ بوون و هه‌موو ته‌مه‌نى خۆیان بۆ خزمه‌تى په‌روه‌رده‌ و فێركردن به‌سه‌ر بردووه‌، سوپاسی ژماره‌یه‌ك له‌ خاوه‌نكار و سه‌رمایه‌دارى هه‌رێمى كوردستان كرد بۆ دروستكردنی قوتابخانه‌ له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆیان و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی داوای تایبه‌تیی به‌ڕێزیان و ده‌ستخۆشی لێكردن و هیوای خواست نموونه‌یان زۆر بێت و به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر ئه‌م كاره‌ نیشتمانییه‌یان. هه‌وروه‌ها سوپاسی به‌ڕێزان وه‌زیرانی پێشوو و ئێستای په‌روه‌رده‌ى‌ كرد بۆ ڕۆڵیان له‌ به‌روپێشبردنی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندن، سوپاسی مامۆستایانی كرد بۆ به‌رگه‌گرتنی بێ مووچه‌یی و سه‌ختییه‌كان، هه‌روه‌ها سوپاسی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ناخۆ و ته‌واوى خه‌ڵكى كوردستان و مووچه‌خۆرانى كرد كه‌ ئه‌وپه‌ڕى تێگه‌یشتنیان بۆ دۆخى دژوارى كوردستان هه‌بوو و زۆر ته‌حه‌مولیان كرد.

به‌رێزیان هیوای خواست دوای سەرکەوتنی ئـەم ھەڵبژاردنە و لە حکوومەتی تازەدا، ھەموو لایەک کار بۆ به‌ره‌وپێشبردنى كوردستان و خۆشی و بەختەوەریی گەلی كوردستان بكه‌ن و دروودی بۆ گیانی پیرۆزی شه‌هیدان و سڵاو و رێزی بۆ خانه‌واده‌ و كه‌سوكاریان نارد.

ده‌قی وتاری به‌رێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان:

قوتابیان و خوێندكارانی خۆشەویست،
دایكوباوك و كه‌سوكارى به‌ڕێزیان
مامۆستایان، میوانان و ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،

سڵاوتان لێ بێ، ئـەم کاتە و ھەموو کاتێکتان به‌ خۆشی.

له‌ سه‌ره‌تای قسه‌كانمدا به‌خێرهاتنێكی گه‌رمی به‌ڕێز د. به‌شیر حه‌داد جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ده‌كه‌م كه‌ ته‌شریفی هێناوه‌ بۆ ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌ و به‌خێر بێت، هه‌روه‌ها به‌خێرهاتنی به‌ڕێزان كونسولانی وڵاتانی بیانی له‌ هه‌ولێر ده‌كه‌م، ئه‌وانیش به‌خێر بێن بۆ ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌.

زۆر خۆشحاڵم بە کۆبوونەوە لەگەڵ ئـێوەى قوتابیانى خۆشه‌ویست کە ئـەمساڵ لە تاقیکردنەوەی کۆتاییی خوێندندا ئـێوە ژیرترین و زیرەکترین قوتابیی ساڵ دەرچوون.

پیرۆزباییتان لێ دەکەم بۆ ئـەم سەرکەوتنە، ھەروەھا پیرۆزبایی لە مامۆستاکان و لە دایکوباوک و تەواوی ئـەندامانی خێزانەکانتان دەکەم.

قوتابیانى خۆشه‌ویست،

ئـێوە مایەی شانازین نەک ھەر بۆ خۆتان و بنەماڵەکانتان، بەڵکو بۆ ئـێمەش وەک حکوومەتی ھەرێم، ھەروەھا بۆ تەواوی مامۆستایان و بۆ وەزارەتی پەروەردە و بۆ گەلی کوردستانیش ئێوه‌ مایەی شانازین.

ئـێوە پێشانی ھەموو لایەکتان دا کەوا ڕەوتی پەروەردە و خوێندن سەرەڕای ھەموو کەموکورتییەکی ھەرێمی کوردستان، ڕەوتێکە ھێشتا دەتوانێ دەسکەوتی گەورە بەدی بھێنێ. سەرکەوتنی ئـێوەش جارێکی دیكه‌ دەریخستەوە کەوا لێھاتوویی و زیرەکیی قوتابی، بە پلەی یەکەم بۆ خۆی و بۆ مامۆستاکەی دەگەڕێتەوە، ئـینجا بۆ ھەلومەرج و بۆ دەوروبەر و بۆ دۆخى سیاسی.

ھیوادارم ئاینده‌شتان ھەروەک ساتی ئـێستای خوێندنتان، ھەر گەش و ڕووناک و ڕازاوە بێت. دەمانه‌وێ ئـێوە ببن بە نموونەیەک کە قوتابیانی دیكه‌ چاو لە ئـێوە بکەن. ھەروەھا ھیوادارم ڕۆڵەکانی کوردستان ھەموویان زیاتر لە ھەموو شتێک ڕوو لە خوێندن و زانست بکەن.

ئـێوە خۆتان دەزانن کە خوێندن ھەر تەنیا بۆ وەرگرتنی زانست و بۆ داھاتووی شه‌خسیى خۆتان نییە کە لە دواڕۆژدا ببن بە کەسایەتییەکی دیار و لێھاتووی کۆمەڵگە، بەڵکو بۆ دروستکردنی وڵات و بنیاتنانى کۆمەڵگەیەکی بەھێزە لەپێناو بەگژداچوونەوەی ناحەزاندا.

شاعیری گه‌وره‌ى کورد فایه‌ق بێكه‌س (75) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ شیعرى "سه‌ده‌ى بیسته‌مه"‌ فه‌رموویه‌تى:

ده‌رمانى ده‌ردى ئێمه‌ خوێندنه‌
ڕه‌وشتى پاك و خزمه‌تكردنه‌

قسەیەکی دیكه‌تان بۆ دەگێڕمەوە ھەر ده‌رباره‌ى خوێندن و زانست. نووسەری ئـەمه‌ریکی (ولیەم ئـیگلتن) کتێبێکی بە ناونیشانی (کۆماری مەھاباد) نووسیوە، تیایدا دەڵێ:

لە شۆڕشی ئـەیلوولدا ھەر کاتێک کە قوتابییەک دەھات بۆ ڕیزەکانی پێشمەرگایەتی، بارزانی بانگی دەکرد و دەیناردەوە بۆ سەر خوێندنەکەی، پێی دەوت (بڕۆ جارێ خوێندنەکەت تەواو کە، لەبەرئـەوەی ئـێمە زیاتر پێویستیمان بە زانست و بە خوێندنە وەک خەباتی چەکداری).

قسەی ئـەم شاعیرە و قسەی ئـەم گەورەپیاوە بەڵگەن بۆ گرنگیی خوێندن لاى گەلی كوردستان لە سەردەمێکی زۆر زووەوە. ھەڵبەتە ئـەوان دەیانزانی کەوا زانست و خوێندەواری، بناغەن بۆ داھاتووی گەلێکی وشیار و بۆ ژیانێکی پێشکەوتووی سەردەمییانە.

ئـێمەش لە حکوومەتی ھەرێمی كوردستان سەرەڕای دۆخى ساڵانی ڕابردوو، وێڕاى كاریگه‌ریى خراپى قه‌یرانه‌كان له‌سه‌ر پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌، ھیچ ڕۆژێک لە ڕۆژان سستی و خاویمان لە پشتیوانیی زانست و خوێندەواریدا پێوە دیار نەبووە. ژمارەی زۆری قوتابخانە و مامۆستا، ھەروەھا ژمارەی زۆری پەیمانگە و زانكۆ لە ھەرێمدا بەڵگەیە بۆ ئه‌و قسه‌یه‌ی ئێمه‌ کە ھیچ بوارێک بۆ قسه‌ و گومان ناھێڵێتەوە.

ڕۆڵ و ئـەرکی حکووومەتی ھەرێم ڕۆڵێکی ڕێبەرانە و سەرکردانەیه‌ بۆ قوتابیان و بۆ خوێندن. ئـەمەش جارێکی دیكه‌ دەری دەخاتەوە کەوا ئـێمە ھەر تەنیا پیاوی شاخ و خەباتی پێشمەرگایەتی نەبووین، بەڵکو ئـەمڕۆ و سبەینێشمان لە پێش چاوە کە زانست بووە بە ڕێبەر و ڕێنیشانده‌رى مرۆڤایەتی لە ھەموو شوێنێکدا.

ئـێمە دەمانەوێ بە خوێندن و زانست و وشیاری، پێشبڕکێی خۆمان لەگەڵ دەوروبەردا ببەینەوە. ئـەوانەش کە دوێنێ توانجیان لە ئـێمە دەدا و دەیانگوت کورد ببن بە حکوومەتیش ناتوانن خۆیان بەڕێوە ببەن، ئـێستا ئـەوان خۆیان بە شێوەیەک وا دواکەوتن و بەجێ مان کە ناتوانن بە تۆزی کاروانی کوردستان بگەنەوە.

قوتابیانى خۆشەویست،

وەک چۆن ئـێوە بە خوێندن و بە شەونخوونیی خۆتان پێگەیشتن و بوون بە دەرچووی یەکەم، وەک چۆن ئـێوە سەری خۆتان و مامۆستا و دایکوباوکی خۆتان بەرز کردەوە، ئـێمەش ھەروەک ئـێوە دەمانەوێ سەری کوردستان و دایکی شەھیدان بەرز بكه‌ینه‌وه‌ تا ئـەوەی کە ھەرێمەکەی خۆمان دەکەین بە شاگوڵی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. دەبێ ئـێمە وا بکەین کە ھەرێمی کوردستان لە تاقیکردنەوەی سیاسەتدا سەرکەوتووی یەکەم بێت.

ئـێوە دڵنیا بن ئـەگەر شەڕی داعش نەبوایە، ئـێمە ئـێستا لە ھەوارێکی دیكه‌ و لە قۆناغێکی دیكه‌دا ھەنگاومان دەنا. خۆتان باش دەزانن کە داعش خەنجەرێکی نامەردی بوو له‌ گەلی کوردستان و سەرکەوتنەکانی حکوومەتی ھەرێمى كوردستان درا.

ئـێمە لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا سەری قەڵغان و نووکی نێزە بووین. داعش ئـەوەندەی گورزى لە کوردستان دا، هێنده‌ گورزى لە ھیچ کوێیەکی دنیا نەداوە! خوا گەورەیە کە لە داھاتوودا دەربکەوێت کێ بوون ئـەوانەی داعشیان ناردە سەر ئـێمە، بەڵام ئـێوە بزانن کەوا گەلی کوردستان گورزى نامەردیی زۆرتریشی بینیوە تەنیا لەبەرئـەوەی ویستوومانە ژیانێکی شیاوی مرۆڤ لێرە، له‌م شوێنه‌دا دروست بکەین.

خوێندكارانى ئـازیز،

لێرەدا بە ده‌رفه‌تى دەزانم جارێکی دیكه‌ دووبارەی بکەمەوە، وەک چۆن بێكه‌س و بارزانی وتیان: (ڕوو لە خوێندن بکەن. دیارە کە ئـێمە تەنیا بە خوێندن و بە زانست لە تاریکی و نەزانی ڕزگارمان دەبێت و دەگەین بە ڕۆژی ڕووناکی خۆمان) په‌نا به‌خوا.

خۆتان باش دەزانن کەوا کوردستان ھێشتا لە سەرەتای ڕێگەی پێشکەوتندایە. پێویستییەکی زۆرمان بە کادیری لێھاتووی ژیر ھەیە کە بتوانن بە پلەی یەکەم سیستەمی ئـابووری لەم ھەرێمەدا بگۆڕین. بۆ ئه‌مه‌ش ئێمه‌ چاومان له‌ ئێوه‌یه‌.

بێ ھەبوونی سیستەمێکی پێشکەوتووی سەردەمییانە لە سەرجەم بوار و ڕووەکانی ژیاندا به‌تایبه‌تى له‌ بوارى په‌روه‌رده‌ و فێركردندا، ئـێمە ناتوانین بە کاروانی جیهان و گەلانى پێشكه‌وتوو بگه‌ین.

وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا، ڕاسته‌ قه‌یرانه‌كان و دۆخى سه‌ختى چه‌ند ساڵى ڕابردوو، وه‌ك هه‌موو بواره‌كانى دیكه‌ى ژیان له‌ هه‌رێمى كوردستان، ڕه‌نگدانه‌وه‌ى خراپى به‌سه‌ر په‌روه‌رده‌وه‌ هه‌بووه‌، به‌ڵام هێشتاش هه‌موو ئاماره‌كان و هه‌ڵسه‌نگاندنى لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ره‌وپێشچوونى پرۆسه‌ى خوێندن و په‌روه‌رده‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان نیشان ده‌ده‌ن.

حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام بووه‌ له‌ په‌یڕه‌وكردنى ستاندارده‌ جیهانییه‌كان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى خوێندن، یه‌كسانیى هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز له‌ قوتابخانه‌كان، بیناكردنى قوتابخانه‌، سوودوه‌رگرتن له‌ ته‌كنه‌لۆژیا، كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕێژه‌ى نه‌خوێنده‌وارى و كه‌میى ڕێژه‌ى وازهێنان له‌ خوێندن. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ داهاتووشدا په‌روه‌رده‌ له‌ ڕیزبه‌ندى یه‌كه‌مى ئه‌وله‌وییه‌تى كارى حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت.

له‌ قۆناغى داهاتوودا وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ ده‌بێ زۆر به‌ جددى كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكات كه‌ پرۆگرامى خوێندن هه‌ر له‌ پۆلى یه‌كه‌مى باخچه‌ى ساوایان و خوێندنى سه‌ره‌تاییه‌وه‌، تا قۆناغه‌كانى دواتریش، گرنگییه‌كى زۆر گه‌وره‌ به‌ كولتوورى پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى و یه‌كترقبووڵكردنى ئایینى و ئیتنى و پێكه‌وه‌هه‌ڵكردنى جیاوازییه‌كان بدات.

نه‌ك له‌ هه‌ر بوارى په‌روه‌رده‌دا، به‌ڵكو له‌ هه‌ر بوارێكى دیكه‌شدا كه‌ خزمه‌ت به‌ فراوانكردن و بڵاوكردنه‌وه و گه‌شه‌سه‌ندنى ئه‌م كولتووره‌ بكات، حكوومه‌تى هه‌رێم و ده‌زگاكانى، زۆر به‌ جددى كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و مامۆستایانى ئایینى و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و میدیاش به‌تایبه‌تى، ده‌بێ پشتیوان بن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ڕۆڵى خۆیان بگێڕن.


قوتابی و لاوە ئـازیزەکان،
کچ و کوڕانی کوردستان،
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،

له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا ده‌مه‌وێ ئه‌وپه‌ڕى سوپاس و ڕێز و پێزانین پێشكه‌ش به‌و مامۆستا به‌ڕێزانه‌ بكه‌م كه‌ ئه‌مڕۆ لێره‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ به‌شدارن و هه‌موو ته‌مه‌نى خۆیان بۆ خزمه‌تى په‌روه‌رده‌ و فێركردن به‌سه‌ر بردووه‌. ئه‌وان ئه‌و چرایه‌ بوون كه‌ دوێنێیان بۆ ڕووناك كردینه‌وه‌ و به‌ره‌و ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێ ڕێبه‌رییان كردین. هیواى ته‌مه‌ن درێژی و ته‌ندروستییه‌كى باشیان بۆ ده‌خوازم و جارێكی دیكه‌ به‌خێرهاتنیان ده‌كه‌م و به‌خێر بێن.

هه‌ر له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا ژماره‌یه‌ك له‌ خاوه‌نكار و سه‌رمایه‌دارى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ به‌شدارن كه‌ چه‌ندین قوتابخانه‌یان له‌سه‌ر ئه‌ركى تایبه‌تى خۆیان دروست كردووه. به‌ ناوى هه‌موومانه‌وه‌، به‌ گه‌رمى به‌خێرهاتنیان ده‌كه‌م. ئه‌وپه‌ڕى سوپاس و ڕێز و پێزانینیان بۆ دووپات ده‌كه‌مه‌وه‌. ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌م و هیوادارم نموونه‌یان له‌ كوردستان زۆر بێت.

ئه‌وان به‌ دروستكردنى بیناى قوتابخانه‌، به‌شدارییه‌كى گرنگیان له‌ به‌ره‌وپێشبردنى پرۆسه‌ى خوێندندا كردووه‌. ده‌ستیان خۆش بێ و جوامێرییان نواند. بێگومان بۆ هه‌میشه‌ له‌ كوردستاندا یادیان به‌ خێر ده‌مێنێته‌وه‌.

زۆر سوپاسى به‌ڕێزان وه‌زیرانى په‌روه‌رده‌ له‌ كابینه‌كانى پێشووى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌م. ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌ین بۆ ئه‌و خزمه‌ت و ڕۆڵه‌ به‌رچاوه‌ى پێشكه‌شیان كردووه‌. هیواى سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم.

سوپاسی‌ به‌ڕێز د. پشتیوان سادق وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ و ستافى وه‌زاره‌ت و داموده‌زگاكانى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌ت ده‌كه‌م كه‌ هه‌موو هه‌وڵێكیان دا و نه‌یانهێشت دۆخى سه‌ختى چه‌ند ساڵى ڕابردوو و قه‌یرانه‌كان، ببنه‌ هۆى وه‌ستانى پرۆسه‌ى خوێندن.

سوپاس و ڕێز و پێزانینمان بۆ مامۆستایانى دڵسۆز كه‌ ئه‌م چه‌ند ساڵانه‌ به‌رگه‌ى زۆر سه‌ختى و زه‌حمه‌تى و كه‌میى مووچه‌یان گرت، به‌ڵام نه‌یانهێشت منداڵان و گه‌نجانى كوردستان بێ خوێندن بمێننه‌وه‌.

سوپاس و پێزانین بۆ پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، بۆ ته‌واوى خه‌ڵكى كوردستان و مووچه‌خۆران كه‌ ئه‌وپه‌ڕى تێگه‌یشتنیان بۆ دۆخى دژوارى كوردستان هه‌بوو و زۆر ته‌حه‌مولیان كرد.

له‌ كۆتاییدا، ھیوادارم دوای سەرکەوتنی ئـەم ھەڵبژاردنە و لە حکوومەتی تازەدا، ھەموو لایەکمان کار بكه‌ین لەپێناو به‌ره‌وپێشبردنى كوردستان و خۆشی و بەختەوەریی گەلەکەماندا. بۆیە پێویستیمان بە ئـێوە و کەسانی وەک ئـێوە دەبێت لە دروستکردنی وڵاتێکی باشتر و ژیانێکی خۆشتر كه‌ له‌ داهاتوودا چاوه‌ڕێمان ده‌كات.

دروود له‌ گیانى پیرۆزى شه‌هیدان. سه‌رى ڕێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گڵكۆى پیرۆزیان داده‌نه‌وێنین. سڵاو و ڕێز و حورمه‌ت بۆ خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزیان.

سوپاس بۆ ئێوه‌ی به‌ڕێز كه‌ له‌م ڕێوڕه‌سمى به‌شدار بوون و جارێكی دیكه‌ پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له‌م به‌ڕێزانه‌ ده‌كه‌م و هیوادارم سه‌ركه‌وتوو و سه‌رفراز بن له‌ ژیاندا.

هه‌رچه‌ند باسم كرد، به‌ڵام ده‌رفه‌ته‌ جاریكی دیكه‌ پڕ به‌ دڵ سوپاسی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ بكه‌م كه‌ ئه‌مڕۆ ته‌شریفیان هێناوه‌ و لێره‌ن. وشه‌یه‌ك نییه‌ كه‌ بتوانم خۆشحاڵیی خۆمی پێ ده‌رببڕم بۆ ئه‌و كاره‌ جوانه‌ی كه‌ ئه‌نجامیان داوه‌. دروستكردنی قوتابخانه‌ ئه‌ركێكی نیشتمانییه‌، ئه‌ركێكی پیرۆزه‌ و له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌ركێكی ئاینیشه‌. سوپاسی هه‌مووتان ده‌كه‌م.

بێگومان له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگادارم كه‌ پێشتر خۆم داوام له‌ هه‌ندێكیان كردبوو، به‌ سوپاسه‌وه‌ زۆرێك له‌وانه‌ ئه‌و داوایه‌ی منیشان به‌ سوپاسه‌وه‌ جێبه‌جێ كردووه‌. ده‌مه‌وێ به‌ ناوی هه‌مووتانه‌وه‌، به‌ ناوی گه‌لی كوردستانیشه‌وه‌ سوپاسی هه‌موو ئه‌م به‌ڕێزانه‌ بكه‌م كه‌ ئه‌مرۆ لێره‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ به‌شدارن له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا و هیوادارم نموونه‌یان له‌ كوردستان زیاد بێت. هیوادارم دوای ئه‌و ڕێوڕه‌سمه‌ خاوه‌نكار و بزنسمانه‌كانی كوردستان بیرێكی جددی له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ هه‌ر هه‌موویان به‌شی به‌ حاڵی خۆیان ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ توانایاندا بێت هه‌وڵی دروستكردنی قوتابخانه‌ بده‌ن.

زۆر زۆر سوپاسی هه‌مووتان ده‌كه‌م،
هه‌موو لایه‌كتان به‌خێربێن سه‌رچاو،
زۆر سوپاس.



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان