لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌وله‌وی جه‌بار سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار رایگەیاند، ژماره‌ی گه‌شتیاران ئه‌مساڵ بە به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی رابردوو ئاستێكی پێوانه‌یی تۆمار كردووه.
"له شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ، ملیونێك و310 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانیان كردووه، كه زۆربه‌یان له باشوور وناوهراستى عێراقه‌وه هاتوون. هەر له جه‌ژنی قوربانی ئه‌مساڵ، 349 هه‌زار گه‌شتیار له ماوه‌ى 11 رۆژدا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه وداهاتی ئه‌و گه‌شتیارانه بۆ هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ى 140 ملیار دینار بووه."
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە، "له چوار مانگی یه‌كه‌مى ئه‌مساڵ رێژه‌ى هاتنى گه‌شتیارانی ئێرانى له ئاستێكى باش‌دا بوو، به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ى حكومه‌تى ئێران باجى له‌سه‌ر هاووڵاتیانی خۆی بۆ گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ی وڵات دانا، رێژه‌ى هاتنى گه‌شتیارانی ئیرانى بۆ هه‌رێمی كوردستان زۆر كه‌م بووه. له وڵاتانى دیكه‌ش گه‌شتیار سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن، به‌ڵام رێژه‌كه‌ى زۆر نییه."
هەرچەندە وڵاتانی دراوسێ به نرخێكى كه‌م پێشوازى له گه‌شتیارانی عێراقی ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رێژه‌ى هاتنى گه‌شتیارانی عێراقی بۆ كوردستان زۆر به‌رز بووه‌ته‌وه.
ره‌خساندنی هه‌لی كار
مه‌وله‌وی جه‌بار سه‌باره‌ت به رۆڵی كه‌رتی گه‌شتوگوزار بۆ ره‌خساندنی هه‌لی كار ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه كه‌رتى گه‌شتوگوزار به هه‌زاران هه‌لى كاری بۆ هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌تی له ناوچه دووره ده‌سته‌كان ره‌خساندووه وكاریگه‌ری بۆ سه‌ر به بازاركردنی كه‌رته‌كانى دیكه‌ش له‌وانه به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كانی ئه‌و ناوچانه هه‌بووه.
"بۆنموونه، شارۆچكه‌ى وه‌رتێ له ساڵانى رابردوو كێشه‌ى ساخكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كانى هه‌بوو، بۆیه ئێمه چه‌ند وهبهرهێنهرێكمان بۆ ئه‌نجامدانی پرۆژه‌ى گه‌شتیارى هاندا وبه‌هۆیه‌وه گه‌شتیارێكى زۆر سه‌ردانی وه‌رتێی كرد وبازارێك بۆ به‌رهه‌مه كشتوكاڵیه‌كانی ناوچه‌كه دروستبوو."
پلانی ستراتیژی گه‌شتوگوزار
پلانی ستراتیژیی گشتوگوزار له ساڵی 2014 دانراوه وهه‌ندێك له بڕگه‌كانی جێبه‌جێ كراون، به‌ڵام به‌هۆى هاتنى داعش وقه‌یرانى ئابووری پلانه‌كه وه‌ك خۆى جێبه‌جێنه‌كرا. له ساڵى 2016 دووباره ده‌ست به جێبه‌جێكردنى پلانه‌كه بۆ رێكخستنه‌وه‌ى ئه‌م كه‌رته كرا. پێدانی قه‌رزى گه‌شتیاری بۆ پرۆژه‌ى بچووك و مامناوه‌ند یه‌كێ له بەشە گرنگەکانی پلانی ستراتیژیى گه‌شتوگوزاره.
ده‌سته‌ى گشتى گه‌شتوگوزار 'یاسای په‌ره‌پێدانى كه‌رتى گه‌شتیارى له هه‌رێمى كوردستان' بۆ پێشخستنی كه‌رتی گه‌شتوگوزار پێشكه‌ش به حكومه‌ت كردووه، كه په‌سندكردنی له په‌رله‌مان، زۆرێك له كێشه وئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م ئه‌م كه‌رته چاره‌سه‌ر ده‌كات.
هۆشیاریی گه‌شتیاری
مه‌وله‌وی جه‌بار گوتی، یه‌كێ له ئامانجه‌كانی ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزار په‌ره‌پێدانی هۆشیاریی گه‌شتیارییه به هاوولاتیان وسه‌رمایه‌داران.
"به‌ستنی كۆنفرانس، به‌شداریكردن له پێشانگاكانی گه‌شتیاری له ناوخۆ وده‌ره‌وه، كردنه‌وه‌ی پێشانگا له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزار، زه‌مینه‌سازی بۆ كه‌ناڵه‌كان تا بتوانن به‌رنامه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی و رادیۆیی بۆ گفتگوكردن له باره‌ی كه‌رتی گه‌شتوگوزار ئه‌نجام بده‌ن، له گرنگترین چالاكیی فه‌رهه‌نگی و میدیایی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار بۆ پێشخستنی كه‌رتی گه‌شتوگوزار بووه."
مه‌وله‌وی جه‌بار به ئاماژه‌پێدان به رۆڵی زانكۆ بۆ پێشخستنی كه‌رتی گه‌شتیاری گوتی: رۆڵی زانكۆ له هۆشیاری گه‌شتیاری و په‌ره‌پێدانی كلتووری گه‌شتیاری گرنگه و لێژنه‌ی هاوبه‌ش له نێوان وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار بۆ ئه‌نجامدامی چالاكی و كاری هاوبه‌ش هه‌یه و به‌شی گه‌شتیاری له زانكۆكانی سه‌ڵاحه‌دین، سلێمانی و دهۆك كراوه‌ته‌وه و تا ئێستا دوو قۆناغی ده‌رچوونیان هه‌بووه.
پاراستنی ژینگه
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزار سه‌باره‌ت به پاراستنی ژینگه‌ی كوردستان گوتی، "له ستراتیژیی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار ته‌وه‌رێكی تایبه‌ت به رێكخستن و پاراستنی ژینگه‌ی شوێنه‌كانی گه‌شتیاری هه‌یه وبه‌شێكی تایبه‌ت له ده‌سته بۆ ژینگه كراوه‌ته‌وه. به پلان كار بۆ پاراستنی ژینگه وشوێنه‌كانی گه‌شتیاری ده‌كه‌ین. له‌رووی هۆشیاری ژینگه‌یشه‌وه له بڵاوكراوه‌كان وراگهیاندنهكان به‌رده‌وام كاری بۆ ده‌كه‌ین. هۆشیاری هاووڵاتیان بۆ پاراستنی ژینگه ساڵ بۆ ساڵ باشتر ده‌بێت، له‌گه‌ڵ رێكخراوه ناحكومیه‌كان و شاره‌وانیه‌كان هه‌ماهه‌نگی باشمان هه‌یه، به‌ڵام هه‌ندێ هاووڵاتی ولایه‌ن وه‌ك پێویست پابه‌ندی رێنماییه‌كان نابن."
رۆڵی كه‌رتی تایبه‌ت له گه‌شتوگوزار
مه‌وله‌وی جه‌بار له باره‌ی رۆڵی كه‌رتی تایبه‌ت له په‌ره‌پێدانی كه‌رتى گه‌شتیاری ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه رۆلێكى گرنگ له په‌ره‌پێدانی كه‌رتی گه‌شتیاری هه‌یه. یه‌كێک له میحوه‌ره‌كانى پلانى ستراتیژى پاڵپشتى كردنی كه‌رتى تایبه‌ته بۆ ئه‌وه‌ى رۆڵێكی كاراى له پێشخستنى كه‌رتى گه‌شتوگوزار له هه‌رێمى كوردستان هه‌بێت. پێدانی قه‌رزی گه‌شتیاری یه‌كێكه له‌و پشتگیریانه.
ده‌شڵێت كۆمپانیاكانى كوردستان توانیویانه په‌یوه‌ندییه‌كى باش له‌گه‌ڵ جیهانى ده‌ره‌وه دروست بكه‌ن. كه‌رتى تایبه‌تی رۆڵێكى ئه‌رێنی له هێنانى گه‌شتیار بۆ كوردستان هه‌بووه. وه‌به‌رهێنانى گه‌شتیارى له ماوه‌ی ئه‌مساڵ به خێرایی گه‌شه كردووه، نموونه‌كه‌شی به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ى گه‌شتیاره كه ئه‌نجامه‌كه‌شی دروستكردنی متمانه‌یه. كاتێك متمانه دروست ده‌بێت وه‌به‌رهێنان زیاتر ده‌بێت.
خه‌ڵاتی جۆری
ده‌سته‌ى گشتى گه‌شتوگوزار 'خه‌ڵاتی جۆرى' ده‌داته ئه‌و هۆتێل وچێشتخانه وشوێنانه كه به كواڵێتییه‌كی باش خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش ده‌كه‌ن وبه جوانترین شێوه رێنماییه‌كانی گه‌شتیاری جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.
به بازاڕكردنى به‌رهه‌م، پاك وخاوێنى، خزمه‌تگوزاریى جۆراوجۆر، پاراستنى ژینگه، ره‌زامه‌ندیی كڕیار له‌و بابه‌تانه‌ن كه كۆمپانیا، هۆتێل، چێشتخانه وكافتریاكان به‌هۆیه‌وه ده‌توانن خه‌ڵاتی جۆری به‌ده‌ست بێنن كه ساڵانه دوو جار ده‌درێت.
ده‌سته‌ى گشتى گه‌شتوگوزاری یه‌كه‌م فه‌رمانگه‌یه كه له كوردستان وعێراق خه‌ڵاتى جۆرى پێشكه‌ش به كه‌رتى تایبه‌ت ده‌كات.