ئەمڕۆ یهكشهممه ٢/١٢/2018 بەڕێز قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنی وەزیران، بەیاوەری بهڕێزان دکتۆر یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و مەحمود حاجی ساڵح وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، لە چەمچەماڵ سەردانی زانکۆی چەرمووی كرد.
بهڕێزیان لە کۆبونەوەیەکى ئەنجومەنى زانکۆی چهرموودا كه بهڕێزان سەرۆکى زانکۆکان و قائیمقامى چەمچەماڵ و راگرى کۆلێژەکان تیایدا ئاماده بوون، بهڕێز وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسى بهڕێز قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆک وەزیرانى کرد بۆ پشتگیرییە بەردەوامەکانى له پرۆسەى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان و باسى لە سەرەتاکانى دروستبوون و كردنهوهی زانکۆى چەرموو کرد لە ساڵى ٢٠١٤ بە پاڵپشتیی هەموولایهك لە بارودۆخى ئەوسادا بەڕووى خوێندکارانى پایتەختى شەهیدان و ئەنفالکراوان.
هەر لە وتەکەیدا بهڕێز د. یوسف گۆران دەستخۆشى لە زانکۆى چەرموو کرد کە لەو ماوە کورتەى تەمەنیدا کار و پڕۆژەى بەمەبەستى بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و مەعریفى لە زانکۆکە ئەنجامداوە، بەتایبەتى جێبەجێکردنى پڕۆژە و بەرنامە ئاست بەرزەکانى جیهان لە کۆلێژ و بەشەکانیدا کە توانیویەتى بناغەیەکى باش بۆ زانکۆ دابنێت و گوتى "زۆر خۆشحاڵم کە دەتوانم بڵێم لەناو ئەو زانکۆیانەى تازە دروستبوون، زانکۆى چەرموو شوێن و پێگەى دیارە، بۆ ئەوەش پڕۆژەیەکى تایبەتمان هەبوە بۆ ئەوەى بتوانین هەندێک لە زانکۆکانمان ببن بە پێشەنگ، زانکۆى چەرموو وەک سەرەتا و دەستپێکى پێشەنگبون، بەتایبەتمەندییەتى ئەکادیمى و زانستى هەڵبژێردراوە"، دوپاتیشى کردەوە کە تایبەتمەندییەتى ئەکادیمى و زانستى لەم زانکۆیەدا هەنگاو بەهەنگاو دەچێتە پێشەوە، ئەوەش خزمەتێکى گەورە دەبێت بۆ سنورەکە و نەوەیەکى جۆشکراو بەزانست و مەعریفە دەردەچوێنێت.
لەلایەن خۆیەوە بەڕێز قوباد تاڵەبانى جێگری سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان لەوتەیەکدا خۆشحاڵىی خۆى بە سەردانیکردنى زانکۆى چەرموو نیشاندا و گوتى "هاتنى ئەمجارەم بۆ چەمچەماڵ تایبەتە بەسەردانى زانکۆى چەرموو، بەو پێیەى ویستوومە ئاگادارى بزاوتە زانستى و ئەکادیمییەکانى زانکۆ و بەڕێوەچوونى پرۆسەى خوێندن بە سیستهمە نێودەوڵەتییەکانى زانکۆى چەرموو بم کە شایستەى خزمەتکردنن".
بهڕێزیان سوپاسى زانکۆکانى سلێمانى و پۆلیتەکنیکى سلێمانى کرد کە هاوکار و هەماهەنگ بوون بۆ سەرەتاکانى دروستبوونى ئەم زانکۆیە لەچەمچەماڵ چونکە ئەم زانکۆیە لەکاتێکدا لەدایکبوو کە هەرێمى کوردستان بە قەیرانێکى قوڵى دارایى و ئابووریدا تێپەڕدەبوو کە بێگومان کردنەوەى زانکۆ لەو بارودۆخەدا و گەیشتنى بەم ئاستەى ئێستا هەروا ئاسان نەبووە و هەوڵ و ماندوبوون و شەونخونى زۆرى ویستووە، بۆیە ئیدارەدانى زانکۆ لەم سەردەم و بارودۆخەدا بە سوود بۆ ستافى زانکۆ و مامۆستا و خوێندکارانى دەگەڕێتەوە و کۆڵتان نەدا بۆ سەرخستنى ئەم پرۆسە گرنگە".
هەروەک گوتیشى "لە قۆناغى ئێستادا کە لە سەردەم و بارودۆخێکى جیاوازترین، دەبێت زیاتر کار بۆ پەرەپێدانى رەوشى خوێندنى باڵا لەم سنوورە و کوردستان بدەین و خزمەتکردنى خەڵک و خوێندکاران ئەولەویاتى هەمیشەییمان بێت".
هەر لە وتەکەیدا بهڕێز قوباد تاڵەبانى لەبارەى جێبەجێ کردنى سیستەمى بۆلۆنیا لەلایەن زانکۆى چەرموووه ڕایگەیاند "جێبەجێکردنى ئەم سیستەمە لەلایەن زانکۆکەتانهوه دەستکەوتێکی گرنگە بۆ کەرتى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان و ناو و ناوبانگى زانکۆکەتان بەرەو پێش دەبات، چونکە ئێستا زانکۆکانمان بەشێکین لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى، بۆیە دەبێت زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمییەکانمان بەشێک بن لە ژینگەى خوێندنى باڵاى جیهانى، هەرچەندە ئەم ئەرکە ئاسان نیە، بەڵام دڵنیام سەرکەوتوو دەبن لە جێەجێکردنى ئەم پرۆسەیەشدا".
بهڕێزیان لەبارەى بەستنەوەى بەش و پسپۆڕییەکان بە بازاڕى کارهوه، ئاماژەى بە گرنگیی بەستنەوەى بەش و پسپۆڕییەکان کرد بە بازاڕى کارى کوردستان بۆ ئەوەى دەرچووان بتوانن بە ئاسانى هەلى کاریان دەستکەوێت، بۆیە پێویستە بەپێى پێداویستییەکانى کۆمەڵگە، کۆلێژ و بەشەکان بکرێنەوە و پسپۆڕیی تازەى سەردەم لە بازاڕى کارى کوردستاندا دەربکەوێت، بۆ ئەمەش جەختى لەسەر گرنگى و رۆڵى زیاترى زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان کردەوە بەو پێیەى بایەخى زیاتر بە خوێندنى پیشەیى لە هەرێمى کوردستان بدرێت.
له بهشێكی دیكهی قسهكانیدا بهڕێز جێگری سهرۆك وهزیران گوتی "چاکسازییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا شۆڕشێکى لەسەرخۆ بوو بۆ گەیشتن بەئامانجە دوور مەوداکان. بەتایبەتی چاکسازى و پرۆژەکان لە سیستەمى ناوەندیی وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان و پرۆژەکانى پەیوەست بە بەرەوپێشبردنى ڕەوشى خوێندنى باڵا و پرۆسەى پەرەپێدانى زانست و مەعریفە لە هەرێمى کوردستان.
هەر لە کۆبونەوەکەدا بهڕێز د. سەڵاح ڕەزا سەرۆکى زانکۆى چەرموو بەخێرهاتنى بهڕێزان جێگرى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و وەزیرانى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و سەرۆک زانکۆکان کرد و کورتەیەکى لەبارەى کۆلێژ و بەش و سێنتەرەکانى زانکۆ پێشکەش کرد و ئاماژەى بەو خزمەتانە کرد كه پێشکەش بە خوێندکارانى سنوورەکە دەکرێت، کە زانکۆى چەرموو ١٢٧ مامۆستاى هەیە و ٢٤١٩ خوێندکار لە کۆلێژ و بەشەکان درێژە بە خوێندن دەدەن، جگە لە ٣٣ خوێندکارى خوێندنى باڵا.
بهڕێز سەرۆکى زانکۆى چەرموو ئاماژەى بە چالاکییەکانى زانکۆ کرد بۆ بەستنى کۆنفڕانس و سمینارى نێودەوڵەتی و هەوڵەکانى زانکۆ بۆ پێشخستنى سیستم و پرۆگرامەکانى خوێندن و بەردەوامیدان بە پرۆسەى خوێندنى باڵا لە زانکۆکەدا، لەدرێژەى باسکردنەکەیدا بهڕێز د. سەڵاح ڕەزا باسى لە پلانى نوێى زانکۆکە کرد بۆ دبلۆمى باڵا و ماستەر و دکتۆرا. باسیشى لە سیستمى خوێندن لە زانکۆى چەرموو کرد کە لە ساڵى ٢٠١٧هوە سیستمى بۆلۆنیا جێبەجێ دەکات و بەردەوامە لە جێبەجێکردنى، ئەم سیستمە لە (٥٠) وڵاتى جیهاندا جێبەجێ دەکرێت كه بریتیە لە ئاوێزەکردنى خوێندنى باڵاى کوردستان وەک بەشێک لە خوێندنى باڵاى جیهانى و جوڵاندنى خوێندکاران لە نێوان وڵاتان و دۆزینەوەى هەلى کار بۆ دەرچووان لە بازاڕى کاردا.
لەکۆتاییدا هەریەک لە بهڕێزان ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ، ڕا و پێشنیازى خۆیان لەبارەى کار و بەرهەمەکانى زانکۆ و بۆچوونیان بۆ کارى باشتر بۆ خزمەتى خوێندنى باڵاى کوردستان خستە ڕوو. دواتریش لەلایەن بهڕێز سەرۆکى زانکۆی چهرموو، لۆگۆى زانکۆی پێشکەش بە هەریەک لە بهڕێزان جێگرى سەرۆک وەزیران و وەزیرانى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و کاروبارى شەهیدان کرا.
ههر لهمیانی ئهو سهردانهیدا بهڕێز قوباد تاڵهبانی، پڕۆژەى خەونى منداڵانى شەهیدە سەربەرزەکانى شەڕى داعشى کردەوە کە به هاوكاریی ڕێکخراوێکى خێرخوازى جێبەجێکراوە و بەشێکە لە کارى خێرخوازى و خۆبەخشتى. دواتریش شاندی باڵاى حکوومەتى هەرێمى کوردستان سەنتەری توێژینەوەى جینۆسایدى لە زانکۆى چەرموو کردەوە کە لەسەر بودجەى وەزارەتى خویندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بەشى یەکەمى پرۆژەکە بە بڕى (١٧٠) ملیۆن دینار جێبەجێ کراوە.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا بۆ قەزاى چەمچەماڵ، بهڕێز جێگرى سەرۆك وهزیران و شاندی یاوهری سەردانی مۆنۆمێنتی ئەنفالیان لە چەمچەماڵ کرد.