ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 18/12/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له به‌ڕێز هایكۆ ماس وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا و شاندێكی یاوه‌ری كرد.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا به‌ڕێز ماس خۆشحاڵیی خۆی به سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و ڕۆڵی هه‌رێمى كوردستانى له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و حه‌واندنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره و په‌نابه‌ران و پێشكه‌وتنه به‌رده‌وامه‌كانی هه‌رێمى به‌رز نرخاند و هاوكاری و یارمه‌تیی وڵاته‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان و به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولاى دووپات كرده‌وه.
به‌ڕێزیان جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره و په‌نابه‌ران بۆ زێدی خۆیان پێویستی به ئاماده‌سازی و سه‌قامگیریی ناوچه‌كانیان هه‌یه و ئه‌م بابه‌ته‌ش جێگه‌ی بایه‌خى وڵاته‌كه‌یه‌تی و به پێویستی زانی هه‌موو لایه‌نه‌كان هاوكار بن تا كێشه‌كان چارسه‌ر بكرێن و ده‌رفه‌ت بۆ خه‌ڵكی عێراق به‌گشتی و به‌تایبه‌تی چینی لاوان دروست ببێت ژیانێكی باشتر به‌ڕێ بكه‌ن.
لای خۆیه‌وه به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌كه و هاوكارییه‌كانی ئه‌ڵمانیای بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد له بواره‌كانی مرۆیی و سه‌ربازی و كردنه‌وه‌ى ئه‌و ئابلووقهى ساڵی ڕابردوو خرابووه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و هیوای به‌رده‌وامیی هاوكارییه‌كانی خواست، هه‌روه‌ها سه‌ردانی به‌رپرس و شانده باڵاكانی ئه‌ڵمانیای له كاته سه‌خته‌كاندا به نیشانه‌ی پشتیوانیی له هه‌رێمی كوردستان له قه‌ڵه‌م دا و خواستى هه‌رێمی كوردستانی بۆ بره‌ودانى زیاتر به په‌یوه‌ندییه‌كان له هه‌موو بواره‌كاندا دووپات كرده‌وه.
به‌ڕێزیان سوپاسی ئه‌ڵمانیای كرد كه ژماره‌یه‌كى زۆری پێشمه‌رگه‌ى برینداری چاره‌سه‌ر كردووه و ئافره‌تانى ئێزدیى ڕزگاربووى ده‌ستى داعشی بۆ چاره‌سه‌رى بردۆته ئه‌ڵمانیا و ده‌رگاى به‌سه‌ر ژماره‌یه‌كى زۆرى په‌نابه‌رانى ئێزدی‌دا كردۆته‌وه، هه‌روه‌ها سوپاسی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌ڵمانیا له به‌غدا و كونسولخانه‌كه‌یان له هه‌رێمی كوردستان كرد كه ڕۆڵێكى به‌رچاو له پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ردوولادا ده‌بینین.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و هه‌رێمى كوردستان و پێشبینییه‌كان بۆ قۆناغى داهاتوو، دۆخى ئاواره‌كان و دروستكردنی ئابوورییه‌كی به‌هێز بۆ عێراق، ئاماده‌ییى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ قۆناغى ئاوه‌دانكردنه‌وه له‌گه‌ڵ عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و داكۆكیكردن له‌سه‌ر پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى، وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزارى له هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كران.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه به‌ڕێزان قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و باڵیۆزی ئه‌ڵمانیا له عێراق و كونسولی ئه‌ڵمانیا له هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانى دیكه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم ئاماده‌ی بوون، دۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ش تاوتوێ كران، ئینجا له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شدا به‌ڕێزان سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا باسیان له ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان كرد و وه‌ڵامی پرسیاری ڕۆژنامه‌وانانیان دایه‌وه.