حکومەتی هەرێمی كوردستان
SAT, 20 APR 2024 17:32 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

په‌یامى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌ یادى ڕاپه‌ڕیندا

TUE, 5 MAR 2019 09:13 | KRG Cabinet

له‌ بیست و هه‌شت ساڵه‌ى یادى ڕاپه‌ڕینى ئازارى 1991دا، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه‌، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

جەماوەری سەربەرز و خۆڕاگری کوردستان،

ئەمڕۆ بیست و هەشت ساڵ بەسەر ڕاپەڕینە مەزنەکەی ئازاری ١٩٩١دا تێدەپەڕێت. بەم بۆنە شکۆدارەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم کوردستانیانی ئازیز به‌ هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئاینییه‌كانییه‌وه‌ لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان دەکەین.

ڕاپەڕین کە دەنگ و ئیرادەی گەلی کوردستان بوو بۆ ڕەتکردنەوەی ستەم و خۆسەپاندن بەسەر خواست و چارەنووسیدا، بە قوربانیدان و ماندووبوونی گەل و بە یەکڕیزی و یەکگرتووییی لایەنە سیاسییەکان و سەرجەم  پێکهاتە و چین و توێژەکانی، گەورەترین سەرکەوتنی مێژوویی بۆ گەلەکەمان تۆمار کرد. هەر بەو یەکڕیزی و گیانی خۆڕاگرییە بوو کە لە پاش ڕاپەڕینەوە تا ئێستا هەرێمی کوردستان چەندین پیلانی شەڕانگێزانەی تیرۆریستان و ناحەزانی لە گۆڕ ناوە و چەندین ئاستەنگ و قەیرانی نەخوازراوی به‌ سەرکەوتوویی تێپەڕاندووە.

کوردستانیانی ئازیز،

خەبات و خۆراگریی ئێوە بۆ هێنانەدی ژیانێکی ئازاد و سەربەرزانە و دنیایەکی شارستانیى پڕ لە ئارامی و لێبوردەیی و ئاشتی و خۆشگوزەرانی بووە. ژیانێک کە شایانی مێژووى دێرینی قوربانیدان و ماندووبوونی گەلە ستەمدیده‌كه‌مان بێت لە قۆناغە جیاکانی خەبات و تێکۆشانی ئاشتیخوازانەیدا. خواستە ڕەوا و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە عێراقی فیدراڵدا مافی سروشتی و دادپەروەرانەی خۆیەتی. عێراقێکی سەقامگیر و گەلێکی خۆشگوزەران زادەی سیستمێکی تەندروستی دیموکراسی و فیدراڵییە کە تیایدا دەستوور ڕێزلێگیراو بێت و هاوبه‌شیى ڕاستەقینە و مافی ڕەوای هه‌موو پێکهاتەکانی تێدا فەراهەم بێت.

کوردستانیانی خۆشەویست،

حکوومەتی هەرێمی کوردستان زادەی ئیرادەی نیشتیمانیی گەلی کوردستانە به‌ هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌كانییه‌وه‌ و یەکێکە لە دەستکەوتە بەهادارەکانی ڕاپەڕین، پاراستن و پتەوکردنیشى ئەرک و بەرپرسیارییه‌تیی سەرجەم لایەن و چین و توێژەکانی گەلەکەمانە. ئەم ئەرکە ئه‌مڕۆ لە هەر کاتێک زیاتر لێکگەیشتن و تەبایی و یەکڕیزیی زیاتر لە هەموو لایەنە کوردستانییەکان دەخوازێت.

دڵنیاین هیممەتی دڵسۆزانە و هەستی بەرپرسیارییه‌تیی لایەنەکان لە ئاستی ئەم ئەرکە مێژووییەدا دەبن بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین و پتەوترکردنی بنەما و پایەکانی کوردستانێکی بەهێز، وەک وەفایەک بۆ خوێنی شەهیدە قارەمانەکان و مێژووی پڕ لە قوربانی و سەروەریی گەلەکەمان و لەپێناو سەقامگیری، گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان، ژیانێکی سەربەرزانە، خۆشگوزەرانی، به‌ده‌ستهێنان و پاراستنى مافه‌كان بۆ کوردستانیان و ئایندەیەکی گەش بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستان و نەوەکانی داهاتوومان.

بەرز و شکۆدار بێت ساڵیادی ڕاپەڕینی مەزنی ئازاری ١٩٩١.
دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.


ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
٥/٣/٢٠١٩
 



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان