ئهمڕۆ پێشنجشهممه 7ی ئازاری 2019 بهڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وهزیرانی ههرێمی كوردستان به یاوهریی بهڕێزان وەزیرانی پهروهرده، تەندروستی و كاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی ههرێمی كوردستان سهردانی پارێزگای ههڵهبجهی كرد و تیایدا نەخۆشخانەیەکى تایبەت بە بریندارانی کیمیاباران و شەقامێک و کۆمەڵگەیەکى پەروەردەیی کردەوە.
بهڕێزیان لە وتاری کردنەوەی نەخۆشخانەکەدا ڕایگەیاند كه بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە، خەونی سەرۆک مام جەلال بوو و زۆر کەسی دیکەش لە کابینەکانی پێشوو و چالاكانی کۆمەڵگای مەدەنی هەوڵیان بۆ داوە و خۆشبەختانە لە کابینەی هەشتەمدا هەموو هەوڵەکان بە ئەنجام گەیشتن. باسی لەوەش کرد كه ئێستا لەهەمووكات زیاتر پرۆسەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە خێراتر بووە، بەڵام بە پارێزگابوون کارە ئاسانەکە بوو، کارە قورسەکە كه لە ئێستا بە دواوە دەست پێدەکات، چۆنییەتیی بەڕێوەبردنی پارێزگاكەیە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتیانی دەڤەرەكە بکرێت كە نەهامەتی زۆریان دیوە.
سەبارەت بە کردنەوەی نەخۆشخانەکەش بهڕێز جێگری سهرۆك وهزیران ڕایگەیاند كه هەرچەندە کردنەوەی نەخۆشخانەکە درەنگ کەوت، بەڵام هەنگاوێکی گەورەیە و هیواشی خواست ئەم نەخۆشخانەیە لە خەم و ئازارەکانی بریندارانی کیمیاباران کەم بکاتەوە و گوتی " لە پاش ئەم هەنگاوەی حکوومەت، ئێستا ئەركی كارمەندانی تەندروستییە بە باشترین شێوە چارەسەری برینداران و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بکەن و خزمەتیان بکەن ".
هەر لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای ههڵهبجه، بهڕێز قوباد تاڵەبانی شەقامی "ئامانج ڕەحیم" ی کردەوە کە وەک پێزانینێک بەرامبەر هەوڵ و خەمخۆری ناوبراو لە ئەنجومەنی وەزیران بۆ پڕۆژەکانی هەڵەبجە بە ناوییەوە کراوە.
هەروەها بهڕێز جێگری سەرۆک وهزیران کۆمەڵگەیەکی پەروەدەیی هاوچەرخی کردەوە کە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن لەخۆ دەگرێت و لەلایەن حکوومەتی کۆریای باشورەوە دروستکراوە، بهڕێزیان جیا له ئاڕاستەكردنی سوپاس و پێزانین بۆ كۆریای باشوور، ههروهها جەختی لەگرنگیی كەرتی پەروەردە كردەوە بۆ هەرێمی كوردستان و رایگەیاند "بەبێ پەروەردەیەكی باش ناكرێت باس لە حوكمڕانییەكی باش و تەندروست بكرێت".