ئهمڕۆ دووشهممه 11ى ئازارى 2019 له یادى 49 ساڵهى ڕێككهوتنى 11ى ئازاردا، ئهنجومهنى وهزیرانى ههرێمى كوردستان پهیامێكى بڵاو كردهوه، ئهمه دهقهكهیهتى:
ئەمڕۆ ٤٩ ساڵ بەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئازاری ساڵی ١٩٧٠دا لەنێوان سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و حکوومەتی ئەوساى عێراقدا تێدەپەڕێت. ئەم ڕێککەوتنە دەستکەوتێکی گرنگی شۆڕشی ئەیلوول و بەرهەمی چەندین ساڵ خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلی کوردستان بوو لەپێناو مافە ڕەواکانیدا.
ڕێککەوتننامەی یازدەی ئازار، وێڕای ئەوەی دۆکیومێنتێکی گرنگی فەرمی بوو بۆ دانپێدانانی حکوومەتی عێراق بە مافی سیاسی و ئیداری و فەرهەنگیی گەلی کوردستان و ناساندنی شۆڕشە ڕزگاریخوازەکەی، وەک خەباتێکی ڕەوای خاوەن پەیام و ئامانجی نیشتیمانیی دروست، بەڵگەی ئاشتیخوازی و لێبوردەییی گەلی کوردستان و سەرکردایەتیی شۆڕشەکەشی بوو کە هەمیشە دیالۆگ و ڕێککەوتنیان لەگەڵ حکوومەتە یەک بە دوا یەکەکانی عێراقدا بە بژاردەی سەرەکیی خۆیان داناوە.
یادکردنەوەی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئازار، ڕێزگرتنە لە مێژووی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان و خواستی ئاشتیخوازانەی بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی، هاوکات وانە و پەندێکی مێژووییی گرنگیشە بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیەی کە جگە لە بژاردەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و جێبەجێکردنی ڕاستگۆیانەی ڕێککەوتنەکان، هەر بژاردەیەکی دیکە، تەنها کارەسات و ڕووداوی نەخوازراو دەخوڵقێنێت.
هەرێمی کوردستان، لە ئاستی عێراق و لەگەڵ گەلان و وڵاتانی ناوچەکەیشدا، هەمیشە هەڵگری پەیامی لێکگەیشتن و دیالۆگی سەردەمیانە و دۆستایەتیی ڕاستگۆیانە و ڕێزگرتنی ئیرادە و بەرژەوەندیەکانی هەموو لایەکە. دڵنیاشین کە ئەم دیدگا ئاشتیخوازانەی هەرێمی کوردستان، لای هەموو لایەک بە چاوی ڕێزەوە لێی دەڕوانرێت.
لەم یادە شکۆدارەدا، لەگەڵ ناردنی پەیامی ئاشتی و دۆستایەتیی هەرێمی کوردستان و گەلەکەی بۆ سەرجەم گەلانی دۆست و وڵاتانی دراوسێ و جیهان، ڕێز و ستایش بۆ هەموو هەوڵ و لایەن و هەڵوێستی ئاشتیخوازانە و دۆستانە دەردەبڕین. بە ئومێدی ئاشتی و برایەتیی بەردەوام بۆ گەلانی ناوچەکە و هەموو جیهان.
بەرز و پیرۆز بێت یادی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئازاری ١٩٧٠.
سڵاو لە شەهیدانی ڕێگای سەرفرازی و خەباتی ئاشتیخوازانەی گەلی کوردستان.
ئهنجومهنى وهزیرانى ههرێمى كوردستان
١١/٣/٢٠١٩