حکومەتی هەرێمی كوردستان
THU, 25 APR 2024 14:00 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

قوباد تاڵەبانی: كاتێكی سەختمان تێپەڕاندو ئاماژەكانیش بەرەو باشترن

MON, 22 APR 2019 13:31 | KRG Cabinet


قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی یادی 121 ساڵەی رۆژنامەگەریی كوردی لە رۆژنامەنوسانی كوردستان كرد و دڵخۆشیی خۆی بە جموجوڵە ئابوورییەكانی كوردستان پیشان دا.

لەمیانەی لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا لە پیشانگای نێودەوڵەتیی بیناسازی لە شاری هەولێر ئەمڕۆ 22 نیسانی 2019، به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی بەبۆنەی ساڵڕۆژی رۆژنامەگەری كوردییەوە سڵاوی تایبەتی بۆ میدیاكاران و دەزگاكانیان نارد و یادی "شەهیدانی قەڵەم"ی بەرز ڕاگرت كە لەمیانەی ئەنجامدانی كاری راگەیاندن و بەهۆی پیشەكانیانەوە گیانیان لەدەست داوە یان ئەوانەی دووچاری زیانی گیانی هاتوون و برینداربوون و گوتی "لەم رۆژەدا سەری ڕێز و نەوازشیان بۆ دائەنەوێنین".

لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا به‌ڕێز تاڵەبانی داوای پەیوەندییەكی تەندروستی لەنێوان میدیا و لایەنە بەرپرس و دەسەڵاتدارەكان كرد و هیوای خواست میدیا كوردیییەكان بەردەوام بن لە پەرەپێدانی كوالێتی خۆیان و دڵخۆشیی خۆی بۆ ئەو پێشكەوتنانە ده‌ربڕی كه‌ ڕاگەیاندنی كوردی تا ئێستا بەدەستی هێناوە.

لەبارەی پێشانگاكەشەوە به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی گەشبینیی خۆی بە ئایندەی ئابووریی هەرێمی كوردستان پیشان دا و ستایشی پێشانگا نێودەوڵەتییەكەی هەولێری كرد كە تێیدا كۆمپانیای عەرەبی و بیانی و خۆماڵی نمایشی توانا و كەرەستەی خۆیان كردبوو، باسی لەوەش كرد كه‌ كوردستان قۆناغێكی سەختی تێپەڕاندووە و لەمەولا پێویستی بەڕۆڵی كەرتی تایبەت و كۆمپانیاكانە چونكە كاری ئاوەدانكردنەوە تەنها بە حكوومەت ناكرێت.

به‌ڕێزیان هەروەها ئەوەشی ڕوونكردنەوە كه‌ به‌شداریی 150 كۆمپانیا كە زیاتر لە 20 یان سعودین لە پیشانگاكه‌دا، نیشانەیەكی باش و گەشە بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی بیناسازی و دەكرێت هەرێمی كوردستان سوود لەو توانا و شارەزاییانە وەرگرێت.

به‌ڕێز جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ پردی بەهێزی نێوان حكوومەتی هەرێم و كۆمپانیاكان، یاسای وەبەرهێنان و جموجوڵی ئەم كەرتەیە و ئێستاش ئاماژەكانی ئابووریی هەرێمی كوردستان بەرەو باشترن، ئەمەش دەرگا دەكاتەوە بۆ هاتنی كۆمپانیای زیاتر چونكە نەك هەر ئەوە، بەڵكو عێراقیش بوەتە بازاڕێك بۆ كوردستان، بۆیه‌ داوای لەكۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی كوردستان كرد بیر لەوە بكەنەوە تەنها لەكوردستان نەوەستن، عێراق وەك بازاڕی خۆیان تەماشا بكەن و بەوێشەوە نەوەستن و چاویان لەوە بێت بەرهەمی خۆماڵیی كشتوكاڵی كوردستان بۆ وڵاتانی دەوروبەر هەناردە بكەن.

لەكۆتاییدا به‌ڕێزیان گوتی :"ڕۆژ دوای ڕۆژ ترس كەمتر و ئومێد زیاتر دەبن دەربارەی بازاڕی كوردستان چ بۆ خەڵكی ناوخۆ یان كۆمپانیا بیانییەكان".



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان