حکومەتی هەرێمی كوردستان
FRI, 19 APR 2024 13:05 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

خاچی سووری نێودەوڵەتی هاوكارییەكانی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان پتەوتر دەكات

MON, 22 AUG 2016 18:34 | KRG Cabinet

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 22-8-2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە خاتوو كاترینا ریتز بەرپرسی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە عێراق و بەڕێز دانیال مونۆز بەرپرسی ڕێكخراوەكە لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەریان كرد.

لە دیدارێكدا خاتوو ریتز خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و باسی لە ڕەوشی ئاڵۆزی عێراق بەگشتی و ڕۆڵ و قوربانیدانی پێشمەرگە بەرامبەر هەڕەشە و مەترسییەكانی تیرۆر كرد، هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی پێشكەش بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ ئەو هاوكاری و پەیوەندییە توندوتۆڵەی هەر لە دوای ساڵی 1991ەوە لە نێوانیاندا هەیە و ئەم جۆرە دیدارانەشی بۆ تۆكمەكردنی زیاتری پەیوەندی و هاوكارییەكان لەنێوان هەردوولادا و ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەمەڕ پرسە پەیوەندارەكان لە داهاتوودا، بە گرنگ زانی.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا پوختەیەكی دەربارەی كار و چالاكییەكانی ڕێكخراوەكەیان لە هەرێمی كوردستان و عێراق خستە ڕوو و پابەندیی لێژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتیشی بۆ كاكردن لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرجەم بوارەكاندا بەتایبەتی لە بوارەكانی مرۆیی و تەندروستیدا دووپات كردەوە. ئاشكراشی كرد كە لە پلانی ڕێكخراوەكەیاندایە سەنتەرێكی دەست و قاچی دەستكرد لە هەرێمی كوردستان دابمەزرێنن و دواتر ڕادەستی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بكەن.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و ڕۆڵ و ئەرك و ماندوبوونی لێژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە هەرێمی كوردستان كرد و جەختی لەسەر بەردەوامیی هاوكاری و پەیوەندییە توندوتۆڵەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لێژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی كردەوە. پوختەیەكیشی لەبارەی ئەو تەحەدیاتانەوە پێشكەش كرد كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە، وەك شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و هاتنی ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر و قەیرانی دارایی.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە پرۆسەی ئازادكردنەوەی شاری مووسڵ و ئاوارەبوونی ژمارەیەكی زیاتری هاووڵاتیانی ئەو شارە بۆ هەرێمی كوردستان كرا و هەردوولا هاوڕابوون ئامادەكاری بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكان بكرێت و لەم نێوەندەشدا بە پێویستیان زانی هەموو لایەنە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكان بەیەكەوە ئامادەكاری بۆ پێشوازیكردن لەو ئاوارانە و هەروەها دوای ئازادكردن، گەڕانەوەیان بۆ شوێنەكانیان و دابینكردنی پێداویستییەكانیان لە هەموو ڕوویەكەوە بكەن، چونكە هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە لە تواناكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەدەرە.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا باس لە دامەزراندنی لێژنەیەك لە هەرێمی كوردستان بۆ یاسای مرۆییی نێودەوڵەتی كرا تاكو لە نزیكەوە لەگەڵ لێژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی كار لەسەر مسۆگەركردنی زیاتری جێبەجێكردنی بنەماكانی یاسای مرۆییی نێودەوڵەتی لەكاتی جەنگ و ململانێكان بكرێت و ئەم بابەتە بخرێتە نێو خوێندنی زانكۆكان، هەروەك جەخت لەسەر پەرەپێدانی خولەكانی مەشق و ڕاهێنان كرایەوە بە هەماهەنگیی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لێژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی.