حکومەتی هەرێمی كوردستان
FRI, 19 APR 2024 08:50 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

سه‌فین دزه‌یى له‌باره‌ى لێدوانه‌كانى مه‌حموود سه‌نگاوییه‌وه‌ ده‌دوێت

WED, 24 AUG 2016 22:29 | KRG Cabinet


ده‌رباره‌ى لێدوانه‌كانى دوێنێ سێشه‌ممه‌ 23.8.2016ى به‌ڕێز مه‌حموود سه‌نگاوى، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان له‌ به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك له‌ پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانى حیزبه‌كه‌یدا، به‌ڕێز سه‌فین دزه‌یى وته‌بێژى فه‌رمیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ لێدوانێكى تایبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕى حكوومه‌ت، وێڕاى ده‌ربڕینى ڕێز و پێزانین بۆ خه‌بات و پێشمه‌رگایه‌تیى به‌ڕێز مه‌حموود سه‌نگاوى، نیگه‌رانیى خۆى نیشان دا و ڕایگه‌یاند: دڵنیاین له‌ لایه‌ن هه‌ندێ كه‌سه‌وه‌ كه‌ هه‌میشه‌ ده‌یانه‌وت پشێوى بنێنه‌وه‌، زانیاریى هه‌ڵه‌ به‌ به‌ڕێزیان دراوه‌ و له‌مباره‌یه‌وه‌ گوتى:

1-   لێدوانه‌كانى به‌ڕێز سه‌نگاوى له‌سه‌ر بنه‌ماى هه‌ندێ زانیاریى هه‌ڵه‌یه‌، كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێک كه‌سه‌وه‌ به‌ به‌ڕێزیان دراوه‌. ئه‌و كه‌سانه‌ دیارن و بۆ موزایه‌ده‌ى سیاسى، به‌رده‌وام به‌ئه‌نقه‌ست ده‌یانه‌وێت یارى به‌ سۆز و هه‌ستى خه‌ڵك بكه‌ن و پشێوى بنێنه‌وه‌.  ‌

2-   به‌ڕێزیان له‌ پێگه‌ و پله‌یه‌كى به‌رپرسیارى و له‌ ئه‌ركێكى پیرۆزى پێشمه‌رگایه‌تیدایه‌، هه‌میشه‌ ده‌توانێت داواى هه‌ر ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ حكوومه‌ت بكات و حكوومه‌تیش به‌ڕێزه‌وه‌ وه‌ڵام و ڕوونكردنه‌وه‌ى شه‌فافى بداتێ.

3-   حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام له‌ كه‌ناڵه‌ كارگێڕى و یاساییه‌كانه‌وه‌ داهات و خه‌رجییه‌كانى خۆى بۆ لایه‌ن و ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان خستووه‌ته‌ ڕوو، ئه‌و زانیاریه‌ى به‌ به‌ڕێزیان دراوه‌ گوایه‌ 28 ملیار دۆلار له‌ هه‌رێمى كوردستان براوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، هیچ بنه‌مایه‌كى نییه‌ و له‌ هه‌موو ڕاستییه‌كه‌وه‌ دووره‌.

4-   به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان 12 هه‌زار كه‌سى بۆ لایه‌نێك دانه‌مه‌زراندووه‌. له‌ سه‌ره‌تاى 2015ه‌وه‌ نزیكه‌ى 8000 فه‌رمانبه‌ر به‌پێى پێداویستییه‌كانى وه‌زاره‌ته‌كان له‌ هه‌موو ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستان دامه‌زراون و زیاتر له‌ چوار هه‌زار مامۆستاش بۆ ناوچه‌كانى گه‌رمیان، سلێمانى، هه‌ولێر و دهۆك گرێبه‌ستیان بۆ كراوه‌. هه‌ر كه‌س و لایه‌نێكیش بیه‌وێت، به‌ ئاسانى ته‌واوى ورده‌كارییه‌كانى ده‌ستده‌كه‌وێت.

5-   دابه‌شكردنى چه‌ك و هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كان بۆ پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕێگه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌ركانى پێشمه‌گه‌وه‌ به‌پێى پێداویستیى به‌ره‌كانى شه‌ڕ ئه‌نجام ده‌درێت و وڵاتانى دۆستیش كه‌ هاوكاریى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن ئاگادارى پرۆسه‌كه‌ن و هیچ جیاكارییه‌ك له‌ دابه‌شكردنى چه‌ك و هاوكارییه‌كاندا ناكرێت‌.

6-   حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دووپاتى خه‌مخۆریى خۆى بۆ دابینكردنى ژیان و بژێوى پێشمه‌رگه‌ و هه‌موو چین و توێژه‌كانى دیكه‌ ده‌كاته‌وه‌ و دڵنیایه‌ ئه‌و دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ش به‌ سه‌ركه‌وتوویى تێده‌په‌ڕێنێت كه‌ له‌ ئه‌نجامى بڕینى بودجه‌ و شه‌ڕى داعش و‌ چه‌ندین هۆكارى دیكه‌وه‌، ڕووبه‌ڕووى هه‌رێمى كوردستان بووه‌ته‌وه‌.

7-   دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌ر كاتێك به‌ڕێزیان له‌مباره‌یه‌وه‌ داواى هه‌ر زانیارییه‌ك له‌ حكوومه‌ت بكات، به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ به‌پیرییه‌وه‌ ده‌چین و هه‌موو زانیارییه‌كانى ده‌خرێته‌ به‌رده‌ست.

 



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان