حکومەتی هەرێمی كوردستان
THU, 25 APR 2024 03:11 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ شاندێكی ئەمەریكی شەڕی دژە تیرۆر و ئازادكرنەوەی مووسڵ تاوتوێ دەكات

FRI, 26 AUG 2016 15:00 | KRG Cabinet

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 26-8-2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە سیناتۆری كۆماریی ویلایەتی تێكساسی ئەمەریكا بەڕێز جۆن كۆمی و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا سیناتۆری ئەمەریكی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان و دلێری و چاونەترسیی پێشمەرگە لە تێكشكاندنی ئەفسانەی تیرۆرستان دەربڕی و سوپاس و پێزانینی ئەمەریكاشی پێشكەش بە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ پێشوازیكردن لە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر و دابینكردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆیان.

لە هەمان كاتدا باسی لە پرۆسەی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ كرد و بە پێویستی زانی كە بۆ ئەم مەبەستە هەماهەنگییەكی تەواو لە نێوان هەولێر و بەغدا و هاوپەیماناندا هەبێت و نیگەرانییەكانی خەڵكی مووسڵ و لایەنە سونییەكان بڕەوێنرێتەوە بەوەی كە مافی هەموو لایەك پارێزراو دەبێت. بەڕێزیان پاڵپشتیی خۆیشی دەربڕی بەوەی پێویستە لە كاتی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ كە پێشبینی دەكرێت ژمارەیەكی زۆرتری ئاوارە ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاریی زیاتری هەرێمی كوردستان بكات.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی و تێبینییەكانی بەڕێز سیناتۆری كۆماریی ئەمەریكی كرد و ئاماژەی بەوەدا كە هەرێمی كوردستان هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە پێشوازی لە لێقەوماوان بكات، بەڵام تواناكانی هەرێمی كوردستان سنووردارە، بۆیە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ئەمەریكا، هەوڵ بدەن هاوكاریی پێویست پێشكەش بە هەرێمی كوردستان بكەن، هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ وڵاتانی هاوپەیمان بەتایبەتی ئەمەریكا پیشان دا كە هەر لە سەرەتای هێرش و مەترسییەكانی تیرۆرستانی داعشەوە، هاوكاریی سەربازییان پێشكەش بە هەرێمی كوردستانیان كردووە.

دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقیش، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە دا كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ سەرجەم كێشەكانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات و لە ڕووی سەربازیشەوە لە داهاتوویەكی نزیكدا دیدار و كۆبوونەوە لە نێوان هەردوولادا ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی هەماهەنگییەكی زیاتر بكرێت، بەڵام پێویستە بەرچاوڕوونییەكی تەواو بۆ ڕەوشی سیاسی، ئەمنی، كۆمەڵایەتی، ئاوەدانكردنەوە و مرۆییی مووسڵ هەبێت.

ئاماژەی بەوەش دا كە پێشمەرگە توانی سەركەوتنی زۆر گەورە لە دەوروربەری مووسڵ بەدەست بهێنێت و ژمارەیەك بەرە بۆ ئازادكردنەوەی شارەكە و ئەو ناوچانەی كە لەژێر دەستی تیرۆرستانی داعشدا ماون، بكاتەوە.

تاوتوێكردنی ڕەوشی ناوچەكە بەگشتی و عێراق و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی و ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەمبارەیەوە، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.