حکومەتی هەرێمی كوردستان
TUE, 23 APR 2024 17:20 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

ئەڵمانیا ڕاستەوخۆ هاوكاریی ناوچە ڕزگاركراوەكانی دەستی داعش دەكات

THU, 29 SEP 2016 13:34 | KRG Cabinet

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-9-2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە باڵیۆز ئێگهارد برۆس نوێنەری تایبەتیی حكوومەتی ئەڵمانیا بۆ كاروباری ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا باڵیۆز برۆس خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و كورتەیەكی دەربارەی كار و ئەركەكانیان لە هەرێمی كوردستان و ئەو هاوكاریە سەرەتاییانەی حكوومەتی ئەڵمانیا ڕاستەوخۆ پێشكەشی ئەو ناوچانە دەكات كە لە دەستی تیرۆرستانی داعش ڕزگاركراون یان لە داهاتوودا ئازاد دەكرێن، كرد. مەبەست لەم كارەشیان هاندانی ئاوارەكانی دەستی تیرۆرە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان بەتایبەتی ئەو ناوچانەی كە لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە لە تیرۆر ڕزگار كراون، لەمبارەیەشەوە هەردوولا هاوڕابوون كە ئەو ناوچانە لە هەموو ڕوویەكەوە پێویستییان بە هاوكاری هەیە.

باڵیۆز برۆس باسی لە پرۆگرامی داهاتووی خۆیان كرد بەتایبەتی كە پرۆسەی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ لە دەستی تیرۆر نزیكبووەتەوە و پێشبینی دەكرێت ژمارەیەكی زیاتری خەڵكی ئەو شارە ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن، هەروەها ئاماژەی بە هەماهەنگیی نێوان خۆیان و حكوومەتی فیدرالی عێراقی كرد و هیوای خواست ئەو هەماهەنگییە لەنێوان ئەوان و حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بەهێزتر ببێت.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی ئەڵمانیای كرد بۆ هەرێمی كوردستان بەتایبەتی كە لە پرۆگرامیاندا هەیە هاوكارییە مرۆییەكان ڕاستەوخۆ بگەیەننە هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمیش بۆ سەرخستنی ئەو پرۆگرامە و پرۆگرامی داهاتوویان، ئامادەی هەموو هاوكاری و هەماهەنگییەكە، بەتایبەتی بۆ ئەو ناوچانەی لەلایەن پێشمەرگەوە لە دەستی تیرۆرستانی داعش ئازادكراون و ئاسایش تیایاندا بەرقەرارە كە زیانی زۆریان بەركەوتووە.

بەڕێزیان جەختی لەوەش كردەوە ئەو هاوكارییانەی ئەڵمانیا بارقورسیی سەر شانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كەم دەكاتەوە كە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر ڕوویان تێكردووە و خزمەتگوزاریی پێویستیان بۆ دابینكراوە و پێشبینیش دەكرێت لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ ژمارەیەكی زۆرتری ئاوارە ڕوو لە هەرێم بكەن.

هەر لە دیدارەكەدا هەردوولا بیروڕایان دەربارەی پرۆسەی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ لە دەستی تیرۆر و پێشبینی و لێكەوتەكانی ئۆپەراسیۆنەكان، ئاڵوگۆڕ كرد.